یازدەھەمین ساڵیادی شەھیدانی پاریس لە سلێمانی بەڕێوەچوو

ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان بە بۆنەی یازدەھەمین ساڵیادی شەھیدانی پاریسەوە مەراسیمێکی لە شاری سلێمانی ڕێکخست.

مەراسیمەکە کاتژمێر ۲ی دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ لە هۆڵی خاک لە شاری سلێمانی بەڕێوەچوو. جێی ئاماژەیە کە ژمارەیەکی بەرچاو لە هاوڵاتیان و چالاکوانان و میدیاکاران و توێژەکانی کۆمەڵگا بەشداریان کردبوو.

سەرەتای مەراسیمەکە بە خولەکێک وەستان بۆ گیانی پاکی شەهیدان و شەهیدانی ڕێی ئازادی (ساکینە جانس، فیدان دۆغان و لەیلا شایلەمەز) دەستیپێکرد و لەلایەن بنەماڵەی شەهیدانەوە مۆم بۆ گیانی شەهیدان هەڵکرا، پاشان وتاری ڕێکخراوی ژنانی ئازادیی کوردستان لەلایەن شەیما نەبیل ئەندامی ئەنجومەنی ڕەژاک خوێندرایەوە و تێیدا هاتبوو:خەباتی ژنانی شۆڕشگێڕ لە پێناو ژیانێکی ئازاددا لەبیر ناکەین و لەسەر خەبات و بەرخۆدانی ئەو هەڤاڵانە بەردەوام دەبین، دژی هەموو بەکارهێنانێکی ژنان وەک کەرەستە و بووکەڵەیەک، بۆ هۆشیارکردنەوەی ژنان لە هەوڵ و خەبات و تێکۆشانی خۆمان ڕاناوەستین.

هەر لە مەراسیمەکەدا وتاری تەڤگەری ئازادی لەلایەن سارا ڕەزا پێشکەشکرا و تێیدا باس لە گرنگی خەباتی ئەو ژنە شۆڕشگێڕە شەهیدانە کرا و جەخت لەسەر ئەوە دەکرایەوە بەردەوامی بدرێ بە خەبات و تێکۆشانی ئەوان دژی هەموو نایەکسانی و نادادپەروەرییەک بەرامبەر ژنانی ئازاد.

دواتر خەڵاتی یەکەمی ساڵانەی شەهید ساکینە جانسز کە لەلایەن ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان ئامادە دەکرێت، بەخشرایە دایە ئەستێ، هاوڵاتی بناری قەندیل کە لە بۆردومانەکانی دەوڵەتی تورکیا شەهید کرا و لەلایەن خێڵان پێنجوێنی وەرگیرا. خەڵاتی دووەمی ساکینە جانسز بەخشرایە مامۆستا جیهان تەها، کە بەشێوەیەکی گوماناوی کوژرا و لەلایەن ڕێبوار محەمەد وەرگیرا.

دواتر سینەفزیۆنێک دەربارەی ژیانی شەهید سارا و هەڤاڵانی و شەهیدانی دووەمین کۆمەڵکوژی پاریس پێشکەشکرا، سینەفزیۆنەکە دەربارەی قۆناغەکانی ژیانی شەهید سارا و خەبات و بەرخۆدانی هەڤاڵەکانی بوو.

لە کۆتایشدا مەراسیمەکە بە وتنەوەی دروشمەکانی "شەهید نامرێ" و "ژن، ژیان، ئازادی" کۆتاییهات.