زانیاری لە سەر ناسنامەی دوو شەهید ئاشکرا کرا

هەپەگە زانیاری لە بارەی ناسنامەی دوو گەریلا ئاشکرا کرد کە لە سەرحەد شەهیدبوون و رایگەیاند، "هاوڕێیانمان جاندا و مەزڵوم لە باکوری کوردستان بوونە پێشەنگی بەرخودان".

ناونەدی راگەیاندن  چاپەمەنی هەپەگە سەبارەت بە ناسنامەی ٢ گەریلا کە شەهیدبوون راگەیەندراوی بڵاوکردەوە. راگەیەندراوەکەی هەپەگە بەم جۆرەیە:

"٢٠ی تشرینی یەمەکی ٢٠٢٢ لە گۆڕەپانی کرێ هەلاجی گلیداخ، هێزەکانمان بەرپەرچی ئۆپراسیۆنی دوژمنیان دایەوە و لە ئەنجامدا شەڕێکی دژوار لە نێوان هێزەکانمان و سوپای تورکی داگیرکەر روویدا. لەو شەڕەدا هێزەکانمان چالاکییەکی بەهێزیان ئەنجامدا، ