"تورکیا و ئێران لەڕێگەی بریکارەکانیانەوە دژایەتی کورد دەکەن لە عێراق"
چاودێرانی سیاسی دەلێن: "لێدوانەکانی تورکیا و ئەرشەد ساڵحی ئاماژەن، ناوچەکە لەگۆڕانکارییدایە، پێوێستە کورد هەڕەشەکان بەجدی وەربگرن".
چاودێرانی سیاسی دەلێن: "لێدوانەکانی تورکیا و ئەرشەد ساڵحی ئاماژەن، ناوچەکە لەگۆڕانکارییدایە، پێوێستە کورد هەڕەشەکان بەجدی وەربگرن".
لەماوەی ڕابردوو ئەرشەد ساڵحی لەئەكاونتی تایبەتی خۆی لەتۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر نووسیوبووی "پێشمەرگە دەگەڕێتەوە بۆ کەرکوک لەسەر بنەمای رێکكەوتنی مستەفا كازمی لەگەڵ هەولێر، بەڵام من هەرگیز رازی نەبووم و نابم بە گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ كەركوك".
هەورەها لەماوەی ڕابردووشدا لەگەڵ لایەنی عەرەبی بەهاوبەشی بەیاننامەیان دەرکرد و تێیدا گەڕانەوەی پێشمەرگەیان بۆ کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکان ڕەتکردەوە، هۆشاداریاندایە حکومەتی عێراق کە ڕێگە نەدات بە گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ ئەو ناوچانە.
لەدواین لێداوانیشیدا ئەرشەد ساڵحی كاندیدی دەرچووی پەرلەمانی عێراق و سەرۆكی پێشووی بەرەی توركمانی هەڕەشەی لە بەغدا و هەولێر کرد و وتی:” هەنگاوی هەڵە مەنێن ئەگەرنا ئەو جوگرافیایە پارچە دەبێت، دەشڵێت: جوگرافیای كەركوك هی ئێمەیە و ئەمانەتی مستەفا كەمال ئەتاتوركە".
ئەرشەد ساڵحی كاندیدی دەرچوو بۆ پەرلەمانی عێراق و سەرۆكی پێشووی بەرەی توركمانی لە میانەی سەردانێكیدا بۆ شاری ساكاریای توركیا و كۆبوونەوەكانی لەگەڵ رەگەزپەرستە توركەكانی ئەو وڵاتە، هەڕەشەی لە هەردوو حكومەتی هەرێم و بەغدا كرد.
ساڵحی لە شاری ساكاریا لەلایەن رەگەزپەرستانی تورك پێشوازی لێكرا و ڕایگەیاند: بۆ ئێمە ئەنقەرە چی بێت، كەركوكیش هەمان شتە، باسی لەوەشكرد، كەركوك لەلایەن مستەفا كەمال ئەتاتوركەوە “ئەمانەتی ئەوان كراوە.
لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا، هەڕەشەی لە هەردوو حكومەتی هەرێم و بەغدا كرد و وتی: هەنگاوی هەڵەنەنێن، ئەگەر ئێوە هەر هەنگاوێكی هەڵە بنێن، ئەوا ئەو جوگرافیایە پارچە دەبێت، هەرچی دەبێت با ببێت دەبێت دەسەڵاتی بەڕێوەبردنی ئەو جوگرافیایە لەژێر دەستی ئێمەدابێت، ئەو جوگرافیایە هی ئێمەیە.
هەرزوو لێدوانەکانی ئەرشەد ساڵحی بەتۆڕە کۆمەڵایەتی و ئاژانس و سایتەکاندا ببڵاوبوویەوە و بەڵام بەرپرسانی هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق تا ئەم ساتە بێ دەنگیان هەڵبژاردووە، ئەمەش کەرکوکییەکان و بەرپرسە کوردەکانی شارەکەی نیگەران کرد.
