'وەک چۆن تائێستا دوژمنمان وەستاندووە، لەئێستا بەدواوەش سەردەکەوین'

ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەری پەکەکە موراد قەرەیلان رایگەیاند، لەسەردەمی نوێدا بە دیموکراسی و ئازادییەوە تێکۆشانی مافی سروشتی گەل گەشتر دەبێت و وتی، "وەک چۆن تائێستا دوژمنمان وەستاندووە، لەئێستا بەدواوەش سەردەکەوین".

موراد قەرەیلان بەشداری 'بەرنامەی تایبەت'ی ستێرک تیڤی کرد، هەڵمەتی ١ی حوزەیران، گەمارۆی سەر مەخمور و هەڵبژاردنەکانی تورکیای هەڵسەنگاند.

چاوپێکەوتنەکەی قەرەیلان بەم جۆرەیە:

دەتوانن باس لە واتا و گرنگی هەڵمەتی ١ی حوزەیران بکەن؟

بەر لە هەموو شت هەڵمەتی یەکی حوزەیران لە رێبەر ئاپۆ، گەلانی کوردستان هەرهەموویان، دۆستانی گەلی کوردستان، هاوڕێیان، خەباتکاران، گەریلاکانی ئازادیی کوردستان هەر هەموویان، شەڕڤانان پیرۆز دەکەم. شەهیدانی هەڵمەتی ١ی حوزەیران لە ئەرداڵ، عادڵ و نوداکان تا فازڵ بۆتان، عەگید جڤیان، دەلال ئامەد، یاشار بۆتان و لەیلا ئامەدەکان هەر هەموویان بەرێزەوە یاد دەکەمەوە، بەژنی خۆم بە رێزەوە لەبەرامبەر یادی ئەوان دادەنەوێنم. بەڵێنی هاوڕێیەتی کە بەوانمان داوە جارێکیتر دوبارە دەکەمەوە و رایدەگەیەنم کە تا کۆتایی پابەندی ئەو بەڵێنە دەبین.

هەڵمەتی ١ی حوزەیران درێژەی هەڵمەتی ١٥ی تەباخە، هەڵمەتی دووەمی ١٥ی تەباخە. ١٥ی تەباخ بەری بە لەناوبردنی گەلی کورد گرت و پرسی کوردی خستە سەر مێزی چارەسەری. بەڵام لە بەرامبەر ئەوەدا پیلانگێریی نێونەتەوەیی ئەنجام درا. هەڵمەتی ١ی حوزەیران بۆ رێگریی لە زیان-خەسارەکانی پیلانگێری نێونەتەوەیی و چەسپاندنی چارەسەری پرسی کورد رۆڵێکی مێژوویی گێڕا.

وەک دەزانرێت بە ماوەیەکی کورت دوای روودانی پیلانگێڕیی نێونەتەوەیی ١٥ی شوباتی ١٩٩٩ رێبەر ئاپۆ لەگەڵ بزوتنەوە بۆ پوچەڵکردنەوەی پیلانگێڕیی نێونەتەوەیی، دانانی بناغەی چارەسەری سیاسی، رێگریی لە گێرەشێوێنی و ئاژاوەگێڕیی نوێ راگرتنی شەڕی خستەبەرباس و ئەوە لە ساڵی ١٩٩٩ مانگی ئابدا راگەیەندرا. ئەو پرۆسەیە کە مرۆڤ دەتوانێت وەک ئاگربەست ناودێری بکات ٥ ساڵ بەردەوام بوو، شەڕ راگیرا. لەم قۆناغەدا دەوڵەتی تورک سەرەتا بۆسەی لەبەردەم هەڤاڵاندا دادەنا کە دەکشانەوە، ژمارەیەک زۆر لە هەڤاڵانمان شەهیدبوون. سەرباری ئەوەش ماوەی ٥ ساڵ لەلایەن ئێمەوە چەک بەکارنەهێندرا، شەڕ نەکرا. هەروەها لە ئیمراڵی رێبەر ئاپۆ دەستی بە هەندێک هەوڵ کرد. دیداری ئەنجامدا، نەخشەرێگەی چارەسەری خستەرۆژەڤی رای گشتییەوە، نامەی بۆ کاربەدەستانی تورک نوسی؛ مەرجەکانی جێبەجێکردنی چارەسەری هێنایە ماقوڵترین ئاست. بەڵام سەرباری هەموو ئەمانەش دەوڵەتی تورک بەرەو چارەسەری هەنگاوی نەنا. بەپێچەوانەی چارەسەری رۆڵی پاکتاوکردنی پرسی کورد رادەستی حکومەتی ئاکەپە کرا کە ئەو کاتە هاتبووە دەسەڵاتەوە. خۆی لە خۆیدا ئاکەپە وەک پڕۆژەیەک بووە دەسەڵاتدار. لەبەر ئەوەس سەرۆکی ئاکەپە تەیب ئەردۆغان وتی، 'ئەگەر بیری لێنەکەیتەوە ئەو کاتە پرسی کوردیش بوونی نییە'. بەوەشەوە نەوەستا لە رێگەی هەندێک چەتەوە ویستی بزوتنەوەکەمان لە ناوەوە و دەرەوە پاکتاو بکات. لە دژی ئەو مامەڵەیە و کردارەکانی دەوڵەتی تورک هەڵمەتی ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٤ بەشێوەیەکی ناچاری کەوتە ناو بەرنامەی کاری بزوتنەوەکەمانەوە. لە سەر ئەو بنەمایە بڕیاردرا و ئەو هەڵمەتە جێبەجێ کرا.

ئامانجی ئەو هەڵمەتە ئەوەبوو کە دەوڵەتی تورک هۆشداری پێبدرێت و بهێندرێتە سەر مێز. واتە ئامانجەکە چارەسەری بوو. لەبەر ئەوەش لە چوارچێوەی پاراستنی چالاکدا هەندێک چالاکی ئەنجامدران. چالاکییەکانیش لە ئاستی پێوانێکدابوون. ئەمە ماوەیەک ئەرکێکی جێبەجێ کرد. ساڵی ٢٠٠٥ تەیب ئەردۆغان هاتە ئامەد و وتی، 'پرسی کورد بوونی هەیە؛ لەهەمان کاتدا پرسی ئێمەیە؛ ئێمە چارەسەری دەکەین'، بەم جۆرە هەندێک بەڵێنیدا. بەم شێوەیە داوایان لە ئێمەکرد کە ئاگربەست رابگەیەنین. ئاگربەستی ساڵی ٢٠٠٦ لەم چوارچێوەدا پێکهات. لە ساڵی ٢٠٠٨ دانوستانەکانی ئۆسلۆ دەستیان پێکرد؛ شاندی ئێمە و شاندی دەوڵەتی تورک لە ئۆسلۆ دیداریان سازکرد، دانوستانیان کرد. بەڵام لە رێگەی هەموو ئەوانەوە تێگەیشتین کە ئەوان دەیانەوێت قۆناغێکی لەم جۆرە بکەنە بناغەی شەڕێکی تایبەت، لە سەرووی چارەسەریەوە دەیانەوێت کات قازانج بکەن و ئێمە پاکتاو بکەن، گەلەکەمان بێ ئیرادە بکەن، واتە پێداگری لە سەر سیاسەتی نکۆڵی بکەن. ئەوەی بیندرا بەم جۆرەبوو.

