'ئازادی جەستەیی عەبدوڵا ئۆجالان، مەرجی چەسپاندنی ئاشتی و دیموکراسییە'
هاوسەرۆکی ئامەدی دەم پارت عەباس شاهین رایگەیاندم کە حکومەت بە زۆرەملێ چارەسەرنەکردن دەسەپێنێت و وتی، مەرجی چەسپاندنی دیموکراسی لەم وڵاتە، ئازادی جەستەیی بەرێز عەبدوڵا ئۆجالانە".
هاوسەرۆکی ئامەدی دەم پارت عەباس شاهین رایگەیاندم کە حکومەت بە زۆرەملێ چارەسەرنەکردن دەسەپێنێت و وتی، مەرجی چەسپاندنی دیموکراسی لەم وڵاتە، ئازادی جەستەیی بەرێز عەبدوڵا ئۆجالانە".
گۆشەگیری لە سەر رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان ٢٥ ساڵە بەردەوامە. لە کاتێکدا حکومەت سیاسەتی گۆشەگیری توندتر دەکاتەوە، هەم زیندانیانی سیاسی لە زیندان و هەمیش گەل پێداگرن لە سەر تێکشکاندنی گۆشەگیری.
هاوسەرۆکی ئامەدی دەم پارتی عەباس شاهین سەبارەت بە گۆشەگیری و لێکەوتەکانی قسەی بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) کرد. شاهین ئەوەی خستەڕوو کە گەلی کورد ٥٠ ساڵە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان تێدەکۆشێت و بەم جۆرە بەردەوام بوو: "بنەمای داڕشتنی لۆژیکی نەتەوە-دەوڵەتی ١٠٠ ساڵە پشتگوێخستن و پەراوێزخستنی هەموو ئەوانەی دیکە و لەناوبردنی کەمینەکان بووە. سەرەتا لە دژی گەلی ئەرمەن و دواتریش لەسەر کوردەکان دەستی بە جێبەجێکردنی ئەو کردەوەیە کرد. لەبەرامبەر کوردەکاندا سیاسەتی سڕینەوە و نکۆڵی بەڕێوەدەچێت. کاتێک لە گەلانی ئاناتۆلی و میزۆپۆتامیا دەڕوانین، هەبوونی ناسنامە و ئایینی جیاجیا وەک دەوڵەمەندیەک دەبینرێت، بەڵام لە لۆژیکی نەتەوە-دەوڵەتدا ئەوە بە مەترسی دادەنرێت. کاتێک لە تێکۆشانی ٥٠ ساڵە لەپێناو چارەسەری پرسی کورد لەناو سیاسەتی دیموکراستیکدا دەڕوانین، دەردەکەوێت کە نەتەوە-دەوڵەت بۆ ئەوەی پرسی کورد چارەسەر نەبێت بە شێوەیەکی بەکۆمەڵ دەجوڵێتەوە. وەک سیستمێک کە بە تەواوەتی و لە هەموو روویەکەوە لە بنبەستدایە، بە دادگا، پەروەردە و سەربازی، هەموو جۆرە هێرشێک لە سەر کوردەکان تاقیدەکرێتەوە".
'گۆشەگیری بەسەر هەموو گەلاندا پەیڕەو دەکرێت'
شاهین ئەوەی خستەڕوو، کە پێرسپێکتیڤەکانی رێبەری گەلی کورد عەبدووڵا ئۆجالان کە لە دورگەی ئیمراڵی لەناو گۆشەگیریدایە، لە هەموو جیهاندا دەنگی داوەتەوە و بەم جۆرە بەردەوام بوو: "مێشکی نەتەوە-دەوڵەت کە ١٠٠ ساڵە هەوڵ دەدات بەر بەوە بگرێت، هەوڵ دەدات بە قووڵکردنەوەی گۆشەگیری پەیوەندییەکانی بپچڕێنێت. دەیانەوێت لەمپەر لەبەردەم چارەسەری دروست بکەن. ئەو گۆشەگیرییە تەنیا لە سەر بەڕێز عەبدووڵا ئۆجالان نییە، لە سەر هەموو گەلانی دەستپێکردووە. لەبەر ئەوەی هەموو گەل دوای هەڵگرتنی گۆشەگیری خۆیان لەناو سیاسەتی دیموکراتیکدا دەبیننەوە، ئەقڵیەتی نەتەوە دەوڵەت دەیەوێت بەر بەوە بگرێت. نایەوێت بگاتە سیاسەتی دیموکراتیک و ئاشتی. ئەو ئەقڵیەتە بە هەموو رێگە و رێبازێک هەوڵ دەدات رەنگدانەوەی پێکەوەژیان لەناو ببات. هەرکە وڵاتەکە بکەوێتە قەیران، چەقبەستوویی یاخود کەشێکی ئاڵۆز، کاتێک لە دەرگای ئەشکەنجەخانەی ئیمراڵی دەدەن ئاشتی و چارەسەر بۆ وڵاتەکە دەدۆزنەوە. مێشکی دەوڵەت بەو جۆرەیە کە لە تەنگانەدا دەچێتە ئیمراڵی، لە کاتێکیش بابەتەکە دێتە سەر ئازادی و ئاشتیی گەلان ئەو کاتە گۆشەگیری قووڵتر دەکاتەوە".
