"ئەگەر کورد لە هەڵبژاردن سەرنەکەوێت بە یاسایی کەرکوک لەدەستدەدەین"

١٣ حزبی کوردی کەرکوک داوا دەکەن، "دوور لەململانیەی حزبی، بۆ لەدەستنەدانی پارێزگاکە، لیستی هاوپەیمانی کوردستانی دروست بکرێت"، هاوسەرۆکی ئەنجومەنی هەرێمی کەرکوکی تەڤگەری ئازادیش رایگەیاند، "ئەگەر کورد لە هەڵبژاردن سەرنەکەوێت بە یاسایی کەرکوک لەدەستدەدەین".

١٣ حزبی کوردی کەرکوک، ڕاگەیەندراوێکیان لەژێر ناونیشانی "بانگەوازێك بۆ سەركردایەتی حزبە كوردستانیەكان و ڕایگشتی كوردستانی" بڵاوکردەوە و تێیدا هۆشداریان داوە، "بەداخەوە تا ئیستا کورد نەیتوانیوە ناوماڵی خۆێ ڕێکبخات و لە ئاست بەرپرسیاری ئەم قۆناغە بێت، لای هەمووان ئاشکرایە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک چارەنووسی ئایندەی پارێزگاکە دیاری دەکات، بە فرە لسیتیش ئایندەی کەرکوک دەخەینە مەترسییەوە".

لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا هاتووە، "بانگەواز دەکەین بۆ سەرکردایەتی حزبە کوردستانییەکان کە ساڵانێکی زۆر خەباتان کردووە و هەزاران شەهیدمان داوە، ئیستا بۆ لە ئاست کەرکوک بێدەنگ و دەستە وەستانن، لە کاتێکدا ئەم هەڵبژاردنە ئایندەی کەرکوک بۆ کورد، بەهۆی فرە لیستییەوە لە مەترسی دایە، دوور لە ململانیەی حزبی نزیک لە کوردایەتی و کەرکوک، با لیستی هاوپەیمانی کوردستانی دروست بکەین، تا ئایندەی کەرکوک بپارێزین، لەم کاتە مێژووییە پر هەستیاریەدا هەمووان دەخەینە بەرامبەر بەرپرسیارێتی مێژوویی و نیشتمانی لەپێناو ئایندەی کەرکوک".

لای خۆیەوە کۆمەڵ سەرمەد، هاوسەرۆکی ئەنجومەنی هەرێمی کەرکوکی تەڤگەری ئازادی لە چاوپێکەوتنێکدا بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات(ANF) باسی دوایین گۆڕانکارییەکان لەسەر بەشداری کورد لە پرۆسەی هەڵبژاردنی پارێزگاکانی عێراق لە کەرکوکی کرد.

یەک لیستی کوردستانی تاکە ڕێگایە بۆ ئەم قۆناغە

کۆمەڵە سەرمەد لەبارەی دوایین زانیارییەکان وتی: "ماوەیەک لەمەوبەر لە مەکتەب سیاسی حزبی شیوعی کوردستان لە هەولێر، بە بەشداری ١٣ پارتی سیاسی کوردی و پارتێکی تورکمانی کۆبوونەوەیەکمان ئەنجامدا، کە تێیدا لیژنەی هەماهەنگی چەپ دەستپێشخەرییەکی کردبوو بۆئەوەی بتوانین لیستێکی کوردستانی هاوبەش لەناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەریمی کوردستان(ناوچە دابڕێندراوەکان) دروست بکەین، لە کۆبوونەوەکەدا حزبە کوردستانییەکان گفتوگۆی جدیان کرد. لەو کۆبوونەوەیەدا دوو خاڵی پۆزەتیف هەبوون کە یەکەمیان حزبە کوردستانییەکان گەیشتوونەتە ئەو باوەڕەوەی کە دۆخی کەرکوک و ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان دۆخێکی هەستیاری هەیە، قۆناغەکە پێویستی بەیەکدەنگی کوردە، سەرجەم ئەو حزبانەی کە لەو کۆبوونەوەیەدا بوون گەیشتوونەتە ئەو باوەڕەی کە یەک لیستی تاکە ڕێگایە".

پێویستە بەرژەوەندی حزبی بەلاوە بنێین

کۆمەڵ سەرمەد ئەوەشی خستەڕوو: "لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاری یەکجاری نەدرا، چوونکە بەشێک لە حزبە کوردستانییەکان ئامادە نەبوون، لە کۆبوونەوەکە هەریەکە لە پەدەکە و نەوەی نوێ و دوو حزبی ئیسلامی بەشدار نەبوون، پێم وابێت هۆکارەکەی ئەوەیە ئەوان لیستی تایبەت بەخۆیان هەبێت لە کەرکوک، پێویستە ئەو حزابە بەرژەوەندی حزبی بەلاوەبنێن و بەرژەوەندی خەڵک لەبەرچاو بگرن و بێنە ناو یەک لیستی".