لەگەڵ ئەنجامی ئەرێنی هەڵبژاردنە خۆجێییەکانی ساڵی ٢٠٠٩ ئێمە ئاگربەستمان راگەیاند. ئەو ئاگربەستە تا ساڵی ٢٠١٠ بەردەوام بوو. ئەو کاتە رێبەر ئاپۆ جارێکی دیکە هەم هۆشداری بە دەوڵەت و هەمیش بە بزوتنەوەدا کە بەم جۆرە بەڕێوەناچێت و پێرسپێکتیڤی پێشکەش کرد. لە سەر ئو بنەمایە پێرسپێکتیڤ بەم جۆرە بەرجستەبوو؛ 'ئەگەر دەوڵەت مل بە چارەسەری نەدات ئێمە بە هێزی خۆمان چارەسەر دەستەبەر دەکەین؛ بەڵام سەرباری ئەوەش ئەگەر دەوڵەت هەڵیکوتایە سەرمان ئێمە بە پێرسپێکتیڤی شەڕی گەلی شۆڕشگێر وەڵامی دەدەینەوە، چارەسەری بە بنەما دەگرین؛ رێگەی دیکە بوونی نییە'. لەو چوارچێوەدا لە ١ی حوزەیرانی ٢٠١٠دا بە شێوەی هەڵمەت قۆناغێکی نوێ دەستیپێکرد. لە راستیدا هەڵمەتی ١ی حوزەیران لە ناو خۆیدا لە دوو قۆناغ پێکدێت. قۆناغی دووەمیش زۆر گرنگە. لەبەر ئەوەی لە وەها کاتێکدا راگەیەندرا کەئێمە خۆمان چارەسەریمان خوڵقاند، کەس ناتوانێت ئیرادەی گەلەکەمان بە نەبوو دابنێت، کە وەک سەردەمی چوارەمی ستراتیژیک پێناسەکرا. لەسەر ئەو بنەمایە ئەرکی خۆی بەجێگەیاند. تێکۆشانمان لەسەر ئەو بنەمایە گەیشتە ئەم ئاستە. ئەوەتا ١٩ ساڵی تێپەڕاند. ماوەیەکی زۆر بە سەر هەڵمەتەکەدا تێپەڕبوو. لەماوەی ٨ ساڵدا دەوڵەتی تورک بە سەرکێشی ئاکەپە-مەهەپە-ئەرگەنەکۆن لە دژی ئێمە کۆنسێپتێکی نوێی شەڕێکی بەرفراوانی راگەیاند. ٨ ساڵە شەڕ دەکەن و ئەم شەڕە هێشتاش بەردەوامە. بێگومان گەلەکەمان هێز لە هەڵمەتی ١ی حوزەیرانەوە وەردەگرێت و درێژە بە بەرخودانی خۆی دەدات. ئەگەر هەڵمەتی ١ی حوزەیران لە کاتی خۆیدا ئەنجام نەدرایە، ئەوکاتە پیلانگێری نێونەتەوەیی دەگەیشتە ئەنجامەکانی، بزوتنەوەکەی ئێمەی پاکتاو دەکرد و گەلەکەمانی قڕ دەکرد. ئەگەر ئێمە ئێستا دەڵێین 'پیلانگێڕیی نێونەتەوەیی راگیرا، بێ ئەنجام بوو و تێکۆشانی ئازادی هەنگاو بە هەنگاو بەهێز بوو'، لە بنەڕەتدا رەنجی شەهیدانی قارەمان، بەرخودانی رێبەر ئاپۆ و تێکۆشان هەیە کە لە ١ی حوزەیرانەوە دەستیپێکرد و گەیشتە ئەم ئاستە. ئێمە بەم جۆرە گەیشتینە ئەم سەردەمە.

دەستکەوتە سیاسیەکانی هەڵمەتی ١ی حوزەیران دەزانرێن. لەگەڵ ئەوەشدا لە رووی سەربازییەوە ئەو هەڵمەتە چ دەستکەوتێکی ئافراند؟

وەک وتم ئەگەر هەڵمەتی ١ی حوزەیران نەبوایە ئێستا هیج شتێک نەمابوو. لەبەر ئەوەی دوژمن بێ بەزەییە، دەیەوێت ئێمە لەناو ببات، ناسنامەی گەلەکەمان لەناو ببات. هەربۆیە دەستکەوتە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکانی هەڵمەتەکە یەکجار زۆرن.

لە رووی سەربازییەوە، بەر لە هەڵمەتی ١ی حوزەیران یەکەم کۆنفڕانسی هەپەگە سازکرابوو و بڕیاری سەرلەنوێ دامەزراندنەوە درابوو. واتە یەکی حوزەیران بە پرۆژەی سەرلەنوێ دامەزراندنەوەوە پێشوازی لێکرابوو. دەزانرێت کە هەڵمەتی ١ی حوزەیران بە سەرلەنوێ دامەزراندنەوەی گەریلادا تێپەڕبوو. لەبەر ئەوەی دوای هەڵمەتەکە، نوێبوونەوەی گەریلاکانی ئازادیی کوردستان سێ جار کەوتەبەر باس. واتە گەریلا هەنگاو بە هەنگاو خۆی نوێکردەوە. بێگومان بەتایبەتی دوای ساڵی ٢٠٠٠ تەکنەلۆژیا بەردەوام پێشکەوت ئەوەش کاریگەری لە سەر شەڕ دادەنا، دەتوانم بڵێم فەرماندەیی گەریلاش کاتەکەی لە کاتی خۆیدا خوێندەوە، لەبەر ئەوەش بەردەوام نوێبوونەوەی خستە بەرنامەی کاریەوە.

ئەگەر ئێمە لە دوای ١٥ی تەباخ بە دواوە هەڵیبسەنگێنین؛ لەناو گەریلادا زۆر شت گۆڕدران. واتە لە زۆر رووەوە قوڵبوونەوە، گەورەبوون هاتە ئاراوە. بەر لە هەموو شت لە رووی ئایدۆلۆژیا-فەلسەفیەوە قووڵبوونەوە سازبوو؛ لەناو گەریلادا قووڵبوونەوە سازبوو. بە عەگیدبوون، بە زیلانبوون، واتەرۆحی گیانبازی زۆر بەرزبوو. بۆ نمونە لە بەرخودانی ئەمساڵ و پارەکەدا ئەوە بە بەرجستەیی نیشاندرا. لەناو گەریلادا رۆحێکی زۆر بەرزی گیانبازی دروستبوو. لەگەڵ ئەوەشدا پێرفۆرمانسی شەڕ و پسپۆری زۆر بەرەوپێشچوو. هەر گەریلایەک لە یەک کاتدا پسپۆڕێک و گیانبازێکە. لەسەر ئەوبنەمایە لە گۆڕەپانی شەڕ ئەو تیمەی پشت بە پسپۆڕی دەسپێرێت ئافرێندرا. ئەوە لە دژی هێرشەکانی دوژمن لە پشت بە تەکنەلۆژیا دەبەستن، نوێبوونەوە رێوشوێن بوو.

لەگەڵ ئەوەشدا گرنگترین شت شەڕی ژێر زەوی بەڕێوبرا. بێگومان ئەوەش دەرەنجامی لێکۆڵینەوە و ئامادەکاری بوو. هەر لە خۆوە نەبوو. یاخود لە ناچاریەوە نەخرایە بەرنامەی کاری ئێمەوە. نا. لەبەر ئەوەی ئامادەکاری تیۆریک و پراکتیکی ئەوە دەگەڕێتەوە بۆ ١٠ ساڵ بەر لەئێستا. لەسەر ئەو بنەمایە وەک دەزانرێت ساڵی ٢٠٢١ بەدواوە ئەم تاکتیکە شەڕی تونێل، شەڕی تیمە گەڕۆک و جوڵاو لە گۆڕەپانەکان کە پشت بە پسپۆڕی و شارەزایی دەبەستێت، بەڕێوەدەچێت.