'سیاسەتەکانی دەوڵەت ماوەیان بەسەر چووە'
شاهین ئەوەی خستەڕوو کە لە هەموو شوێنێک بە تایبەتی لە زیندانەکان لە دژی گۆشەگیری چالاکی بەڕێوەدەچێت و وتی، "مانگرتن لە خواردن، ئێشکگریی دادپەروەر، رێپێوانی ئازادی لە مانگی شوبات و چالاکیەکانی دیکە کاریگەری زۆریان لەسەر کۆمەڵگا دانا. ئەوەش هاوکاتبوو لەگەڵ پرۆسەی هەڵبژاردن و لەو پرۆسەیەشدا لە هەموو گۆڕەپانێکدا ناڕەزایەتی بەرامبەر گۆشەگیری خرایەڕوو. کۆمەڵگا داوای سیاسەتی دیموکراتیک و ئاشتی دەکات. لەو هەڵبژاردنەدا گۆڕانکاری سیاسی هاتە ئاراوە و بناغەی ئەوەش پاڕادایمی رێگەی سێهەم داینا، کە ئەندازیارەکەی بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالانە. ئەو پارادایمەی هێڵی سێهەم کە مەترسی بۆ سەر سیستمی کۆلۆنیالیستی ١٠٠ ساڵە دروست کرد، ویستیان لەناوی ببەن. هەربۆیەش گۆشەگیری لە ئیمراڵی دەستیپێکرد و بەسەر تەواوی کۆمەڵگادا شۆڕکرایەوە. بەڵام ئیتر ماوەی ئەو سیاسەتەی دەوڵەت بەسەر چووە".
جەختیشی کردەوە: "گۆشەگیری زیان بە مافەکانی ژیانی دیموکراتیکی کۆمەڵگا، مافی زمان-کولتور- هونەر، مافی تەندروستی، ژیانی ئاشتیان و کایەی ژیانی ئازاد دەگەیەنێت".
'ئازادی جەستەیی بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان مەرجی چەسپاندنی دیموکراسییە'
شاهین ئەوەی خستەڕوو کە بۆ شکاندنی گۆشەگیری لە زیندان و دەرەوەش تێکۆشان بەردەوام و بەم جۆرە کۆتایی بە قسەکانی هێنا: "هەر کە گۆشەگیری تێکبشکێندرێت، گۆڕنکاری و وەرچەرخانی گەورە چاوەڕێی سیاسەتی تورکیا و کوردستان دەکات. لە دوا هەڵبژاردندا ئەوەمان بە روونی بینی، کە ئیتر بنەمایە کۆنەپەرستی، فاشیزم و نەژادپەرستی لەناو کۆمەڵگادا قەبوڵ ناکرێن. بینیمان کە ئەو نەژادپەرستیە بۆ شاردنەوەی گەندەڵی و نادادی بەکاردەهێندرێت. گەل زۆر بە روونی ئەوەی بینی. سەرباری ئەوەی هێزەکانی دادوەری، سەربازی و پۆلیسیشی بەکارهێنا، شکستی خۆی لە هەڵبژاردندا بینی. ئێمە باش دەزانین کە ئەندازیاری ئاشتی بەڕێز ئۆجالانە و بە پەیامەکانی هەموو هاوکێشەکان دەهەژێنێت. بۆ ئەوەی دیموکراسی لەم وڵاتەدا بچەسپێندرێت، مەرجە ئازادی جەستەیی بەڕێز ئۆجالان دەستەبەر بکرێت".
هـ . ب