ئامەد؛ بەئامانجگرتنی شێخ سەعید شەرمەزار کرا

پلاتفۆرمی ڕەنج و دیموکراسی ئامەد ڕایگەیاند، لەگەڵ نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنە ناوخۆییەکان، هەندێک لایەن هەوڵدەدەن قسە لەسەر بەهاکانی گەلی کوردستان بکەن و ناڕەزایی خۆیان لە بەئامانجگرتنی شێخ سەعید بە وتنی "با هەمووان سنووری خۆیان بزانن" دەربڕی.

پلاتفۆرمی ڕەنج و دیموکراسی ئامەد سەبارەت بە هێرش و سووکایەتیکردن بە شێخ سەعید کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانی لە گۆڕەپانی شێخ سەعید ئەنجامدا و ئەندامانی پلاتفۆرمەکەش تیایدا ئامادەبوون.

 بەردان ئۆزتورک هاوسەرۆکی کۆنگرەی کۆمەڵگەی دیموکراتیک (کەجەدە)، بەڕێوەبەرانی پارتی هەرێمە دیموکراتییەکان (دەبەپە) و پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی) و زۆر کەسی دیکەش بەشدارییان لە کۆنفڕانسە رۆژنامەوانییەکەدا کرد. لە کۆنفڕانسە رۆژنامەوانیەکەدا پلاکاردی "بە زمانە چەپەڵەکەتان بەرامبەر بە بەهاکانی گەلی کورد زماندرێژی مەکەن" بەرز کرایەو و دروشمی "شێخ سەعید شکۆی ئەم گەلەیە" وترانەوە.

سەرۆکی ژووری پزیشکانی ئامەدیار، ئەلیف توران، بە لێدوانێک بەبیری هێنایەوە کە گروپە ڕەگەزپەرست و شۆڤێنییەکان، لە کەسایەتی شێخ سەعید و هەڤاڵانیدا، سووکایەتییان بە بەهاکانی گەلی کورد کردووە. توران ڕوونیکردەوە کە شێخ سەعید و هەڤاڵانی تێکۆشانیان بۆ ماف و دادپەروەری کردووە و لە درێژەی قسەکانیدا وتی:"هەر بۆیە ڕووبەڕووی توڕەیی حوکمڕانانی ئەو سەردەمە بوونەتەوە و لە سێدارە دراون، وەک سەید ڕەزا و نوری دێرسیمی شکۆی گەلی کوردن، گۆڕەکانیان نادیارە. دانانی ناوی شێخ سەعید و هەڤاڵانی لە گۆڕەپانێک نیشانەی ڕێزگرتنە و هێرشی ڕەگەزپەرستانە و لێدوانەکانیان قبوڵ ناکرێت."

'باهەمووان سنووری خۆیان بزانن'

لە درێژەی قسەکانیدا توران ئاماژەی بەوەدا کە کێشە سەرەکییەکان لە تورکیا بە سیاسەتی نکۆڵیکردن و سەرکوتکردن چارەسەر ناکرێن و بەم شێوەیە درێژە بە وتارەکەی دا و وتی:"دۆخی شەڕ و ئاڵۆزییەکان بەرەو فراوانبوون دەچێت و سیاسەتی توندوتیژی زیاتر و زیاتر بە سەر گەلدا بڵاودەبێتەوە، بەڵام وەک ئەندامانی پلاتفۆرمی کرێکاری و دیموکراسی ئامەد تێکۆشان بۆ ئاشتی، یەکسانی، دادپەروەری، ئازادی، دیموکراسی و چارەسەری پرسی کورد لەم هەرێمەدا بە ڕێگەی ئاشتیانە و دیموکراسیانە دەکەین. هاوکات گرنگی بە بەهاکانی گەلی کورد دەدەین، باسی لەوەشکرد کە دەبێت هەمووان سنووری خۆیان بزانن و بە رێزەوە مامەڵە لەگەڵ بەهاکانی گەلدا بکەن."