هەروەها بە گوێرەی دەرفەتەکانی خۆیان، لە تاکتیکی جیاجیادا پسپۆڕی سازبوو. لەناو گەریلادا هێزی ئاسمانی دامەزران و ئیتر لەرێگەی هێزی ئاسمانیەوە شەڕ دەکرێت. واتە گەریلاکانی ئازادیی کوردستان وەک گەریلاکانی پێشوو-کلاسیک تەنیا لەسەر زەوی شەڕ ناکەن. لەسەر زەوی بە شێوەیەکی پسپۆڕی شەڕ دەکەن، لە ژێر زەوی شەڕ دەکەن و ئیتر لە ئاسمانیش ئاستی سەربازی بەرەوپێش دەبەن. بەم جۆرە ئاست و هێزێک بەدەستخراوە. ئەمە بۆ ئێمە لە رووی سەربازییەوە دەستکەوتی گرنگە. سەلمێندرا کە بەو رێبازانە دەتوانرێت پارێزگاری لە خاکی ئازاد بکرێت، دەتوانرێت شکست بە دوژمن بهێندرێت و بوەستێندرێت. ئەمەش لە زاپ بە روونی بیندرا. لەبەر ئەمە لە دوو ساڵی رابردوودا دوژمن لە زاپ نەیتوانی پێشڕەوی بکات. لە رووی کرداریەوە ئەمە سەلمێندرا و لە سەر ئەو بنەمایە بڕوا و متمانەیەک سازبوو.

لەناو هاوڕێیانماندا گیانی فیدایی بەم جۆرە بەهێزبوو. شەڕ بووە شەڕی گیانبازان، گەیشتە بەرزترین ئاست. ئاستی گەریلای بە دۆست و دوژمن و هەموو کەس نیشانداکە گەریلا وەها هێزێکە کە نابەزێت.

لەم ماوەیەی دواییدا شەهیدبوونی لەیلا سورخوێن راگەیەندرا. بەر لەوەش یاشار بۆتان لە دێرسیم شەهیدبوو. پێدەنێینە مانگی حوزەیران، بەگشتی بۆ شەهیدانی مانگی حوزەیران و ئەم شەهیدان دەتانەوێت چی بڵێن؟

مانگی حوزەیران مانگی شەهیدانی گیانبازە. شەهیدانی مانگی حوزەیران و هەموو شەهیدانی گیانبازمان لە کەسایەتی گوڵان، سەما و زیلانەکاندا بە بیردەهێنمەوە، بە رێزەوە بەژنی خۆم لە بەردەم یادی ئەوان دادەنەوێنم. ئەو بەڵێنەی بەوانمانداوە دووپاتی دەکەمەوە.

لەناو تێکۆشانماندا زۆر مرۆڤی ناوازە و جوان، بەنرخ و بە شکۆ سەریانهەڵدا. زۆر یەک لەوان شەهیدبوون. یەک لەوانەش هەڤاڵ لەیلا سورخوێنە کە ئێمە پێیدەڵێین لەیلا ئامەد.

سەرەتای ئاداری ١٩٩٧ بوو. بە ئەرکێک هاتبوومە هەفتانین و دەبوایە سەرلەنوێ بگەڕامایەوە بۆ بۆتان. پۆلێ هەڤاڵ بووین. ژمارەمان ٤٥ کەس بوو. بەڵام لەناوچەکە زۆر هەستیاری و قەیران هەبوون. هەروەها زانیاری هەبوو کە ئەگەری ئەوە لەئارادایە لە ئان و ساتدا دوژمن هێرش بکات. هەموان لە ئامادەباشیدابوون، دۆخێکی خۆپارێزی و ئامادەباشی هەبوو. هەروەها هەندێک رێگە داخرابوون. لەبەر ئەوە دەبوایە رێنیشاندەرێک لەگەڵماندا بهاتبایە بۆ جودی. تا دیوەکەی دیکەی چەمی هێزل لەگەڵماندا بهاتبایە. ئەو کاتە فەرماندەی ئەو هێڵە هاوڕێ رەشید سەردار بوو. هەواڵی بۆ ناردم و وتی، 'هەڤاڵێکتان بۆ دەنێرم کە بە باشی رێگەکە دەناسێت، ئەو دەتانگەیەنێتە ئەو دیو چەمەکە و جودی'. چاوەڕێی هاتنی هەڤاڵەکە بووین. سەیرم کرد هەڤاڵێکی ژنی باڵاکورت تەمەن ١٥-١٦ ساڵ دەبوو، ئەو هات. وتی لەلایەن هەڤاڵ رەشید سەردارەوە نێردراوە. . منیش وتم 'کوا ئەو هەڤاڵەی بڕیاربوو رێنیشاندەرمان بێت'. بە منی وت ' من ئەو هەڤاڵەم'. منیش ووتم 'ئێستا دەتوانیت بمانگەیەنیتە جودی؟' ئەویش وتی 'راستە'. سەرنجمدا کە بە جۆرێک قسە دەکات کە بڕوا و متمانەی بە خۆی هەیە، بۆیە وتم 'تەواو کەواتە پێشمان بکەوە' و کەوتینەڕێ.

من هەڤاڵ لەیلام بەم جۆرە ناسی. هەڤاڵ لەیلا ئەو رێگەیەی ئێمە پێیدا دەڕۆیشتین هەنگاو بە هەنگاو، بەرد بە بەرد دەیناسی. هەڵەیەکی نەکرد و بەشێوەیەکی سەرکەوتووانە ئێمەی گەیاندە لاکەی تر، دواتریش گەڕایەوە بۆ شوێنی خۆی. کاتێک لێمپرسی ئەرکی ئەو چییە، وتی فەرماندەی مانگەیە. لەناو تابوری گەڕۆکدا فەرماندەی مانگە بوو. ماوەیەکی زۆر لەو تابورەدا مایەوە و دواتریش خۆی لە خۆیدا لە نزیکەوە ناسیمان. تابوری گەڕۆک تابوری شەڕ بوو. لە کوێ هێرش هەبوایە دۆخەکە دژواریش بوایە دەچووە ئەوێ. هەڤاڵ لەیلاش لە پراتیکی ساڵانی ١٩٩٠ لە بۆتان بەشداری لە چەندین چالاکی بەرفراواندا کرد. بەشداری لە زۆر هێرشدا کرد. وەک فەرماندەیەک رۆڵی گەورەی گرتەئەستۆ. هەڤاڵێکی بەجۆرە بوو کە راستگۆ و سەمیمی بوو، زۆر لە ناخەوە بوو، دروست بوو، شکۆمەند بوو، ئەخلاقی بەهێز بوو، بەڕێزبوو، بەڵێنی نەدەشکاند، راستی بۆ خۆی بە بنەما گرتبوو، هەربۆیەش لە ناو هەموو هەڤاڵاندا خۆشەویست بوو. لە راستیدا شتێکی زۆر گرنگ بوو کە کچێکی کورد بەم جۆرە ئازایانە، بەبڕیار و نەترسانە پێشەنگایەتی دەکرد. ئەمە هونەرێکی زۆر گرنگ و شکۆمەندانەیە.

هەڤاڵ لەیلا نزیکەی ٣٠ ساڵ گەریلایەتی کرد. جگە لە چەند ساڵی سەرەتایی ئەو لە جودی، ئاگاداری هەموو پراتیکی ئەوم. وەک هەڤاڵ فازل هیچ رەخنەیەک لەو نەگیرابوو، لێپرسینەوەی لەگەڵ نەکرابوو. بۆ نمونە لەبارەی ژیانی ئەوەوە یەک رەخنەی بچووکیش نەگیرابوو. ژیانی ئەو زۆر شکۆمەندانەبوو، زۆر بەنرخ و نمونەیی بوو. وەک فریستەیەک وابوو. فریشتە چۆن بێت، ئەویش بەو جۆرە بوو. پێشتر من تەنیا لە بارەی یەک هەڤاڵەوە وتبووم 'وەک فریشتە وابوو'. ئەویش هەڤاڵ نودا کارکەر بوو. هەڤاڵ لەیلا ئامەدیش فریشتەبوو. بێگومان هەڤاڵانی ژنی پێشەنگمان هەموویان بەم جۆرەن، بەڵام لەبەر ئەوەی ئەو هەڤاڵانە لە نزیکەوە دەناسم، بەم جۆرە پێناسەیان دەکەم. ئەگینا زۆر هەڤاڵ بەم جۆرەن. واتە بە پرەنسیپ، خاوەن بنەما، چالاکی، هەڵوێستی خاکەڕایانە و لەخۆبوردووانە، بە رۆڵی خۆی لەناو ژیاندا هەڤاڵ لەیلا نمونەیی بوو.

بۆ نمونە ساڵی ٢٠١١ ئێران هێرشی کردەسەر قەندیل، لە نێوان هەڤاڵان و ئێراندا شەڕ روویدا. هەڤاڵان پێیان دەگوت شەڕی جاسوسان. ئێران هەرچییەکی کرد نەیتوانی لە دۆڵی جاسوسان تێپەڕێت. لەو شەڕەدا سێ هەڤاڵ هەبوو کە رۆڵی فەرماندەییان گێڕا. یەکیان سمکۆ، ئەویتریان فازڵ بوو. سێهەم کەسیش کە ئەوەی تەواو کرد، لە شەڕدا رۆڵی گێڕا هەڤاڵ لەیلا ئامەد بوو. هەڤاڵ لەیلا زۆر پراتیکی وەک ئەوەی هەیە. پراتیکی ئەم دواییەی بۆتان کە پێنج ساڵی لەوێ تێپەڕاند، بەهەمان شێوە گیانبازی گەورەیە. وەک ئەندامێکی کۆمیتەی ناوەندی پەکەکە، ئەندامی دەستەی فەرماندەیی هەپەگە و یەژاستار هەروەها فەرماندەی گۆڕەپانی بۆتان رەنجی گەورەی کێشا. لە کار و پێسەنگایەتیدا هێز و ئیرادەبوو. هەڤاڵێک کە جەستەی بچوک، تەمەنی گەنج بوو، بەڵام گەوهەرێک بوو؛ دڵی گەورەبوو، خاوەن بڕوابوو، خاوەن هەڵوێست بوو. تا کچی کوردی بەم جۆرە هەبن، تا ئەم بزوتنەوەیە کەسایەتی بەم جۆرە بخوڵقێنێت، ئەم گەلە کچی بەم جۆرە بە پڕەنسیپی باڵا و بە ئیرادەی تێدا هەڵکەوێت، گەلی کورد لەناو ناچێت، بەم جۆرەیە.

من هەڤاڵ یاشاریشم لە نزیکەوە دەناسی. لە بۆتان لە هۆزی زێوکییە. بنەماڵەکەی لە مەخمورە؛ بە کولتوری مەخمورەوە گەورەببوو. لەوێ خوێندبووی. لە راستیدا وەک هەڤاڵێکی گەنج بە هەڵسوکەوتی راست، پاک و بەئەخلاق پێوانێکی بەرزی هەبوو. پێشتر چووە دێرسیم و شەش ساڵ لەوێ مایەوە. دواتر هات و سێ ساڵ لە لای من وەک فەرماندەی ئاسایش مایەوە. پەروەردەی پێویستی بینی. زۆر حەزی لە دێرسیم بوو؛ ئەوینداری دێرسیم بوو. هەڤاڵ دێرسیم بۆ ئەوەی بچێتە دێرسیم تەنیا مانی لە خواردن نەگرت؛ ئەگینا هەموو شتێکی دیکەی کرد. راپۆرتی نوسی، بەردەوام پێشنیازی دەکرد و بەهەموو شێوەیەک بۆ ئەوەی بتوانێت بچێتە دێرسیم هەوڵی خستەگەڕ. بەهەرحاڵ لە کۆتاییدا چوو. لەگەڵ هەڤاڵ یەڵماز دێرسیم چوو. خۆی لە خۆیدا هەردوو هەڤاڵ دڵسۆزی یەکتر بوون. دوای ئەوەی هەڤاڵ یەڵماز شەهیدبوو، هەڤاڵ یاشار وەک فەرماندەی دێرسیم جێگەی گرتەوە.

هەڤاڵ یاشار خاوەن پرەنسیپی باڵای گیانبازی، ئازایەتی، بوێری و کەسێکی دڵپاک بوو. وەک کەسێکی خەڵکی بۆتان رۆیشت و لە دێرسیم فەرماندەیی کرد و هەر بەتەنیا ئەمە واتادارە. هەڤاڵ لەیلاش بە هەمان جۆر بوو؛ ئەویش لە بسملی ئامەدەوە هات، بەڵام لە بۆتان، لە زاگرۆسەکان فەرماندەیی کرد؛ هەڤاڵ یاشاریش لە بۆتانەوە هات و لە دێرسیم فەرماندەیی کرد، رەنجی کێشا. بە کورتی هەڤاڵێکی بەم جۆرەبوو. لەدوایین جاریشدا بە گیانبازی گەورە، بە ئازایەتی و رۆحی لەخۆبووردەیی شەڕی کرد، تێکۆشا. نەک هەر دژی دوژمن، بەڵکوو لە هەمان کاتدا دژی سەرما و زستانیش تێکۆشا. هەڤاڵیک لەگەڵ ئەو بەهۆی سەرماوە شەهیدبوو. هەڤاڵ یاشار ئەو هەڤاڵەی بە خاکسپارد. هەر ئەو کاتە بەهۆی سەرماوە قاچی ئەویش سەرمابردبوونی. بەو دۆخەشەوە لە کۆتا خاڵدا کە دوژمن گەمارۆیدابوو وەڵامی پێویستی دانەوە، دوایین فیشەکیشی بۆخۆی بەکارهێنا. قارەمانێکی بەم جۆرەبوو. شکۆی ئەو رێگەی نەدا کە خۆی رادەستی دوژمن بکات. گیانبازێکی بەم جۆرە بوو. خۆی لە خۆیدا هاوکات ئەندامێکی هێزی تایبەت بوو.

ئەم قارەمانانە هەرگیز لەبیر ناکرێن. ناویان بە پیتی زێڕین لە مێژووی گەلەکەماندا نوسراوە. گیانبازی ئەم گەلەن. تا گیانبازی بەم جۆرە هەبن، وەک وتمان، پشتی ئەم گەلە لە زەوی نادرێت. تا ئەوکاتەی گیانبازی بوێر و لەخۆبوردەی وەک یاشارەکان هەبن ئەم گەل و بزوتنەوەیە شکست ناهێنێت. ئێمە دەزانین هەموو هاوڕێیانی گەنج لە ناو ریزەکانمان بە گیانی لەیلا و یاشارەکان قووڵدەبنەوە، بۆ ئەوەی تۆڵەی ئەوان بکەنەوە و تێکۆشانی ئەوان بگەیەننە سەرکەوتن. ئێمە خاوەنداری لە یادی ئەوان دەکەین و ئەو بەڵێنە دەبەینە سەر کە بەوانمان داوە.

