فستیڤاڵی'رۆژێکی هونەری' بۆ منداڵانی کەرکوک سازکرا
بەبۆنەی رۆژی جیهانی منداڵان، لەژیرناونیشانی 'رۆژێکی هونەری شاری کەرکوک' فستیڤاڵی هونەری تایبەت بە منداڵان سازکرا.
بەبۆنەی رۆژی جیهانی منداڵان، لەژیرناونیشانی 'رۆژێکی هونەری شاری کەرکوک' فستیڤاڵی هونەری تایبەت بە منداڵان سازکرا.
ئێوارەی دوێنێ لە سەنتەری رۆشنبیری شاری کەرکوکی باشوری کوردستان، لەژیرناونیشانی (رۆژێکی هونەری شاری کەرکوک) زنجیرەیەک کار و چالاکی هونەری تایبەت بە منداڵان پێشکەش کرا لە چوارچێوەی فستیڤاڵێکی هونەری تایبەت بە رۆژی جیهانی منداڵان.
فستیڤاڵە هونەرییەکە لەلایەن چەندین ڕێکخراو و گروپەوە ڕێکخراوبوو، کە تیدا هەستان بە سازکردنی رۆژێکی هونەری بەبۆنەی رۆژی جیهانی منداڵان و کردنەوەی پێشانگایەکی شیوەکاری بۆ هونەرمەندانی شێوەکاری شاری کەرکوک، هەروەها نمایشکردنی شانۆگەری منداڵان و پێشکەش کردنی دیاری بەسەر منداڵان، هەروەها لە چالاکییەکەدا چەندین گۆرانی لەلایەن سەندیگای هونەرمەندانەوە پێشکەش کرا وە لەنیوانیشیاندا گروپی میوزیکی میزوپۆتامیا،
جێگای باسە لە فستیڤاڵەکەدا هەزاران کەس لە هونەرمەندان و چالاکوان و نوێنەری ڕێکخراو و سەندیکا هونەرییەکان بەشداربوون، هەروەها ژمارەیەکی زۆر لە ژنانی گەنجی شێوەکار بە نمایش کردنی بەرهەمە هونەرییەکانیان بەشداربوون.
منداڵ ژێرخانی بنیادنانی کۆمەڵگایە
نادیە عەزاوی هونەرمەندێکی شیوەکارە کە بە چەندین تابلۆ بەشداری فستیڤاڵەکەی کردبوو، نادیە بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات ووتی: "سەرەتا دەستخۆشی لە ڕێکخەرانی ئەم فستیڤاڵە ئەکەم کە بەبۆنەی رۆژی جیهانی منداڵانەوە سازکراوە، منداڵ ژێرخانی بنیادنانی کۆمەڵگایە بۆیە لەپێناو بنیادنانی کۆمەڵگایەکی تەندروست سەرەتا دەبێت منداڵێکی تەندروست پەروەردە بکەین و گرنگی بە منداڵ بدەیت لەلایەنی فێربوون و پەروەردە، بەم شێوەیە سوودی بۆ تەواوی کۆمەڵگا دەبێت".
تابلۆکانم بەرجەستە لە کەلەپوری کوردەواری و ژنانی کورد دەکات
هەروەها سەبارەت بە بەشداری کردنی بەکارە هونەرییەکانی، نادیە عەزاوی ژنە شێوەکار بۆ ئاژانسی هەواڵ فورات ووتی: "منیش لەم فستیڤاڵەدا بە سێ کاری هونەری بەشداریم کردووە کە تابلۆکانم تایبەتە بە کەلەپوری کوردەواری کە بەرجەستە لە ژنانی کورد دەکات، لە تابلۆکانم تیشکم کردۆتە سەر جل و بەرگی ژنی کورد، هەروەها وێنەی جوانی سروشتی کوردستانم کێشاوە و یەکێک لە تابلۆکانم بەرجەستە لە پێکەوەژیانی شارەکە دەکات وەکو پەیامێک بۆ جیهان لەسەر پێکەوەژیانی نێوان پێکهاتەکانی شاری کەرکوک".
ئامانج لەم فسیتیڤاڵە هونەرییە دڵخۆشکردنی دڵی منداڵانی شارەکەیە
هەروەها ڕێبەند حوسێن گەنجێکی شارەکەیە کە بەشداری فستیڤاڵەکەی کردبوو، بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات بەم شێوەیە دەربارەی ڤستیڤاڵەکە دوا: "ئێمە وەکو هاووڵاتیانی شاری کەرکوک ئەمرۆ بەشداریمان کرد لەم ئاهەنگە خنجیلانەیەی کە بۆ منداڵانی شاری کەرکوک ئامادەکرابوو، وە لەم فستیڤاڵە هونەرییەدا چەندین ڕێکخراو و گروپ لەپێناو پیرۆزکردنی ئەم یادە لە منداڵانی شارەکە بە بەرهەمە هونەرییەکانیان بەشدارییان لەم فستیڤاڵە کردووە، لە چالاکییەکەدا ژمارەیەکی زۆر لە کاری هونەری وەکو شێوەکاری، شانۆی منداڵان، گۆرانی و کاری دەستی پێشکەش کران، وە ئامانج لەم فسیتیڤاڵە هونەرییەدا دڵخۆشکردنی دڵی منداڵانی شاری کەرکوکە کە یادی رۆژی جیهانی منداڵان بەرزڕابگیرێت".
لێرەدا منداڵان دەتوانن توانا و بەهرەکانیان نمایش بکەن
لەلای خۆیەوە لارا کەرکوکی کە یەکێکە لە ڕێکخەرانی فستیڤاڵەکە، بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات ووتی: "من وەکو یەکێک لە ڕێکخەرانی ئەم فستیڤاڵی هونەرییە ئەتوانم بلێم خۆشحاڵین کە توانیمان فستیڤاڵێکی هونەری جوان ساز بکەین بۆ منداڵان و هاووڵاتیانی شاری کەرکوک، لێرەوە پیرۆزبایی لە تەواوی منداڵانی جیهان دەکەم بەتایبەتی منداڵانی کوردستان، ئەم فستیڤاڵە پێکهاتووە لە چەندین بەش و بڕگەی وەکو شێوەکاری، شانۆگەری تایبەت بە منداڵان، پێشکەشکردنی دیاری بۆ منداڵان، کێشانی وێنە لەسەر دەموچاوی منداڵان، هەروەها ژمارەیەک نمایشی گۆرانی و میوزیکیش لەم فستیڤاڵە پێشکەش کران، ئەم فستیڤاڵەش زۆر گرنگە چونکە لێرەدا منداڵان دەتوانن توانا و بەهرەکانیان نمایش بکەن و تێکەڵ بە منداڵانی دیکە ببن".
هـ . ب