بارودۆخی عێراق بەگشتی و بەغدای پایتەخت بەتایبەتی تەواو ناسەقامگیرە، موقتەدا سەدر کۆڵ نادات، گۆڕەپانەکە بۆ ڕکابەرەکانی جێناهێڵێت، خاوەنی جەماوەرێکی توڕە و ئامادەیە، بۆ کۆتایی هێنان بە گردبوونەوەی ناڕەزایەتی خەڵکی و چوونە ناوپەرلەمان و ناوچەی سەوزی بەغدا و ئارامکردنەوەی دۆخەکە، سەدر چەند داواکارییەکی هەیە کە بریتن لە هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و دەستور و دادگای فیدڕاڵی، کە ئەمەش لایەنەکان قەبووڵیان نیە،
بەهۆی جوڵەی لایەنگرانی سەدر، هێزە شیعەکانی ڕەکابەری سەدر حەشدی شەعبیان خستووەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە و لە جاران توندترن بەرامبەر سەدر، هەردوو لایەنیش بەردەوام لە هەڕەشەکردن کردن لە یەکتر،
چوارچیوەی هەماهەنگی پێیانوایە تا ئێستاش سەدر و پارتی و عەرەبی سوونە و کازمی لەیەک بەرەن و پشتیوانیەکی گەورەی دەرەکییان هەیە، واتە ململانێ نێوخۆییەکانی عێراق بەتەواوی بە ئەجێندای دەرەکی بارگاوی بوون و چیتر بابەتەکە بە شاراوەیی نەماوەتەوە.
بۆیە سەرباری ئاڵۆزییەکان، پێشبینیکردن بۆ ئەنجامی ململانیەکان قورسن، بەپی چاودێران ئەگەر ناکۆکییەکان سەربکێشن بۆ پێکدادان، هەم حەشدی شەعبی و هەم سەدریش خاوەنی هێز و چەکن و کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە ئاسان نابێت.
لەلای خۆیەوە عادل عومەر چاودێری سیاسی و نووسەر و کەسایەتی رۆشنبیری دیاری شاری کەرکوکی باشوری کوردستان، لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا، سەبارەت بە بەمێژووی دەسەڵات خوازی و ناکۆکییەکان لە عێراق، و دۆخی سیاسی دوای ساڵی ٢٠٠٣ و هۆکارەکانی خوڵقاندنی دۆخی ئیستای عێراق و ئەگەرەکان و چارەسەری بۆ دۆخەکە، ناوبراو بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات دوا.
عوسمانیەکان یەکتر قەبوول نەکردنیان لەنێوان پێکهاتەکانی عێراق دروستکرد
سەربارەت بەدۆخی ئیستای عێراق و مێژووی ململانیەی سیاسی لە عێراق، عادل عومەر چاودێری سیاسی و نووسەر و کەسایەتی رۆشنبیری دیاری شاری کەرکوک ڕایگەیاند: "کاتێک عوسمانییەکان لە عێراق دەرکران کۆمەڵێکی نەریتی وەکو یەکتر قەبووڵکردن و خێڵەکی لەنێوان پێکهاتەکانی عێراق جێهێشت، عوسمانیەکانی کۆمەڵگایەکی ناکۆکیان لەدوای خۆیان بەجێهێشت، عێراق ووڵاتێک بووە کە بەپینەکراوی پێکەوەیان ناوە، وە لەسەرەتای دروست بوونی دەوڵەتی عێراق هیچ حزبێکی نشتیمانی دروست نەبووە تەواوی حزبەکان لەسەر بنەمای نەتەوەیی و مەزهەب و تایفەگەری دروستبوونە، وە ئامانجی تەواوی ئەم حزبە گەیشتن بەدەسەڵات بووە نەک گۆڕان لەپێناو گەلدا، وە پاش ڕووخانی حوکمی پاشایەتی لەعێراق بەردەوام کودەتا ڕوویداوە لەپێناو گرتنە دەستی دەسەڵات، لە هەموو ئەو کودەتایانەی کە ڕوویانداوە وروژاندنی شەقامیان بۆ مەرامی گەیشتن بەدەسەڵات بەکارهێناوە".
ناکۆکی لەسەر دەسەڵات ئەو قەیرانەی ئیستای عێراقی خوڵقاندووە
عادل عومەر، باسی لە ململانەی نێوان لایەنە سیاسیەکانی عێراق لە پاش ڕووخانی رژێمی بەعس کرد و ووتی: " دوای رووخانی رژێمی بەعس لەساڵی ٢٠٠٣، لایەنە سیاسییەکانی عێراق سیستەمێکی سازانیان دامەزراند تا هیچ لایەنێکی دەسەڵاتی ڕەهای نەبێت بۆ چەوساندندنەوەی لایەنەکانی دیکە، ئەم ڕێککەوتنە بەردەوام بوو تا لایەنەکان کێشەی دەسەڵات کەوتە نێوانیان، تا کێشەکان قوولبوونەتەوە بۆ ئەم دۆخەی ئیستا".