ئێستا زۆر گەنجی کورد بەم جۆرەن. لە ١٠ گوڵاندا رووداوێک هاتە ئاراوە. گوێم لە باوکی هاوڕێمان دیار خۆشناو (چاوان محەمەد) بوو، کە هەڤاڵیکی گەنجی خەڵکی هەولێر بوو. دەیگوت 'سەرمان بەوەوە بەرزە'. راستە، دەبێت زۆر سەریان بەوەوە بەرز بێت. هەڤاڵ دیار خۆشناو ناوی هەڤاڵ دیار غەریبی لەسەر خۆی دانابوو. بەراستیش بووە رێبوارێکی رێگای دیار غەریب. گەنجێکی قارەمان بوو. بە راستی و دروستی خۆی، بە پاکی و بێگەردی خۆی، بە ئازایەتی خۆی هەڤاڵێکی نمونەیی بوو. بەردەوام دەیویست لە دژوارترین گۆڕەپانەکاندا بێت. بەردەوام خۆی بۆ ناوچەی بەو جۆرە ئامادە دەکرد. لەسەر ئەو بنەمایە خۆی پەروەردە کرد. گەنجێک بوو کە داهاتووی هەبوو. بە داخەوە لەو کاتەیدا کە لەگەڵ هەڤاڵانیدا لە مانگە (شوێنی حەوانەوە) دانیشتبوو، کاتێک دەیویست رەختەکەی ببەستێت، هەرکە دەستیدابووە رەختەکە، پیمی نارنجۆکەکەی لە زنجیری هێلەکەی ئاڵابوو، لەبەر ئەوەش پیمەکە راکێشراوە و نارنجۆکەکە تەقیوەتەوە. لە رووداوێکی بەم جۆرەدا شەهیدببوو. چوار هەڤاڵ کەلەگەڵیدابوون برینداربوون کە برینی یەکێکیان دژوارە و ئێستا لە ژێر چارەسەریدان. واتە رووداوێکی بەم جۆرە روویدا، هاوڕێ دیار شەهیدبوو، هاوڕێیانی دیکەش برینداربوون. هیوای چاکبوونەوە بۆ هاوڕێیانی بریندار دەخوازم، سەرەخۆشیش لە بنەماڵەی هەڤاڵ دیار دەکەم. سەرەخۆشی لە خەڵکی هەولێر دەکەم، با سەریان بەو قارەمانانەوە بەرز بێت.

سوپای عێراق ماوەیەکە چواردەوری کەمپی پەنابەرانی مەخموری گرتووە. لەبەرامبەر ئەوەشدا خەڵکی مەخمور خۆڕاگری دەکەن. لەوبارەوە دەتانەوێت چی بڵێن؟

بەر لە هەموو شت لە دڵ و گیانەوە سڵاو لە خەڵکە وڵاتپارێز و لەخۆبوردووەکەمان لە مەخمور دەکەم. بە رێزەوە سڵاو لەو هەڵوێستەیان دەکەم. خەڵکەکەمان لە مەخمور لە ناو تەواوی گەلی کورددا هێما و شکۆمەندییەکن. بە هەڵوێستی وڵاتپارێزی شەرافەتمەندانەیان لە تەواوی کوردستان نمونەی بەرچاون.

راستە ئێمە راگەیاندنەوە بیستمان سەربازانی عێراق دەیانەوێت چواردەوری کەمپەکە بگرن، تەلبەندی بکەن و تاوەری سەربازی لەوێ دروستبکەن. بە وریاییەوە چاودێری دەکەین. دیارە کە عێراق لە سەر داواکاری دەوڵەتی تورک دەستی بەو جموجۆڵە کردووە. بەڵام دەبێت دەوڵەتی عێراق گەمەکانی دەوڵەتی تورک ببینێت. دەوڵەتی تورک دەیەوێت چواردەوری عێراق چۆڵ بکات، دەیەوێت عێراق بەرامبەر بە دۆستانی بوەستێنێتەوە و بەیەکیاندا بدات. دەوڵەتی تورک بە لێکدانەوەوە مامەڵە لەگەڵ عێراق دەکات، دەیەوێت حکومەتی عێراق بێشکۆ بکات، ئامانجەکانی خۆی بەسەردا بسەپێنێت، لاوازی بکات و بیخاتە ژێر کاریگەری خۆیەوە دەیانەوێت بڵێن 'ئێوە میراتی عوسمانین بۆ ئێمە'. لەم چوارچێوەدا عێراق هەڵدەسەنگێنن. بەم مێشکەوە مامەڵەی لەگەڵ دەکەن.

بۆ نمونە بەر لە ٧-٨ ساڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق بە فەرمی وتی، 'داوادەکەین دەوڵەتی تورک سەربازەکانی لە باشیک بکشێنێتەوە'، کوا، تورکیا کشایەوە؟ نا، بە پێچەوانەوە ئەوەی زیاتر کرد. لەبەر ئەوەی تورکیا نایەوێت عێراق ببێتە دەوڵەتێکی شکۆمەند و خاوەن کەسایەتی. دەیەوێت بیخاتە ژێر کۆنتڕۆڵی خۆیەوە. لەسەر عێراق و سوریا لێکدانەوەی بەم جۆرە هەیە. هەربۆیە دەبێت حکومەتی عێراق مێسکی تورکی خاوەن تێگەیشتنی ئاکەپە-مەهەپە ببینێت و نەبێتە سەربز لەبەردەستی ئەوندا. بە وتنی 'بە وتنی ئاوتان بۆ بەردەدەینەوە و ئێوەش مەخمور گەمارۆ بدەن، شەنگال چارەسەر بکەن'، داواکارییەکانی خۆیان بەسەردا دەسەپێنن. خۆی لە خۆیدا لە رێگەی گوشار و سەپاندنەوە بۆ سەر حکومەتەکانی سوریا و عێراق دەیانەوێت بگەنە ئەنجام. لەبەر ئەوە دەبێت دەوڵەتی عێراق بەرامبەر بەو کردەوانەی دەوڵەتی عێراق وشیار بێت. وەک خەڵکی مەخمور لە راگەیاندنیشدا وتیان، خەڵکەکەمان لە مەخمور کێشەیان لەگەڵ دەوڵەتی عێراق نییە.

کێ روودەکاتە مەخمور دەبێت بەر لە هەموو شتێک هێرشەکانی داعشی لەبیربێت. ئەو کاتە کێ بەرامبەر بە داعش وەستایەوە؟ تەنیا ئەو گەلە و شەڕڤانەکانی لە بەرامبەر داعشدا بوونە خاوەنی ئیرادە و سەنگەرێکی گەورە. هەولێریش و شارەکانی دیکەشیان پاراست. ئەمە شتێکی بچوک نییە. دەبێت کەس ئەمە لەبیر نەکات. هەر تەنیا ئەوە شکۆمەندی کەمپی مەخمور نیشان دەدات.

لەو بڕوایەداین کە دانوستانی نێوان دەوڵەتی عێراق و ئەنجومەنی خەڵکەکەمان لە مەخمور سەردەکەوێت، کێشەکان بە دیالۆگ چارەسەردەکەن. ئەوێ شوێنێکە کە پەنابەرانی سیاسی لەوێن. راست نییە کە وەک شوێنێکی سەربازی دابندرێت. بەڵێ ئەو کاتە هێرشیان کرایە سەر ئێمەش وەک گەریلا روومان کردە گەلەکەمان بە مەبەستی پاراستنیان، بەڵام دواتر هێزەکانمان کشاندەوە. ئێستا هێزێکی زۆر بچوکمان هەیە، پێویست بکات ئەوانیش دەکشێنینەوە. واتە بوونی چەند کەس لەوێ نابێت وەک ئەوەی دۆخی پەنابەری سیاسی گەلەکەمان دەشێوێنێت، دابندرێت. ئەگەر داوابکرێت دەتوانرێت ئەوان بکشێندرێنەوە. خۆی لە خۆیدا ژمارەیان کەمە. بۆ نمونە ئەگر دەوڵەتی عێراق  نەتەوەیەکگرتووەکان گەرەنتی بدەن کە گەلەکەمان دەپارێزن، بۆ ئێمە کێشە نییە و تەنیا یەک کەسیش لەوێ نامێنێتەوە. رێوشوێن و چارەسەر بۆ ئەوە هەیە. گەلەکەمان لەوێ گەلێکی مەدەنییە، منداڵ، ژن، بەتەمەن هەرموو کەس کاری خۆی دەکات، بە پێچەوانەی بانگەشەکانی دەوڵەتی تورک جێگەیەکی بەو جۆرە نییە کە لەوێوە هێرش بکرێتە سەر تورکیا. ئەو بانگەشەیە راست نییە. هەربۆیە لەو بڕوایەداین و چاوەڕێ دەکەین کە کێشەکانی ئەوێ بە دیالۆگ چارەسەر بکرێن.

