یادی شێرکۆ بێکەس لەسەر گڵكۆکەی بەرزڕاگیرا
لە شاری سلێمانی بەئامادەبوونی دەیان كەس لە توێژە جیاوازەكان، بە ئەنجامدانی مەراسیمێك، یادی شاعیری گەورە شێركۆ بێكەس لەسەر گڵكۆکەی بەرزڕاگیرا.
لە شاری سلێمانی بەئامادەبوونی دەیان كەس لە توێژە جیاوازەكان، بە ئەنجامدانی مەراسیمێك، یادی شاعیری گەورە شێركۆ بێكەس لەسەر گڵكۆکەی بەرزڕاگیرا.
شاعیری ناودار شێرکۆ بێکەس، کە ڕۆژی ٤ی ئابی ٢٠١٣ بە نەخۆشی شێرپەنجە لە نەخۆشخانەی کارۆلنسکای ستۆکهۆڵمی پایتەختی سوید کۆچی دوایی کرد، لە ١٠یەمین ساڵیادی کۆچی دوایی لە شاری سلێمانی یادی بەرزڕاگیرا.
مەراسیمەکە لەپاركی ئازادی شاری سلێمانی، لەسەر گڵكۆی شاعیر، بەئامادەبوونی دەیان كەس لە چین و توێژە جیاوازەكان، لەلایەن ڕێكخراوی شار و هەماهەنگی ڕۆژنامەی كوردستانی نوێ سازکرا.
سەرەتای مەراسیمەكە بەخولەكێك وەستان دەستی پێكرد، پاشان چەند تاجە گوڵینەیەك لەسەر مەزاری شاعیر دانرا و چەند وتەیەك لەلایەن رێكخەرانی مەراسیمەکە، وەزیری ڕۆشنبیری و پارێزگاری سلێمانییەوە پێشکەشکرا.
لەگەڵ خوێندنەوەی چەند كۆپلە شیعرێكی شاعیر، ١٠ مۆم لەلایەن شاعیرانەوە داگیرسێندرا، پاشان لەلایەن هەریەك لە هونەرمەندان شنیار نەجیب و سێوە كامیلەوە چەند بەرهەمێكی گۆرانی پێشكەش كرا.
لەدرێژەی مەراسیمەكەدا، لەلایەن چەند شاعیرەوە، چەند پارچە شیعرێك پێشكەش بە ڕۆحی شێركۆ بێكەس كرا و لەكۆتایی مەراسیمەكەشدا، چەند خەڵاتێكی ڕێزلێنان بەسەر شاعیران و كەسایەتییەكاندا دابەشكرا.
ژ.ن