لێدوانەکانی ئەرشەد ساڵحی دژی پێکەوەژیانی پێکهاتەکانی شارەکە بوو
مامۆستا ڕەسوڵ ڕەئوف، بەرپرسی مەڵبەندی کەرکوکی حزبی سۆسیالیستی دیموکراتی کوردستان، دەربارەی دەستێوەردانەکانی وڵاتانی هەرێمی لە کەرکوک، بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات وتی: " لە شاری کەرکوکدا ململانیەک هەیە نەک تەنها لەنیوان نەتەوەکان بەڵکو وڵاتانی هەرێمیش دەستێوەردان دەکەن لەکاروباری کەرکوک، ئەوەی لەم دوایانەش جیگای سەرنج بوو لێدوانەکانی ئەرشەد ساڵحی سەرۆکی پێشووی بەرەی تورکمانی بوو کە لێدوانەکانی ڕەگەزبەرستانە بوو و دژی پێکەوەژیانی پێکهاتەکانی شارەکە بوو، لە شارەکە نەتەوە و ئاینی جیاواز بوونیان هەیە، بەڵام لە تەواوی قۆناغەکانی مێژوو تاوەکو قۆناغی ئیستاش کورد زۆرینەی شارەکەیە، مافی کوردە لەچوارچیوەی ناوچەی جوگرافی هەرێمی کوردستان بێت."
دەوڵەتێکی هەرێمی بۆتە پاڵنەر کە ئەو لێدوانانە بدات
هەروەها مامۆستا ڕەسوڵ ڕەئوف دەربارەی لێدوانەکەی بەرپرسێکی بەرەی تورکمانی وتی : " ئەرشەد ساڵحی دەڵێت "کەرکوک وەکو ئەنقەرەیە بۆ ئێمە، و ئەمانەتی ئەتاتورکە" ئەم قسانەش لە کاتێکدایە کە بەرەی تورکمانی لەکۆی ١٢ کورسی پەرلمانی عیراق تەنها یەک کورسی لە شارەکە بەدەستهێناوە کە ناکاتە١٠٪ی شارەکە، ئەرشەد ساڵحی بە پشتیوانی دەوڵەتێکی هەرێمی درواسێ ئەو لێدوانانە دەدات."
هەماهەنگیەکی هەیە لەنێوان تورکیا و ئیدارەی کەرکوک
لە ساڵانی ڕابردوودا باڵیوزی تورکیا سەردانی کەرکوکی کرد و بازارێکی بەناوی عوسمانی کردەوە و ناوەکەی کردە ناوێکی عوسمانی و دەبینین هەماهەنگیەکی هەیە لەنیوان تورکیا ئیدارەی شارەکە، بەردەوامیش بەرپرسانی تورک کە دێنە شارەکە باس لە سەردەمی فەرمانراوی عوسمانی دەکەن و هەوڵدەدەن مێژووی شارەکە بگەرێننەوە بۆ سەردەمی عوسمانیەکان."
دەگەرێتەوە بۆ لاوازبوونی حکومەتی هەریمی کوردستان
هەروەها سەبارەت بە داژیەتیکردنی عەرەب و تورکمانەکان بۆ گەڕانەوەی هێزی پێشمەرگە بۆ کەرکوک، مامۆستا ڕەسوڵ ڕەئوف وتی: " لەشەری داعش زۆربەی ڕێژەی شەهید لەناوچەی کەرکوک بوو کە پێشمەرگە کەرکوکی بە تەواوی و بێ جیاوازی دەپاراست، کاتێک پێشمەرگە بەرگری لەم شارە دەکرد دژی داعش، تەواوی ئەو لایەنانە بێ دەنگبوون کە ئەمرۆ دژایەتی گەڕانەوەی پێشمەرگە دەکەن، ئەم دژایەتیکردنەی گەڕانەوەی پێشمەرگە لە لایەن عەرەب و تورکمانەکان دەگەرێتەوە بۆ لاوازبوونی حکومەتی هەریمی کوردستان، ئەم لێدوانانەش خزمەت بە پێکەوەژیانی نەتەوەکانی شارەکە ناکات، تەواوی ئەم لێدوانانەش لەپێناو بەرژەوەندی ولاتانی هەرێمییە، لە واقعی شاری کەرکوک پێکەوەژیان هەیە، بۆیە هیچ کاتێک ئەو لێدوانانە خزمەت بە نەتەوەکانی شارەکە ناکات."