لە تورکیا و باکووری کوردستان گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆمار بەڕێوەچوو. ئەنجامەکانی هەڵبژاردن چۆن دەکرێت شرۆڤە بکرێن؟ وەک بزوتنەوە ئەنجامەکانی هەڵبژاردن چۆن هەڵدەسەنگێنن؟

بەڵێ چاودێری هەڵبژاردنمان کرد لە تورکیا و باکووری کوردستان. بەر لە هەموو شتێک ئەوە بڵێم کە هەڵبژاردنێکی دادپەروەرانە نەبوو. لەنێوان لایەنەکاندا یەکسانی بوونی نەبوو. لایەنێک هەموو تواناکانی دەوڵەت، لە رووی میدیا و ماددییەوە بە تۆخی بەکارهێنا. هەروەها شەپۆلێکی گرتن و گوشاری پەیڕەوکرد. لە زۆر شوێنیش فرت و فێڵ-دزینی دەنگەکان ئاشکرا بوو و ئەوەش بە شێوەی جیاجیا کرا. هەربۆیە مرۆڤ ناتوانێت بڵێت کە هەڵبژاردنێکی دیموکراتیک و یەکسانە. لەبەر ئەوە ئەنجامی ئەم هەڵبژاردنە رەوا نییە. مرۆڤ ناتوانێت بڵێت کە ئەو هەڵبژاردنە رەوا و دروستە. دەسەڵاتداری ٢١ ساڵە هێز و توانای دەوڵەت بە تەواوەتی بەکاردەهێنێت، ئەوەش بە شێوەیەکی بێسنوور ئەنجام دەدا، بەوەش دەیەوێت بگاتە ئەنجام. لەبەر ئەوەش ئەمە ئەنجامێکی رەوا نییە.

دووەم، لە لای گەلەکەمانەوە ئەنجامی گرنگی ئەم هەڵبژاردنە هاتنە ئاراوە. گەلەکەمان وەک ١٤ی ئایار لە ٢٨ی ئایاریشدا هەڵوێستی خۆی نیشاندا. گەلەکەمان لایەنگری دیموکراسی و گۆڕانکارییە. لەو بابەتەدا پێداگرە و یەکگرتووە. راستە، لەوانەیە بە گوێرەی پێشوو دەنگ کەم بووەتەوە، بەڵام لەگەڵ ئەو هەموو هێرش، گرتن و هەڕەشانەش هەڵوێستێکی گرنگ نیشان دراوە. ئێمە ئێستا لێی دەڕوانین، هەندێک هەڵدەستن و لەسەر ئەوە زۆر دەدوێن، بەڵام با خۆیان لەجێی گەلەکەمان دابنێن، یان لەناو وەها کەشێکدا کار بکەن کە ئەو هەموو کەسە زیندانی کراون و هەڕەشەیان لێدەکرێت! سەرباری ئەو هەموو هێرشانە، نیشاندانی ئیرادە زۆر ئاسان نییە. دەبێت مرۆڤ ئەوە ببینێت. کاتێک هەموو ئەوانە ببیندرێت، ئەو کاتە هەڵوێستی گەلەکەمان جێگەی پیرۆزباییە، واتادارە.

تایبەتمەندی سێهەمیش ئەوەیە کە ئەردۆغان سەرباری ئەوەی کە تورکیای وێران کرد، وایکرد کە برسی بکرێت و لە هەموو لایەکەوە کارێکی کرد کە لە وڵاتەکەدا قەیران هەیە، جارێکی دیکە هەڵبژێردرایەوە؟ بۆچی؟ بە بڕوای من دەبێت ئیتر راستییەکان بە روونی بوترێن. بە رای من کاتی ئەوە هاتووە کە بوترێت 'پاشا رووتە'. رکابەری ئەردۆغان کوردێک بوو عەلەوییەک بوو. لەبەر ئەوە دەنگی نەهێنا. ئاشکرایە کە ئەو سۆسیۆلۆژیایەی لەلایەن سیستمی کۆماری تورکیاوە دروست کراوە، رێگە بە کوردێکی عەلەوی نادات ببێتە سەرۆککۆمار. راستە لەوانەیە لە ناو دەوڵەتدا هەندێک دەیانویست گۆڕانکاری بکرێت، بەڵام لێرەدا بەکارهێنانی ئەو هەموو هێزەی دەوڵەت ئەنجامی پلان و پرۆژەیەکە. سیستمی ئەم کۆمارە بە سەردەستەیی ئاکەپە-مەهەپە-ئەرگەنەکۆن سۆسیۆلۆژیایەکی ئافراندووە. ئەو سۆسیۆلۆژیا زاڵە سونە و نەژادپەرستە. بە داواکاریی ئایینپەرستی-نەژادپەرستی کە لە سەنتەزی تورک-ئیسلامەوە سەریهەڵداوە. خاڵی گرنگی سەرەکی ئەوەیە. ئەگەر بەم جۆرە نەبوایە، ئەردۆغان بەر لە ٢١ ساڵ بەڵێنیدابوو، دەیگوت من دادپەروەری دەچەسپێنم، کۆتایی بە قەدەغە دەهێنم، هەژاری لەناو دەبەم'. کوا، ئەمەی کرد؟ بەپێچەوانەوە، برسێتی لەگەڵ خۆیدا هێنا. سەرباری ئەوەش هەڵبژێردرا. بۆچی؟ لەبەر ئەوەی بە پڕۆپاگەندەیەک دەجوڵێنەوە کە بارگاوییە بە درۆ.

ئەردۆغان لەلایەکەوە بە شێوەی فەرمی پرۆپاگەندەی کرد، بەڵام بە قورسی وەک ئەوەی لەبەرامبەر ئێمە دەچێتە هەڵبژاردنەوە ئێمە خستەبەرباس؛ ویستی هەستی نەژادپەرست-نەتەوەپەرست هەڵخڕێنێت. لەسەر ئەو بنەمایە پڕۆپاگەندەی کرد. هەموو کات بەشێوەی ناڕاستەوخۆ وتی، 'من لەو بڕوایەدام کە گەلەکەمان کەسێک ناکاتە سەرۆک کۆمار کە بە گوێرەی بەهاکانی گەلەکەمان نییە'. لەلایەکەوە بەم جۆرە کاری کرد، کارەکەی بەو جۆرە رێکخست کە لەلایەکی جیاوازەوە گورزی سەرەکی لێبوەشێنێت. لە رێگەی تەریقەت و جەماعەتەکانەوە بەرفراوانترین کاری کرد. ئەوان چییان کرد؟ لە هەر ناوچەیەکی تورکیا وتیان 'دەوڵەت و ئایین دەفەوتن و لەدەست دەچن؛ با بە برسێتی بمێنمەوە بەڵام ئایینەکەم نەفەوتێت'. بەم جۆرە دەنگی جەماوەریان بە ئەردۆغان دا و نەیاندا بە کلیچدارئۆغڵو.