لەئەگەری شەری نێوان شیعە، پێویستە کورد و سوونە تەنها تەمەشاکەربن
هەروەها سەبارەت بە ناڕەزایەتی خەڵکی ئەو نووسەرە ووتی: "لەئیستاشدا گەندەڵی لە تەواوی کایەکانی عێراق تەشەنەی کردووە، ئەم گەندەڵیش ساڵانێکی زۆر هاووڵاتیانی عێراقی لی ناڕازین و بەدەستیەوە دەناڵێنن، موقتەدا سەدریش کەسێکی کاریزمایە لەلای بەشێکی شیعەکانی عێراق، وە دەیەوێت بە خەڵکی ناڕازی عێراق بلێت من چاکسازی دەکەم و گەندەڵی بنبڕ دەکەم، لەئیستاشدا هێزی گەل بۆ ڕووخاندنی رژێمی ئیستای عێراق بەکاردێت بۆ وەکو سەدر خۆی دەلێت(گوێ بادان بوو) دژی چوارچێوەی هەماهەنگی، لەئیستاشدا دوو ئەگەر هەیە رووبدەن لە ئاکامی ئەم ئاڵۆزیەی ئیستای عێراق، ئەگەری یەکەم ڕوودانی شەرێکی ناوخۆیی خوێناوی کە ئەمەش هیچ لایەن و نەتەوەیەکی عیراقی پی خۆش نیە، لەوانەش ڕێککەوتن ڕووبدات بەڵام لەئەگەری ڕوودانی شەر پێویستە هەردوولایەنی کورد و سوونەکان تەنها تەمەشاکەربن و نەبنە لایەنێک لەو شەرە".
لەعیراق هیچکات دەوڵەت نەبووە تەنها دەسەڵات هەبووە
ئەوەی سەدر دەیلێت لە هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و دەستور و دادگای باڵا، هەمووی هەڕەشەیە و جێبەجێکردنی زۆر زەحمەتە، لەعیراق هیچکات شتێک بوونی نەبووە بەناو دەوڵەت تەنها دەسەڵات هەبووە، لەمێژووی عێراقدا ئەوەی دەسەڵاتی گرتووەتە دەست ئایدلۆجیای خۆی فەرزکردووە بەسەر عێڕاقییەکان، ئەوەی ئیستا سەدر دەیکات لەپێناو دیموکراسی نیە بەڵکو ڕووخاندنی رژێمە، دەستوری عێڕاق بەهاودەنگی لایەنەکان ئەنجامدراوە ناتوانرێت بەبێ ڕەزامەندی نەتەوەکانی عێراق هەڵبوەشرێتەوە".
ووڵاتانی هەرێمی سیاسەتی عێراق بەڕێوەدەبەن
سەبارەت بە ڕۆڵی وولاتانی هەرێمی لە بەڕێوەبردنی عێراق، ئەو چاودێرە سیاسییە ئاشکرای کرد: "ئێمە بەردەوام دەبیستین لەلایەنەکان لە پەرلەمانی عێراق کە دەلێن ئێران بۆ دەرەوە یان تورکیا بۆ دەرەوە، ئەم دروشمانەی کە دەوترێتەوە لەلایەن لایەنە دەسەڵاتدارەکانی عێراق، سەلمێنەری ئەوەیە کە ووڵاتانی هەرێمی سیاسەتی عێراق بەڕێوەدەبەن، لەئیستادا چارەنووسی پرۆسەی سیاسی بەدەستی ووڵاتانی زلهێزەوەیە کە روسیا و ئەمریکایە، بەڵام لەبەرژەوەندی ئەمریکا و روسیا نیە کە شەرێکی خوێناوی لە عیراق ڕووبدات، بەڵام و تورکیا و ئێران دەیانەوێت پشێوی دورست بێت تا دەست بەسەر بەشێکی خاکی عێراق بگرن".
دوژمنی دەرەکی هەوڵی هەڵگیرسانی ئاگری شەر دەکات
لە کۆتایدا عادل عومەر چاودێری سیاسی و نووسەر و کەسایەتی رۆشنبیر، لەپێناو پاراستنی ئاشتی و پێکەوژیان و ڕێگرتن لەخوێن رشتن، پەیامێکی ئاڕاستەی لایەنەکانی عێراق کرد و ووتی: "لەپێناو چارەسەرکردنی ئەم دۆخە مەترسیدارە، پێویستە هەموو لایەنە سیاسیەکانی عێراق بەتەواوی پێکهاتە و نەتەوەکانەوە، لەپێناو پاراستنی بەرژوەندی و گیانی گەلانی عێراق خۆلێبوردنیان هەبێت و ڕێگە نەدەن ئاگری ململانی تەشەنە بکات، دوژمنی دەرکی هەوڵدەدات ئاگری ململانێ و شەر لە عێراق هەڵبگرسێنێت، بەداخەوە عێراق بەدرێژایی مێژوو خوێنی لێ رژاوە، کورد و عەرەبی سوونە و شیعە و تەواوی پێکهاتەکانی عێراق پێویستە نشتیمانی بوون و هاووڵاتی بوون ببێتە پێوەر، لە پێناو بەردەوام بووةی پێکەوەژیان و خۆپاراستن لەخوێن رشتن".
هـ . ب