ئەکەر ئەم لیدوانانە پێشتر تەنها قسەبووبن لەئیستادا هەنگاوی جدی هەیە
دەربارەی بێ دەنگی هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان لە بەرامبەر ئەو لێدوانانەی کە شاری کەرکوک بە شارێکی وڵاتێکی دیکە دادەنێن، ئەو بەرپرسەی حزبی سۆسیالیست لە شاری کەرکوک دەشڵێت، " حکومەتی عێراق بەشێکە لە لاوازکردنی دەسەڵاتی حکومەتی کوردی لە کەرکوک بۆ ئەوەی خۆی شوێنی بگرێتەوە، بەڵام پێویست بوو لەسەر حکومەتی هەرێمی کوردستان بەجدی بێتە سەر خەت، چونکە ئەکەر ئەم لیدوانانە پێشتر تەنها قسەبووبن، لەئیستادا هەنگاوی جدی هەیە، لەئیستادا لەتەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست گۆڕانکارییەک بەڕێوەیە کە لەوانەیە شوێن پێی ئەو وڵاتە زڵهێزانەی لەناوچەکە هەن بەشیوەیکی دیکە ڕەنگبداتەوە، بۆیە زۆر گرنگە حکومەتی هەریمی کوردستان لە خوڵی داهاتووی پێکهینانی حکومەت کار لسەر جێبەجێکردنی مادەی ١٤٠ بکات و دۆخی شارەکە بۆ دۆخی ئاسایی بگەرێنێتەوە."
لێدوانەکانی خڵوسی ئاکار تەنها لێدوان نین بەڵکو ئاماژەن
سەبارەت بە بێدەنگی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبەرامبەر قسەکانی خڵوسی ئاکار ، وەزیری بەرگری تورکیا کە دەلێت"هیچ جوگرافیایەک نیە بەناو کوردستان"، مامۆستا ڕەسوڵ ڕەئوف ڕایگەیاند، "پێویست بوو حکومەتی هەرێم وەڵامی تورکیای بدایاتەوە کە ئەو شوێنە کۆێیە کە تورکیا کۆنسوڵخانەی تێدا کردووەتەوە و ساڵانە بە ملیارەها دۆلار قازنجی دەستدەکەوێت لە بازرگانی و نەوتەکەی، زۆر بەداخەوە کە وەزیری دەرەوەی عێراق کە کوردە بێ دەنگ بوو لەبەرامبەر قسەکانی خڵوسی ئاکار، ئەو لێدوانانەی تورکیا تەنها لێدوان نین بەڵکو ئاماژەن بۆ دەستبەسەرگرتنی ئەم ناوچانە."
بوونی پێشمەرگە لەناوچە جێناکۆکەکان، مافێکی دەستورییە
هێمن حەسیبی چاودێری سیاسیش، سەبارەت بەڕەتکردنەوەی لایەنی عەرەبی و تورکمانی بۆ گەڕانەوەی پێشمەرگە، بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات وتی: " بوونی پێشمەرگە لەناوچە جێناکۆکەکان، مافێکی دەستورییە، چونکە بەپی دەستوری عیراق، ئەو ناوچانە پێویستە بەهاوبەشی نێوان هێزی عیراقی و پێشمەرگە بەڕێوەبدرێت و دژایەتی عەرەب و تورکمانەکان بۆ گەڕانەوەی پێشمەرگە شتێکی نوێ نیە بەڵکو بۆ جوڵاندنی هەستی ڕەگەزپەرستی و تەنەوەیییە، لە ساڵی ٢٠٠٣وە پێشمەرگە لەو ناوچانە هەن و تاوەکو کۆتایی ساڵی ٢٠١٧ کە پێشمەرگە شەری داعشی دەکرد ئەو کەسانە دەنگیان نەبوو، بەڵام ئیستا بۆ جوڵاندنی هەستی نەتەوەیی و ڕەگەزپەرستی شەقامی خۆیان ئەو لێدوانانە دەدەن."