هێندەی دەبیندرێت کلیچدارئۆغڵو مرۆڤێکی دروستە. کەسێک کە چەندین ساڵ خزمەتی بە دەوڵەت کردووە. تەمەنی بەوە بەخشیوە. هەرگیز بەرتیلی وەرنەگرتووە، واتە شتی حەرامی نەخواردووە. کارێکی بەڕێوەبرد. لە راستیدا بە دیالۆگی خۆی زۆر لایەنی کۆکردەوە. لەو رووەوە شتێک نییە کە لەسەر کەسایەتی ئەو بوترێت. بەڵام ناسنامەی ئەو رەتکراوەتەوە. ئەمە راستیەکە. بڕوانن، رەنگە گەنجان بەمە نەزانن بەڵام بەتەمەنەکان دەزانن؛ پێشتر لەناو پارتی داد کەسێک بە ناوی کامەران ئینان هەبوو. بەردەوام لەگەڵ دەمیرەلدا بوو، یەک لە کەسایەتیە سەرەکییەکانی پارتی داد بوو. کەسێکی خەڵکی بێدلیس بوو، لە بنەماڵەیەکی ناسراوبوو. کەسوکارەکەی لەگەڵ دەولەتدابوون. کوردبوون، بەڵام نەیاندەوت کە 'ئێمە کوردین'. لە راستیدا کلیچدارئۆغڵو وتی 'من عەلەویم'. بەڵام نەیوت کە کوردە. بەڵام هەموان دەیانزانی کە ئەو کوردێکی دێرسیمە. کامەران ئینان ٧-٨ زمانی دەزانی. زانستی دیپلۆماسی خوێندبوو. هەموو جار کە حکومەتی دەمیرەل پێکدەهێنرا، ئەویش لەناو ئەنجومەنی وەزیراندابوو. چاوی لەسەر وەزارەتی دەرەوەبوو، بەڵام لە بری ئەوە بەردەوام وەزارەتی وزە و وەزارەتەکانی دیکەیان پێدەدا. بە کورتی لە سەردەمی دەمیرەلدا چەندە حکومەت پێکهێندران ئەو بەردەوام وەزیرێکی ئەو حکومەتانەبوو، بەڵام هەرگیز نەبووە وەزیری دەرەوە. چاوەڕوانیشی ئەوەبوو کە ببێتە وەزیری دەرەوە. لەبەر ئەوەی پسپۆڕی لەو بوارەدا هەبوو. بە کورتی کامەران ئینان بەر لە مردنی وتی 'یاسایەک هەیە کە لە دەستوری هەمیشەیی تورکیادا نەنوسراوە. ئەم یاسایەش بەم جۆرەیە؛ کوردێک ناتوانێت ببێتە وەزیری دەرەوە و هتد".

ئەگر کوردێک نەتوانێت ببێتە وەزیری دەرەوە کەواتە کوردێک ناتوانێت ببێتە سەرۆک کۆماریش. بەم جۆرەیە. بەڵێ رەنگە لە ئەمریکا کەسێکی رەشپێستی وەک ئۆباما ببێتە سەرۆک و ئەوە بەرەپێشچوون بوو. ئەگر لە تورکیا کلیچدارئۆغڵو هەڵبژێردرایە، ئەوە بۆ تورکیا لە ئاستی شۆڕش دا گرنگ دەبوو. بەڵام لەبەر ئەوەی سۆسیۆلۆژیا لە تورکیا وەک پڕۆژەیەک ئافرێندراوە رێگەی لێگیرا، شکستی هێنا. هۆکاری سەرەکی شکستەکەش بەم جۆرەیە.

ئێستا زۆر کەس گفتوگۆی لەسەر دەکەن، بە دەوری بابەتەکەوە دەسوڕێنەوە و دێن بەڵام کەس راستیەکە ناڵێت. راستە، رەنگە لە ژێرناوی 'تیرۆر'دا دژایەتی کوردیان خستەپێشەوە و وەک پرۆپاگەندەی ئەردۆغان لە سەر ئەو بنەمایە ئەنجامێکی لێکەوتەوە، واتە بەو جۆرە نیشان دەدرێت بەڵام لە پشت پەردەوە راستیەکە بەم جۆرە نییە. ئەوەی ئەنجامی بەدەستهێنا پرسی ئایین و ناسنامەبوو. ئەوانی دیکە ئەو شتە فەرمیانەبوون کە دەبیندرێن، بەڵام بابەتی سەرەکی کە لە رێگەی تەریقەت و جەماعەتەکان لە شەقام، لە گوندەکان، لە هەموو شوێنێک هاندرا ئەو بابەتە بوو. لەسەر ئەو بنەمایە بەسەر ئۆپۆزسیۆندا سەرکەوتن.

لەلایەکی دیکەوە کەموکوڕی دیکەش هەبوون. بێگومان پێویست نییە مرۆڤ هەر هەموویان هەڵبسەنگێنێت، بۆ نمونە؛ لە گەڕی دووەمدا ئۆپۆزسیۆن بە گوێرەی پڕۆپاگەندەی ئەردۆغان قسەکانی خۆیان گۆری. روانیان وەک ئەوەی ئاکەپە لەسەر نەتەوەپەرستی و نەژادپەرستی ئەنجام بەدەستدەهێنێت، ئەوانیش دەستیان بە بەکارهێنانی زمانی ئاکەپە کرد. واتە ئەوانیش لە دژی ئێمە، لە دژی کوردان قسەیان کرد، بەم جۆرە کەوتنە داوی ئاکەپەوە، واتە کەوتنە ژێر کاریگەری پڕۆپاگەندەی ئەوانەوە. ئەگەر قسەکانیان هەندێک بە بڕیار و بڕوا بوایە، دەکرا ئەنجامەکە بەم جۆرە نەبوایە. ئاکەپە بەردەوام پێداگری لەسەر قسەکانی کرد. درۆدەکات، ئاشکرا دەبێت کە درۆ دەکات، بەڵام دیسانیش پێداگری لەسەر ئەو درۆیانە دەکات. بۆ نمونە؛ ئەو گرتە مۆنتاژکراوە هەبوو کە دیمەنی منیان بۆخۆیان بەکارهێنا. دیمەنێک کە لەوێ بەکارهێنرا دیمەنی مەراسیمێکی بەر لە دوو ساڵ بوو. سەرباری ئەوەی ئاشکرابوو کە بە ساختەکاری ئەو دیمەنەیان بەکارهێناوە، هەرچەندە ئەردۆغان بە شێوەیەک لە شێوەکان دانیپێدانا، بەڵام تا کۆتایی خاوەندارییان لەو دیمەن و قسانەیان کرد. بەڵام جەهەپە بەم جۆرە نەجوڵایەوە، قسەکانی گۆڕی. ئەمە لەکاتێکدایە کە ئەگر لە بری ئەوە پێداگری لەسەر سیاسەتی چارەسەری، دیموکراسی، ئاشتی و ئابوری بکردایە، لە گەڕی دووەمدا دەیتوانی دەنگی باشتر بەدەستبهێنێت. بە کورتی هەڵەی بەم جۆرەشیان کرد. وەک من وتم، هەندێک کەموکوڕی جیاوازیش هەبوو، بەڵام ئەوانە سەرەکی نەبوون. ئەوەی سەرەکی رای گشتیی جەماوەری بە ناسنامە و ئەو سیستمەی دامەزراوە؛ دەنگیان بەوان نەدا، ئەوانیان رەتکردەوە. هەربۆیە کەسێک کە دەبوایە ئیتر هیچ ئەرکێک وەرنەگرێت هەڵبژێردرا و خرایە بەردەم کلیچدارئۆغڵو. گرنگترین و سەرەکیترین ئەنجامی هەڵبژاردن بەم جۆرەیە.

پارتەکامان پارتێکی هەڵبژاردن نییە. بۆ ئێمە ئەوەندە کێشەی سەرەکی نییە، بەڵام دەبێت ئەمڕۆش بێگومان ئەو سۆسیۆلۆژیایەی لە تورکیا ئافرێندراوە بە دروستی درکی پێبکرێت. خۆی لە خۆیدا یەک لە کێشەکانی جەهەپە و هەندێک لە کوردان ئەوەبوو. لەم رووەوە هەندێک مامەڵەکردنی هەڵەی کوردان هەیە. بۆ نمونە ئەگەر جەهەپە بە جیا ببوایە کاندید، دەیتوانی سەربکەوێت. لە پرسی دیاریکردنی کاندید کەموکوری هەبوو؛ ئەگەر ئەو سۆسیۆلۆژیایەی ئافرێنرابوو لەبەرچاوبگیرایە و بە دروستی خوێندنەوەی بۆبکرایە، ئەو کاتە بەرامبەر بە فاشیزم سەرکەوتن بەدەست دەهێندرا.

