فەرماندەیی یەرەکە لەبارەی هێرشەکانی هێزەکانی ئێران راگەیەندراوی بڵاوکردەوە

فەرماندەیی یەرەکە لەبارەی ئۆپراسیۆنەکان لە هەرێمی کۆساڵانی شاری مەریوان راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا رایگەیاندووە کە لە ئەنجامی هێرشی هێزەکانی ئێراندا پێکدادان روویداوە و سەربازێکی دوژمن کوژراوە.

راگەیەندراوەکەی فەرماندەیییەکینەکانی پاراستنی رۆژهەڵاتی کوردستان (یەرەکە) لەبارەی ئۆپراسیۆنی هێزەکانی دەوڵەتی ئێران بۆ سەر هەرێمی کۆساڵان بەم جۆرەیە:

سەرباری ئەوەی لەبەرامبەر دەوڵەتی ئێراندا هێزەکانمان لە رۆژهەڵاتی کوردستان لە دۆخی هێرشدا نین و لە پاراستنی رەوادان، هێرشی رژێمی ئێران بە شێوەی جیاجیا بۆ سەر هێزەکانمان ئەنجام دەدرێت.

لە دوایین نمونەدا ١٢ی حوزەیران کاتژمێر ٠٥:٣٠ بەرەبەیان دوژمن بە پشتیوانی فڕۆکەی چاودێری و بە بەشداری سەدان سەرباز و دەیان ئۆتۆمبێلی زرێپۆش، بۆڵدوزەر و ئامێری هەڵکۆڵین ئۆپراسیۆنێکیان بۆ سەر هەرێمی کۆساڵان دەستپێکرد. لەو ئۆپراسیۆنەدا دوژمن لە شاخی قەلەنیان خۆی جێگیر کرد و دەوروبەری خۆی بە هاوەن و تۆپ بۆردومان دەکات.

فەرماندەیی یەرەکە لە کۆتایی راگەیەندراوەکەیدا باسی لەوەکردووە:

هەمان رۆژ کاتژمێر ١١:٣٠ هەڤاڵان لە بەرامبەر ئەو سەربازانەی کە ناوچەکەیان دابووە بەر هاوەن و تۆپ بە ئامانجی خۆپاراستن چالاکییەکی نیشانشکێنیان ئەنجامدا. لەوێدا روونبووەوە کە سەربازێک کوژراوە. دوای ئەو لێدانەی هەڤاڵان، هێزەکانی ئێران بە پاڵپشتی فرۆکەی چاودێری جارێکیتر هەرێمی ئۆپراسیۆنەکەیان بە چری بە هاوەن، دۆشکا و کاتیوشا بۆردومان و گولـلەباران کردووە. ئەو جموجۆڵەی دوژمن هێشتاش بەردەوامە، لەو ئۆپراسیۆنەدا تائێستا هیج زیانێک بەر هێزەکانمان نەکەوتووە. لە بارەی بابەتەکە بەردەوام گەلەکەمان و رای گشتیی ئاگادار دەکەیەنوە".

شایانی باسە کەماوەی چەند رۆژە هێزەکانی ئێران چەک و سەرباز دەگوازنەوە بۆ ناوچە سنوورییەکان و ناوچەی جیاجیای کوردستان پێشبینی ئۆپراسیۆن و پێکدادان دەکرا. ئەو جموجۆڵەی هێزەکانی ئێران تائێستاش بەردەوامە.

هـ . ب