ڕوفاتی ١٠٤ قوربانی کوردانی ئێزدی لە گوندی کۆچۆ بەخاک سپێردران

بە مەراسیمێکی جەماوەریی ڕوفاتی ١٠٤ قوربانی کوردانی ئێزدی لە گوندی کۆچۆ بەخاک سپێردران.

ڕۆژی ٤ی ئەم مانگە، لە شاری بەغدا بە بەشداری سەرکردە عێراقییەکان مەراسیمێک بۆ ڕوفاتی ١٠٤ هاوڵاتی ئێزدی بەڕێوەچوو، کە لە گۆڕە بەکۆمەڵەکانی شەنگالدا دەرهێنرابوونەوە، ئەمڕۆ دوای پشکنینی دی ئێن ئەی و ناسینەوەیان ڕوفاتەکان گەڕێنرانەوە شەنگال.

ئێوارەی ئەمڕۆ بە بەشداری جەماوەرێکی زۆری لە شەنگال و نوێنەرانی ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەریی، پادێ، تاژێ و ڕیکخراوەکانی شەنگال و چەندین بەرپرسی عێراق، لە گوندی کۆچۆ مەراسیمی بە خاکسپاردنی ڕوفاتی ئەو ١٠٤ هاوڵاتییە ئێزدییە بەڕێوەچوو.

لە کاتی پرسەکەدا بەڕێوەبەران و نوێنەرانی دەزگاکانی شەنگال قسەیان بۆ ڕۆژنیوز کرد، لە سەرەتادا نەعەم ئەلیاس، ئەندامی ئەنجومەنی تاژێ، لەبارەی شەهیدانی فەرمانی ٧٣یەمەوە وتی: “سەری ڕێز و نەوازش بۆ هەموو شەهیدانی فەرمانی ٧٣یەم دادەنەوێنین، ئەوانەی لەسەر ئەم خاکە شەهید بوون، بە ڕۆحی خۆیان شاد دەبن ئێمە هەرگیز ئەوان لەبیر ناکەین ئەو هێزانەی لە فەرمانی ٧٣یەمیندا ئێمەیان پاراست، سوپاسیان دەکەین، جارێکی دیکە ئەو کەسانە شەرمەزار دەکەین کە لە پشتمانەوە ڕادەکەن، ئێمە هەرگیز ئەو خیانەتە لەبیر ناکەین پێش فەرمانەکە لێرە هێزێک هەبوو، بەڵام کاتێک فەرمانەکە هات پشتیان لە ئێمە کرد و تەنانەت چەکەکانیان لەئێمەش وەرگرت ئەو هێزانە پێشمەرگەی پەدەکە بوون”.

حاجی شەمۆ، یەکێک لە بەتەمەنەکانی ئێزدی، ئەوەی خستەڕوو، کە ئەوان ئەمڕۆ زۆر خەمبارن، چونکە ماڵئاوایی لە ١٠٤ شەهیدی فەرمانەکە دەکەن وتیشی، “تا کۆتایی بە شوێن پێی شەهیدەکانماندا دەڕۆین”.

هەروەها، هەمشێ عەلی، ئەندامی ئەنجومەنی خانەسۆر، سوپاسی ئەو کەسانەی کرد، کە ئامادەی مەراسیمەکە بوون و وتی: ئەگەر لە بڕیاری ٧٣یەمیندا خیانەتێکی گەورە لەسەرئێمە نەکرابایە، بێگومان ئێستا ئەم شەهیدانە لەگەڵماندا دەژیان ئەم خیانەتە بە دەستی ماڵی بارزانی و چەتەکانی داعشی ئەردۆغان بوو، ئەگەر ئێمە پێش فەرمانێکی لەو جۆرە مەشقمان پێ بکرابایە، کەس نەیدەتوانی ئەم فەرمانە ڕەشەمان بەسەردا بهێنێت، بۆیە جارێکی دیکە سەری ڕێز و نەوازش بۆ یادی هەموو قوربانیانی فەرمانەکە دادەنوێنین و لە بیریان ناکەین”.

تا ئێستا ١٨ گۆڕی بەکۆمەڵ لە گوندەکە دۆزراونەتەوە کە ٤٠٧ ڕوفاتیان تێدا بووە، لەگەڵ بێسەروشوێنکردنی ٩٠٠ کەسی دیکە، لەکاتێکدا هێشتا ٦٦٣ کەسیان ئازاد کراون و ئەوانی دیکە چارەنوسیان نادیارە.

پاش شەش ساڵ لە تاوانەکە، توانراوە بە هەوڵی ڕێکخراوە نێودەوڵەتیەکان و حکومەتی بەغدا، ناسنامەی ١٠٤ ئێزدی گوندەکە بناسرێتەوە، ئەمڕۆش لە گۆڕەپانێکی گوندەکە ڕوفاتەکان لە ١٠٤ گۆڕی جیادا بەخاکسپێردران.

لە ٣ی ئابی ٢٠١٤، بەهۆی کشانەوەی هێزەکانی پەدەکە لە ناوچەکە، شەنگال کەوتە بەر هێرشی چەتەکانی داعش و بە هەزاران ئێزدیی کۆمەڵکوژ کران، زیاتر لە پێنج هەزار ئێزدیش بێسەروشوێن کران کە زۆربەیان ژن بوون، تا ئێستاش چارەنووسی دوو هەزار و ٨٦٩یان نادیارە.

ف.ق