یانزه‌هه‌مین ساڵیادی شه‌هیدبوونی سمكۆ سه‌رهڵدان

ئه‌مڕۆ یانزه‌هه‌مین ساڵیادی گیانبه‌ختكردنی فه‌رمانده‌ سمكۆ سه‌رهڵدان هێمای شكستدانی سوپای پاسداران له‌ قه‌ندیله‌.

سێی ئه‌یلولی ٢٠١١ /١٢ی خه‌رمانانی ١٣٩٠ فه‌رمانده‌ی ئه‌فسانه‌یی رۆژهه‌ڵات ماجید كاویان به‌ كۆدی رێكخراوه‌یی سمكۆ سه‌رهه‌ڵدان له‌ پرۆسه‌ی به‌رخودانی قه‌ندیل له‌ به‌رامبه‌ر هێرشه‌ دژواره‌كانی سوپای كۆلۆنیالیست له‌گه‌ڵ هاوسه‌نگه‌رانی گورزی كوشنده‌یان له‌ دوژمندا و گیانی به‌خت كرد.

هاوینی ٢٠١١ سه‌رباری ئه‌وه‌ی پارتی ژیانی ئازادی كوردستان –پژاك راگه‌یه‌نراوی شه‌ش مادده‌یی بڵاوكرده‌وه‌ و هه‌ڵوێسته‌كانی له‌ باره‌ی چاره‌سه‌ری ئاشتیانه‌ی پرسی كورد له‌ رۆژهه‌لاتی كوردستان خسته‌ڕوو، حكومه‌تی ئێران له‌ پاش یه‌ك هه‌فته‌ هێرشی تۆپخانه‌یی، هێرشی سه‌ربازی به‌ر بڵاوی بۆ سه‌ر چیاكانی قه‌ندیل ده‌ستپێكرد، كه‌ هه‌زاران سه‌رباز و به‌كرێگیراوی خۆجێییش به‌شداربوون تێیدا.

گه‌ریلاكانی هێزی پاراستنی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌و هێرشانه‌دا به‌رخودانێكی قاره‌مانانه‌یان كرد به‌ جۆرێك كۆماری ئیسلامی كه‌ زیانی قورسی له‌ شه‌ڕدا به‌ركه‌وتبوو ناچار بوو به‌ نێوه‌ندگیری هه‌ندێك لایه‌نی كوردی، ئاگربه‌ست رابگه‌یه‌نێت و په‌یماننامه‌یه‌ك واژۆ بكات.

له‌م شه‌ڕه‌دا كه‌ حیماسه‌ی قه‌ندیل ناسراوه‌، ژماره‌یه‌كی زۆر ئه‌ندامانی سوپا و به‌كرێگیراوه‌ خۆجێییه‌كان كوژران. به‌پێی خه‌مڵاندنه‌كان ژماره‌یان ٣٠٠ كه‌س بوو كه‌ به‌شێكیان فه‌رمانده‌ی سوپای پاسداران بوون. ژماره‌یه‌ك له‌ گه‌ریلاكانی هێزه‌كانی پاراستنی رۆژهه‌ڵاتی كوردستانیش گیانیان به‌خت كرد.

یه‌ك له‌ گیانبه‌ختكراوان، فه‌رمانده‌ ماجید كاویان یا سمكۆ سه‌رهڵدان بوو كه‌ به‌ر له‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ قه‌ندیل له‌ دێرسیم و ده‌ریای ره‌ش ئه‌زمونی گه‌ریلایی په‌یدا كردبوو. ئه‌و كه‌ له‌م شه‌ڕه‌دا فه‌رمانده‌یی گه‌ریلاكانی رۆژهه‌ڵاتی كوردستانی له‌ به‌ره‌ی پێشه‌وه‌ی شه‌ڕ له‌ ئه‌ستۆ گرتبوو، له‌ ١٢ی خه‌رمانانی ١٣٩٠ (٣ی ئه‌یلولی ٢٠١١) دوای تێپه‌ڕبوونی ٥٠ رۆژ به‌سه‌ر شه‌ڕه‌كه‌دا، له‌ ئه‌نجامی هێرشی تۆپخانه‌كانی ئێران له‌گه‌ڵ رۆژهات بۆتانی هاوسه‌نگه‌ری ژیانی له‌ده‌ستدا.

سومكۆ سه‌رهڵدان له‌ ساڵی ١٩٨١ له‌ شاری بانه‌ له‌دایكبوو و ساڵی ١٩٩٩ دوای پیلانگێڕی نێونه‌ته‌وه‌یی دژی رێبه‌ری گه‌لی كورد عه‌بدوڵا ئۆجالان چووبووه‌ ریزی بزوتنه‌وه‌ی ئازادی كوردستانه‌وه‌.

هێزه‌كانی سوپای پاسداران زۆرترین گورزه‌كانیان له‌ ناوچه‌كان كۆتامان و شاخی جاسوسان به‌ركه‌وتبوو كه‌ فه‌رمانده‌یی ئه‌و ناوچانه‌ له‌ ئه‌ستۆی سمكۆ سه‌رهڵدان بوون.

هـ . ب