ئەنجومەنی کەمپی مەخمور لەبارەی هێرشی تورک نامەیەکی بۆ رای گشتی بڵاوکردەوە

ئەنجومەنی کەمپی پەنابەرانی شەهید رۆستەم جوودی (مەخمور) لەبارەی هێرشی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بۆ سەر کەمپەکە نامەیەکی بۆ ڕای گشتی بڵاوکردەوە.

نامەکە بەم شێوەیەیە:

"لە ساڵی ١٩٩٤ەوە بە هۆی هێرشە سەرکوتگەرەکانی دەوڵەتی تورک و کۆمەڵکوژیی و سیاسەتی تاڵانکردن لە دژی کورد ناچاربووین کۆچ بکەین بۆ خاکی عێراق. گەلەکەمان لە کاتی پەنابەریدا زۆر ئازاری بینیوە، لەبەر ئەو سیاسەتەی کە لە دژی ئێمە هەیە ناچاربووین هەشت جار کۆچ بکەین بۆ شوێنە جیاوازەکان. دوایین جار لە ساڵی ١٩٩٨دا لە کامپی مەخمور جێگیر بووین. لە کامپی مەخمور کۆمەڵگەی خۆمان لە دژی هەموو دۆخێک پاراستووە بۆ درێژەدان بە ژیانمان. ژمارەی دانیشتوانمان ١١٠٠٠ کەسە. زۆربەمان ژن و منداڵین. ئەو ناوچەیەی ئێمە تێیدا دەژین بەفەرمی سەر بەپارێزگای موسڵە، هەرچەندە سەر بە ناوچەکانی ماددەی ١٤٠ـە لەڕووی ئیداری و ئەمنییەوە.

هۆکاری سەرەکی ئازاری پەنابەران لە کامپەکەمان سیاسەتی دەوڵەتی تورک بەهۆی نکۆڵیکردن و کۆمەڵکوژییەوە. هیچ ڕۆژێک نییە کە دەوڵەتی تورک هێرش نەکاتە سەر کامپەکە، لە مانگی کانوونی یەکەمی ٢٠١٧ەوە کامپەکەمان لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی تورک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە کرایە ئامانج. سەدان کیلۆمەتر لەسنورەکەیەوە بەفڕۆکە دێن و کامپەکەمان بۆردومان دەکەن و کۆمەڵکوژمان دەکەن. لەبەرامبەر ئەمەشدا حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان و نەتەوە یەکگرتووەکان کوێر و کەڕن لەبەرانبەر ئەم هێرشە دڕندانەیە.

بەم هێرشانە هیچ ئاسایشێک بۆ ژیانی دانیشتوانی کامپەکە نەماوە و گەل نیگەرانە.لەو بارەیەوە. بێدەنگی حکومەتی عێراق و هاوکاری حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەرچەندە کەمپەکە لەژێر چاودێری نەتەوە یەکگرتووەکانە، بەڵام گەل نیگەرانە لە شکستهێنانی نەتەوە یەکگرتووەکان. هەروەها ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤیش لە دژی ئەم هێرشانە هیچ هەڵوێستیان نییە.

ئەم هەڵوێستانە دەبنە هۆکاری رەوایەتیدان بە هێرش و رەواکردنی کۆمەڵکوژکردنی هاوڵاتیانی پەنابەری کەمپەکەمان کە دەوڵەتی عێراق و نەتەوە یەکگرتووەکان لێی بەرپرسیارن.

لە گەڵ ئە هێرشی کە لە ٥ی تەمووزی ٢٠٢٢ ئەنجامدرا، ئەمە ٩مین جارە کەمپەکەمان لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە بۆردومان دەکرێت و بەهۆی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکەوە شەهید و برینداری زۆرمان داوە و زیانێکی زۆری مادی دروست بووە. لەگەڵ شەهید  و بریندار بوون و زیانی مادی، لە رووی دەرۆنیەوە کاریگەریەکی زۆر لەسەر گەلی کەمپەکە بە  تایبەتی منداڵان دروست بووە.

فڕینی ڕۆژانەی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان بۆ سەر کامپەکەمان کاریگەری خراپی لەسەر دەروونی گەلەکەمان دروست کردووە. بەتایبەتی بوونی ڕۆژانەی فڕۆکەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر کامپەکە دەرونی منداڵانمانی تێکداوە. لە حاڵێکی ئاساییدا کە منداڵ لەسەر زەوی رێدەکات، سەیری بەر پێی خۆی دەکات کە نەکەوێت، بەڵام منداڵانی ئێمە بەردەوام سەیری ئاسمان دەکەن، نەکا درۆنەکان بۆردومانیان بکەن. ئەم دۆخە خۆی تاوانێکە دژ بە مرۆڤایەتی، چونکە چیتر منداڵ ناتوانێت منداڵبوونی خۆی بە شێوەیەکی سروشتی بژیت. ئەم دۆخەش مەترسییەکی گەورە دەخاتە سەر ژنان و دایکان، چونکە لە هەموو ساتێکدا لە مەترسیدان کە کەی منداڵ و خێزانەکانیان بۆردومان دەکرێن.

گەلەکەمان لە کەمپەکە باجێکی زۆری بەهۆی هێرشی ئاسمانی دەوڵەتی تورک داوە و هەموو رۆژێک باج دەدات. لە ساڵی ٢٠١٧ەوە تاوەکو ئێستا، ١٥ هاوڵاتی کەمپەکە بە هۆی هێرشی ئاسمانی دەوڵەتی تورکەوە شەهیدکراون و بە دەیان هاوڵاتیش بریندار بوون. هەموو رۆژێک گۆمان و ترس هەیە کە دەوڵەتی تورک شەهیدیان بکات.

ئێمە وەک گەلی کەمپەکە سەرەتا داوا لە دەوڵەتی عێراق، حکومەتی عێراق، نەتەوە یەکگرتووەکان، دەزگاکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان و کەسایەتیە دیموکراتەکان دەکەین کە لە بەرانبەر هێرشی دڕندانەی دەوڵەتی تورک بۆ سەر کەمپەکەمان خاوەن هەڵوێست بن و خاوەنداری لە گەلی کەمپەکە کە پەنابەرە بکەن."

ف.ق