تورکیا و ئێران لەڕێگەی بریکارەکانیانەوە دژایەتی کورد دەکەن لە عێراق
هەروەها دەربارەی دەستێوەردانەکانی وڵاتانی هەرێمی لە عێراق، هێمن حەسیب چاودێری سیاسی ڕایگەیاند: " بەڕوونی دەستێوەردانەکانی تورکیا و ئێران لە عێراق دیارن، ئەم دوو وڵاتە هەرێمییە لە ڕێگەی بریکارەکانیانەوە لە عێراق شەری کورد دەکەن، لەئیستادا باس لە بڕیاری گەڕانەوەی هێزی پێشمەرگە دەکرێت بۆ ناوچە جێناکۆکەکان، بەڵام لەڕاستیدا بەهۆی دەستێوەردانەکانی تورکیا و ئێران حکومەتی عێراق هیچ دەسەڵاتێکی نیە بۆ گەڕانەوەی پێشمەرگە."
پێویست بوو داواکاری گشتی عێراق سکاڵا لەسەر ئەرشەد ساڵحی تۆماربکات
سەبارەت بە لێدوانەکانی ئەرشەد ساڵحی، ئەو چاودێرە سیاسیە ئاماژەی بەوە کرد: " لیدوانەکانی ئەرشەد ساڵحی زۆر شۆڤێنیە و هەڕەشەیە بۆسەر سەروەری عێراق، زۆرجار لایەنی عەرەب و تورکمان لەدژی کورد باس لە پاراستنی سەرەوەری عێراق و دەرکردنی هێزەکانی وەکو پەکەکە دەکەن، بەڵام خودی ئەو لایەنانە بە لێدوانەکانیان سەروەری عێراقیان پێشێل کردووە، عێراق وڵاتێکی دامەزراوەیی نیە ئەگەر نا دەبوو هەر ئەو رۆژە داواکاری گشتی عێراق سکاڵا لەسەر ئەرشەد ساڵحی تۆماربکات ، چونکە لێدوانەکانی پێشێلکردنی سەروەری عێراقە."
ناوچەکە لەگۆڕانکارییدایە پێوێستە کورد هەڕەشەکان بەجدی وەربگرێت
لەکۆتایدا هێمن حەسیب چاودێری سیاسی، سەبارەت بە جدیبوونی هەڕەشەکانی تورکیا بۆ داگیرکردنی باشور و ناوچە جێناکۆکەکان وتی: "ئەردۆغان چەندین جارە دەڵێت، بەیانیەک هەڵدەستن و دەبینن ئێمە لە کەرکوک و شەنگالین، پێم وایە ئەم هەڕەشانە زۆر جدین، چونکە تەنها هەرەشە نین بەڵکو ئاماژەن، بۆیە پێویستە زۆر بەسادەیی ئەم هەڕەشانە وەرنەگیرێن، چونکە زۆر جدین و ناوچەکە لەگۆڕانکارییدایە، ئەو گۆڕانکارییانەی کە ڕوودەدەن وەکو پەیمانی (لۆزان و سایکس بیکۆ) بۆ ماوەی ٥٠ یان ١٠٠ساڵ دەبێت، بۆیە کورد دەبێت وریابیت لە هەر دەستێوەردانێکی سیاسی و سەربازی."
ف.ق