ئەگەری جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدانی ٤ زیندانی سیاسی کورد لە ئارادایە

چوار زیندانی سیاسی کورد کە ماوەی نزیکەی دوو ساڵە بەتۆمەتی 'سیخوڕی بۆ ئیسرائیل' سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێندراوە، مەترسی جێبەجێکردنی سزاکەیان لەئارادایە.

بەپێی هەواڵێکی تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان چوار زیندانی سیاسی کورد بە ناوەکانی پزمان فەتحی، موحسین مەزڵوم، محەمەد فەرامەرزی و وەفا ئازەربار دوای پشڕاستکردنەوەی سزای لەسێدارەدانیان لەلایەن دەسەڵاتی دادوەری ئێرانەوە لە هەر ئان و ساتێکدا ئەگەری جێبەجێکردنی سزاکەیان لەئارادایە.

ئەو چوار زیندانیە سیاسیە کە ئەندامی کۆمەڵە بوون لە ٢٣ی تەمووزی ٢٠٢٢ (١ی گەلاوێژی ١٤٠١) لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە لە گوندێکی سەر بە ورمێ دەستگیرکران و پاش ماوەیەک لەلایەن لقی ٢٦ی دادگای شۆڕشی ئیسلامی ئێرانەوە  بە سەرۆکایەتی دادوەر ئیمان ئەفشار بە تۆمەتی "شەڕ لە دژی خودا" و "سیخۆڕی بۆ ئیسرائیل" سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێندرا.

دوای ئەوەی تانە لەو سزایەدرا، لە رۆژانی رابردوو لقی ٩ی دیوانی باڵای دادوەری سزاکەی پشتڕاست کردەوە و دۆسیەکەی رەوانەی بەشی جێبەجێکردنی سزا لە دادگای تاران کرد، بەمەش مەترسی جێبەجێکردنی سزاکە زیاتر بووە.

محەمەد فەرامەرزی تەمەن ٢٨ ساڵ و خەڵکی دێوڵان، موحسین مەزڵوم تەمەن ٢٧ ساڵ خەڵکی مەهاباد، وەفا ئازەربار ٢٦ ساڵ خەڵکی بۆکان و پژمان فاتحی تەمەن ٢٨ ساڵ خەڵکی کامیاران لە دوای دەستبەسەرکردنیانەوە لە ٢٣ی تەمووزی ٢٠٢٢ تائێستا رێگەیان پێنەدراوە دیدار لەگەڵ بنەماڵەکەیان ئەنجام بدەن و مافی هەڵبژاردنی پارێزەریشیان لێزەوت کراوە و دادگا پارێزەرێکی بۆ دیاری کردوون و تائێستاش شوێنی دەستبەسەرکردنیان نازانرێت.

تائێستا دوو جار فیلمی دانپێدانانی زۆرەملێی ئەو چوار زیندانیە سیاسیە کوردە لە میدیای فەرمی دەوڵەتی ئێرانەوە بڵاوکراوەتەوە و تیایدا باس لەوەدەکرێت ئەو چوار کەسە لە ئەسفەهان و لەکاتی سیخوڕیدا دەستگیرکراون، بەڵام کەسوکارەکانیان رەتیدەکەنەوە و باس لەوەدەکەن هەرچواریان لە کاتێکدا بە بێ چەک خەریکی کاری رێکخستن بوون لە گوندێکی ورمێ دەستگیرکراون.

مەترسی لە سێدارەدانی ئەو چوار زیندانیە لە کاتێکدایە کە رۆژی ٢٩ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٣ چوار زیندانی سیاسیی کورد بە ناوەکانی وەفا هەنارە، ئارام عومەری، ڕەحمان پەرهازۆ و نەسیم نەمازی بە تۆمەتی سیخوڕی بۆ ئیسرائیل لە زیندانی ورمێ لەسێدارەدران.

هـ . ب