ئاکن: رێگەنادەین فاشیزم سەربکەوێت

هاووتەبێژی پارتی چەپی سەوز ئیبراهیم ئاکن رایگەیاند: "رێگە نادەین کە فاشیزم سەربکەوێت، لەپێناو هەڵوەشاندنەوەی رژێمی تاکەکەسی دەنگ دەدەین".

هاووتەبێژی پارتی چەپی سەوز و پەرلەمانتاری ئیزمیر ئیبراهیم ئاکن سەبارەت بە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆمار کە ٢٨ی ئایار بەڕێوەدەچێت، قسەی بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) کرد.

ئاکن باسی لەوەکرد کە ئاکەپە –مەهەپە هەموو تواناکانی دەوڵەت و سیستمی ئیدارییان بەکارهێنا و چوونە هەڵبژاردنی ١٤ی ئایارەوە و وتی، کە لە دادگا و هێزەکانی دەوڵەتەوە هەموو جۆرە گوشارێکیان بەرامبەر بە پارتی چەپی سەوز بەکارهێنا و بە تایبەتی لە کوردستان ئاسایشی هەڵبژاردن و سندووقەکانیان لەناوبرد.

'دەنگدەرانی چەپی سەوز نەیانهێشت کە ئەردۆغان هەڵبژێردرێتەوە'

ئاکن رایگەیاند کە لە سەد ساڵی دووەمدا بۆ دامەزراندنی رژێمێکی دیموکراتیک ئەرکی گەورە لەسەر شانیانە و وتی، "وەک هاوپەیمانی چەپی سەوز پەیوەست بە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی کۆمارەوە بۆ لادانی رژێمی ئەردۆغان بڕیارێکی ستراتیژیمان دا. پێداویستییەکانی ەو بڕیارەمان جێبەجێ کرد. دەنگدەرانی پارتی چەپیش پێشوازییان لەو بڕیارە ستراتیژییەکرد و خاوەندارییان لێکرد. ئیرادەی دەنگدەرانی پارتی چەپی سەوز نەیهێشت کە ئەردۆغان لە گەڕی یەکەمدا هەڵبژێردرێتەوە".

'لە ٢٨ی ئایاردا ئێمە دیکتاتۆری دەڕوخێنین'

ئاکن ئەوەی خستەڕوو کە هەڵبژاردنی گەڕی دووەم گۆڕدراوە بۆ ریفراندۆم و بەم جۆرە رایگەیاند: "بۆ سەرەتای ئەم قۆناغەی هەڵبژاردن و دوای ئەوەش ئێمە لە بری ئەوەی گفتوگۆ و مشتومڕ لەسەر ناوەکان بکەین، بەردەوام سەرنجمان بۆ سەر بنەماکان راکێشاوە و ئێستاش لە هەمان خاڵداین. یان ئێمە بە دیموکراسی، ئاشتی، خوشک و برایەتی، یەکسانی و دادپەروەرییەوە جێگەی خۆمان دەگرین، یاخود ئێمە لە بەرامبەر ئەوانە دەوەستینەوە. هەڵبژاردنی ٢٨ی ئایار بۆ یاسا و دادپەروەری گرنگە. لە ٢٨ی ئایاردا ئێمە دەچینە سەر سندووقەکان و بۆ هەڵوەشاندنەوەی دەسەڵاتداری فاشیست و دیکتاتۆر ئێمە ناهێڵین فاشیزم سەربکەوێت".

ئاکن داوای لە دەنگدەران کرد کە بچنە سەر سندووقەکان و بەم جۆرە دوا: "دەچینە سەر سندووقەکان و ئەنجامەکە یەکلایی دەکەینەوە. جاری دیکە گەیشتووینە سەرکەوتن و ئەمجارەش سەردەکەوین. لەگەڕی یەکەمدا لەبەردەم ئەردۆغاندا بووینە بەربەست و لە ١٤ی ئایاردا فاشیزممان راگرت. لە ٢٨ی ئایاردا بۆ تێکشکاندنی فاشیزم، دەنگ دەدەین. دەزانین کە بە هەڵبژاردنێک هەموو شت ناگۆڕدرێت. بەڵام بۆ گۆڕینی زۆر شت دەبێت سەرەتا هەندێک شت بگۆڕدرێن. لە ٢٨ی ئایاردا هەڵمەتی گۆڕینی زۆر شتە، ئێمە لەپێناو هەڵوەشاندنەوەی سیستمی تاکەکەسی دەنگ دەدەین. داوادەکەین کە گەلەکەمان بچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان، بۆ هەڵوەشاندنەوەی سیستمی تاکەکەسی دەنگ بدەن . سەرەتا فاشیزمی دەسەڵاتداری رادەگرین و دواتر بە شێوەیەکی بەهێزتر درێژە بە تێکۆشانی دیموکراسی دەدەین".

هـ . ب