یەبەشە، یەژەشە و ئاسایشی ئێزیدخان بە ئەنجامدانی مەراسیمێک یادی شەھیدانی فەرمانیان کردەوە

بە بۆنەی ٩یەمین ساڵڕۆژی فەرمانی ٣ی ئاب، کە لەلایەن داعشەوە لەشەنگال ئەنجامدرا، یەبەشە، یەژەشە و ئاسایشی ئێزیدخان لە گۆڕستانی شەھیدان مەراسیمێکیان ساز کرد.

بە بۆنەی ٩یەمین ساڵڕۆژی فەرمانی ٣ی ئابی ٢٠١٤، شەڕڤانانی یەبەشە، یەژەشە و ئاسایشی ئێزیدخان لە گۆڕستانی شەھیدانی شەهید دڵگەش و شەهید بەرخۆدان مەراسیمێکیان بەڕێوەبرد.

لە میانی مەراسیمەکەدا یادی شەهیدانی مانگی ئاب و سەرجەم شەهیدانی فەرمانەکان بەرزڕاگیرا و بانگەواز ئاراستەی گەلی کورد و کۆمەڵگەی ئێزدی کرا، لە بەرامبەر ئەو کۆنسێپت و پلانە چەپەڵانەی لەدژی کۆمەڵگەی ئێزدی و تەواوی گەلی کورد بەڕێوەدەبرێن، خۆیان بەھێزتر بکەن.

لە مەراسیمەکەدا، کورتای شەنگالی، بەناوی فەرماندەیی یەکینەکانی بەرخۆدانی شەنگال (یەبەشە) و یەکینەکانی ژنانی شەنگال (یەژەشە) قسەی کرد و لە کەسایەتی گیانبەختکردووانی شەنگالدا یادی هەموو شەهیدانی فەرمانەکەی کردەوە. هەروەها باسی واتای مانای مانگی ئابی بۆ پێکهاتەی ئێزدی کرد و وتی: مانگی ئاب بۆ ئێمەی پێکهاتەی ئێزدی مانگێکی ڕەشە. چونکە دوژمنان و داگیرکەران لەم مانگەدا ویستیان گەلەکەمان لەناوبەرن و فەرمانی دژواریان بە سەر گەلەکەمان دا ھێنا.

کورتای شەنگالی ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد، "لە ٣ی ئابدا ھەموان چاویان بەسەر جینۆسایدی گەلەکەماندا نوقاند، فەرمانی دژوار و دڕندانەیان بەسەر گەلەکەماندا هێنا. هەزاران دایک، ژن، گەنج و پیریان کۆمەڵکوژ کرد، کەس سەیری ئەم گەلەی نەکرد. ئەوانەی ئەم فەرمانەیان بینی و خۆیان فیدا کرد، شەڕڤانانی ڕێبەر ئاپۆ بوون. ڕۆحی ڕێبەر ئاپۆ ئەم گەلەی پاراست. فەرماندەکانی وەک ھەڤاڵ بەرخۆدان، ھەڤاڵ عەگید، ھەڤاڵ سەعید، ھەڤاڵ حەمید و ھەڤاڵ زەردەشت، ئەم گەلەیان لە فەرمانەکان پاراست. ئەوانەی بوونە هۆکاری ئەو فەرمانانەی بەسەرماندا هاتن، کێ بوون؟، ئەوانەی خیانەتیان کرد، لە بەرژەوەندی خۆیان دەڕوانی و بە دوای بەرژەوەندی تاکەکەسی خۆیان هەڵاتن. ئەو کەسانە گەلەکەمانیان فرۆشت. هەربۆیە دەبێت دۆست و دوژمنەکانمان باش بناسین.

شەنگالی ھێمای بۆ ئەوەشکرد، "لە ڕۆژانی تەنگانەدا تەنانەت یەک هاوڕێمان نەبوو، ئەوانەی خۆیان بە دۆستمان دەزانی و پارێزگاریان لەدەکردین، لەسەر خوێنی گەلەکەمان دەژیان. چاویان بەسەر هەڕەشە و مەترسییەکانی سەر گەلەکەمان نوقاند و کاتێک گەلەکەمان گەمارۆدرا، نەیانتوانی منداڵێک یان دایکێک ڕزگار بکەن. تەنیا بیریان لە ڕیزەکانی خۆیان کردەوە، هەربۆیە دەبێت دۆستانی ڕۆژانی تەنگانمان باش بناسین و ئیرادەمان بەهێز بکەین و خۆمان بەڕێکخستن بکەین. ئەوەی ئەوهەڕەشە و مەترسییانەی بینی، بزوتنەوەی ئازادیی گەلی کورد بوو و لە سەر ئەو بنەمایەش دەستێوەردان لە دۆخەکەدا کرا. هەموومانیان لە فەرمانەکە پاراست. ئەوەی ئێمە لەسەر پێ ڕاداگرێت و دەوەستێنێت، ئەندێشە و فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆیە. ئێمە لەو پێناوەدا سەدان شەهیدمان بەخشیوە، ئەوەش هۆکار و ئامانجی هەیە. ئێمە بەو شەهیدانە سەربەرزین، چونکە ئەوان ئێمەیان لە جینۆسایدێکی ھەمەلایەنە پاراست. پێویستە گەلەکەمان باوەڕی بە هێزەکانی هەبێت. یەبەشە، یەژەشە و ئاسایشی ئێزیدخان بە خوێنی گەلەکەمان و ڕەنجی ڕێبەر ئاپۆ دامەزراون.

فەرماندەکەی یەبەشە هەروەها سەرنجی بۆ پەیمانی لۆزان ڕاکێشا و جەختیکردەوە گەلی کورد و پێکهاتەی کوردی ئێزدی نابێت پشت بە هیچ کەسێک ببەستێت، کاتێک باس لە گەلی کوردستان دەکرێت، هەموو دەوڵەتەکان یەکدەگرن. پەیمانی لەناوبردنی گەلەکەمانیان واژۆ کرد. هەروەک چۆن لە لۆزان دەیانویست گەلەکەمان کۆمەڵکوژ بکەن و جوگرافیایی کوردستان داگیر بکەن، ئەمڕۆش بە ھەمان ئەقڵیەت و ئامانج بەردەوامی بە کۆنسێپت و پیلانگێڕییەکانی دژ بە نەتەوەی کورد و کوردستان دەدەن. داعشیش بەشێکە لە پیلانگێڕی نێونەتەوەیی، بۆیە نابێت هەرگیز ئەم ڕاستییە لەبیر بکەین".

کورتای شەنگالی، لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: جارێکی دیکە بە ناوی فەرماندەیی یەبەشە و یەژەشە و ئاسایشی ئێزیدخانەوە، یادی سەرجەم ئەو شەهیدانەی لە فەرمانەکەدا گیانیان بەختکردووە دەکەینەوە، لە کەسایەتی ئەو ھەڤاڵانەدا، هەموو شەهیدانی فەرمانی ٧٤ەمین بەبیردەھێنینەوە و بەڵێن دەدەین تۆڵەیان دەکەینەوە و ئامانج و خەونی ئازادی شەهیدان دەھێنینە دی.

مەراسیمەکە بە وتنی دروشمەکانی "بژی سەرۆک ئاپۆ"، " بەبێ سەرۆک ژیان نابێت" کۆتایی هات.

ژ.ن