بە دڵنیاییەوە کاتێک لە لای خۆمانەوە هەڵیدەسەنگێنین دەبینین کە گەلەکەمان لەسەر بەڵێنی خۆیەتی، بەدوای ئازادی خۆیەوەیەتی، لایەنگری دیموکراسیە و لە پشت بزوتنەوەکەی خۆیەوەیەتی. ئەوە هێزمان پێدەبەخشێت. لەسەر ئەو بنەمایە هێز وەردەگرین و لەئێستا بەدواوە ئێمە لە ئاستێکی بەرزتردا و بەهێزتر درێژە بە تێکۆشان دەدەین. دەبێت سەرجەم لایەنگرانمان، گەلەکەمان، وڵاتپارێزان و شۆڕشگێڕانی دۆستمان لە تورکیا لەسەر ئەو بنەمایە بجوڵێنەوە. لەم ئەنجامەوە دەبێت خۆمان زیاتر بەهێز بکەین. لەبەر ئەوەی بناغەی بەهێزبوون دانراوە و دەبێت ئێمە ئەنجامی ئەوە یەکلایی بکەیەنەوە.

لە کۆتاییدا شتێک ماوە بتانەوێت بیڵێن؟

لە سەردەمی نوێدا بە دیموکراسی و ئازادییەوە تێکۆشان لەپێناو مافە سروشتییەکانی گەلەکەمان گەشتر دەبێت. بێگومان دەبێت بۆ هەموو جۆرە هێرشێک ئامادەبین، خۆی لە خۆیدا خۆشمان ئامادەکردووە. بەڵام با ئەوەش بڵێم؛ بەلای ئێمە پرسی سەرەکی چارەسەرکردنی پرسی کوردە. چارەسەرکردنی ئەو پرسەش پێویستی بە دیموکراسیە. بەردەنگی پرسی کورد حزب نییە، بەڵکوو خودی دەوڵەتە. واتە بەردەنگ و وەرگرەکەمان دەوڵەتی تورکە. هەربۆیە هیچ کێشەیەکمان نییە کە لەگەڵ پارتەکانی ناو سیستمدا دوژمنایەتی یاخود دۆستایەتی بکەین. لەبەر ئەوەی بەردەنگی ئێمە دیارە. بۆ نمونە ئەگەر ئێستا دەسەڵات بگۆڕدرابوایە، بۆ ئێمە دیسان هەمان جۆر دەبوو. لەبەر ئەوەی ئەمە سیاسەتێکی دەوڵەتە.

هەربۆیە جیاوازییەکی زۆر نابینین و تێکۆشانمان بە شێوەی بەهێزتر بەردەوام دەبێت.

بەرلە هەموو شت ئێمە بۆ هێرشەکان ئامادەین. واتە بۆ شەڕ ئامادەین. دەبێت ئەوە بە کورتی بڵێم. ویستیان سەد ساڵ بە کوشتن، کۆمەڵکوژی و بەنەبوو دانان پرسی کورد لەناو ببەن. ئاکەپە-مەهەپە-ئەرگەنەکۆن بەتایبەتی لەم هەشت ساڵەی رابردوودا بە کۆنسێپتێکی نوێ و بە هێرشی هەمەلایەنە درێژەیان بەوەدا. بەڵام نەیانتوانی بیکەن. ئەوەتا ئێمە لە هەموو شوێنێکین و سەنگەرەکانمان پارێزراون.

سەرباری ئەوەش ئەگەر بیانەوێت بە کوشتن و قڕکردن بگەنە ئەنجام، ئەو کاتە ئێمەش بۆ شەڕ ئامادەین. دەبێت گەلەکەشمان ئامادەبێت. هەڵوێستی گەلەکەمان دەریدەخات کە لە پێناو ناسنامە و دۆزی خۆی بۆ هەموو شتێک ئامادەیە. گەلەکەمان گەلێکی گیانبازە و لەم بابەتەدا ئەوەی پێویست بێت دەیکات، گیانبازی پێویست ئەنجام دەدات. ئێمە نوێنەرایەتی ئەو راستیە دەکەین.کوردستان لە تورکیا راستیەکە، گەلی کوردیش راستیەکە. هەبوونی پەکەکە و گەریلا راستیەکە. ناتوانن بە نەبوو دایبنێن و چاوی بەسەردا بنوقێنن و ناتوانن لە ناویان ببەن. ناتوانن چاو بە سەر راستی رێبەر ئاپۆ، گەریلا و کورد-کوردستاندا بنوقێنن و چاوپۆشی لێبکەن. بەم جۆرەیە. ٤٠ ساڵە دەیانەوێت لەناومان ببەن؛ هەموو ساڵێک دەڵین 'ئەمساڵ لەناویان دەبەین. ئێمە سەردەکەوین'، بەڵام هیچ شتێک ناگۆڕێت. ئەگەر مامەڵەکردنێکی ژیرانە بکرێت و گۆڕانکاری دروست بێت، ئەو کاتە رێبەر ئاپۆ لە ئیمڕاڵییە. بەر لە ٢٧ ساڵ دیداری لەگەڵ ئەنجامدرا، لە دیدارێکی پێشوودا وتبووی، ئەو دەتوانێت ئەم کێشەیە لە ماوەی هەفتەیەکدا چارەسەر بکات. واتە ئەگەر داوای چارەسەری هەبێت ئەو کاتە رێبەر ئاپۆ لەوێیە. بەڵام ئەگەر دەیانەوێت بە کوشتنی گەنجانی کورد ئەنجام بەدەست بهێنن، ئێمە رێگە بەوە نادەین و ئەوان شکست دەدەین. قوڵایی تاکتیکی و شێوازی ئافرێندراو دەریخست کە ئێمە سەردەکەوین. تا سەر بڕوامان بەوە هەیە و دەبێت گەلەکەمان و دۆستانیشمان بڕوایان بەوە هەبێت. وەک چۆن تائێستا دوژمنمان وەستاند، لە ئێستا بەدواوەش ئێمە سەردەکەوین.

لەو چوارچێوەدا بەر لە هەموو شتێک داوا لە ژنان و گەنجانی کورد دەکەم کە کاری رێکخستن بەهێز بکەن. بانگەواز ئاراستەی پیاوانی گەنج و ژنانی گەنج دەکەم کە هەم پێشەنگایەتی بۆ کۆمەڵگا بکەن، هەمیش کار و چالاکی بەهێز بکەن، رووبکەنە گۆڕەپانەکانی گەریلا. چاوەڕێی ئێوەین. دەبێت ئێمەش لەم کاتە گرنگەدالە بەرزترین ئاستدا رۆڵی خۆمان جێبەجێ بکەین. لەو بڕوایەداین کە گەنجانی کورد شایستەی ئەوەن. ئەوەتا دوژمن لەوان دەترسێت. بڕوانن لە گەڤەر، لە پرسوس و لە هەموو شوێنێک هێرشیان دەکاتە سەر و دەیانگرێت. لەبەر ئەوەی لەوان دەترسێت. بەڵام کەس ناتوانێت ئەو گەنجانە رابگرێت. ئەمەش راستیەکە، کە تا سەر بڕوامان پێیەتی. سەرکەوتن بۆ ئێمە دەبێت، سەرکەوتن بۆ هێزەکانی دیموکراسی دەبێت، سەرکەوتن بۆ گەلانی کوردستان دەبێت".

هـ . ب