پەدەکە گەورەترین کێشەیە لەبەردەم دروستبوونی یەک لیستی

کۆمەڵ سەرمەد، سەبارەت بە ئاستەنگەکانی بەردەم دروستبوونی یەک لیستی وتی: "تائیستا سێ بەربەست هۆکاربوون، کە یەک لیستی کوردستانی لە هەڵبژاردنی داهاتوو دروست نەبێت. یەکەمیان پەدەکە گەورەترین کێشەیە لەبەردەم یەک لیستی کوردستانی لە کەرکوک، چونکە بەهیچ شێوەیەک قبووڵ ناکات یەک لیستی دروست بێت، هەروەها نەوەی نوێ هیچ لایەنێک قبووڵ ناکات و یەنەکە هەرچەندە دەستپێشخەری کردووە بۆ یەک لیستی، بەڵام لە دەستپێشخەرییەکانی جدی نەبووە، ئێمە وەکو تەڤگەری ئازادی پێمان وایە تەواوی حزبەکان لەچوارچێوەی یەک لیستیدا کۆببینەوە و خزمەت بە تەواوی پێکهاتەکانی شارەکە بکەین، بەم شێوەیە دەتوانین هیوایەک بۆ خەڵکی شارەکە بگەڕێنینەوە کە هیوایان بە حزبە کوردییەکان نەماوە".

ئەگەر لە هەڵبژاردن سەرنەکەوین بە یاسایی کەرکوک لەدەستدەدەین

کۆمەڵ سەرمەد باسی لە مەترسییەکانی سەرنەکەوتی کورد کرد لە کەرکوک و وتی: "هەموو حزبە کوردستانییەکان کۆکن لەسەر ئەوەی ئەگەر لەم هەڵبژاردنە کورد نەیباتەوە ئەوە بەشێوەیەکی یاسایی شارەکە لەدەست دەدات، پێشتریش بەهۆی لێکەوتەکانی ڕیفڕاندۆم و ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠١٧، کورد لایەنی سەربازی و ئیداری شارەکەی لەدەستدا، ئیستاش ئەگەر لەم هەڵبژاردنە سەرکەوتوو نەبێت ئەوە بەشێوەیەکی یاسایی ئەم شارە لەدەستدات، لەوانەیە ئەم هەڵبژاردنە ببێتە ڕێژەیەک بۆ دیاریکردنی پۆستی ئیدارەی بۆ پیکهاتەکانی شارەکە".

پاڵپشتی خزمەتکردنی شارەکە دەکەین

هاوسەرۆکی ئەنجومەنی هەرێمی کەرکوکی تەڤگەری ئازادی، سەبارەت بەهەڵوێستی تەڤگەری ئازادی لەسەر لایەنەکانی بەشدار لە پرۆسەی هەڵبژاردن، وتی: "ئەوەی بەلای ئێمەوە گرنگە وەکو تەڤگەری ئازادی، دروستبوونی لیستێکی هاوبەش لەپێناو خزمەتکردنی شارەکە بە تەواوی پێکهاتەکانیەوەیە، نەک ژمارەی پۆست و پلە، پێشتریش بە تەواوی حزبەکانمان ڕاگەیاندووە، کە هەر لایەنێک ئامادەبێت لەپێناو خزمەتکردنی شارەکە کار بکات ئیمە پاڵپشتی دەبین".

لەبری دیموکراسی، ناسیۆنالیزمی نەتەوەیی لە پرۆسەی هەڵبژاردن ڕەنگیداوەتەوە

کۆمەڵ سەرمەد لە کۆتایدا جەختیکردەوە، "دەبێت هەڵبژاردن بکەینە خزمەت بە پرۆسەی دیموکراسی، هەموو لایەنەکانی (کورد، تورکمان و عەرەب) لەبری ئەوەی پرۆسەی هەڵبژاردن بکەنە خزمەتی دیموکراسی، بەداخەوە ناسیۆنالیزمی نەتەوەیی ڕەنگیداوەتەوە لە پرۆسەی هەڵبژاردن، ئێمە پێمان وایە ئەو پرۆسەی هەڵبژاردنە پێویستە خزمەت بە دیموکراسی بکات و لە ئەنجامدا ببێتە هەوێنی ئاشتەوایی و پێکەوەژیان لە شاری کەرکوک و هەموو نەتەوەکان پێکەوە بتوانین ئەم شارە بەڕێوەبەرین".

جێی ئاماژەیە، پێشتر کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایگەیاندبوو، رۆژی ١ی ئاب تۆمارکردنی هاوپەیمانی حزبەکان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق قبوڵ ناکرێت، بۆیە حزبە کوردستانییەکان لەکۆتا ساتەکاندا هۆشداری دەدەنە سەرکردایەتی حزبە کوردستانییەکان.

ژ.ن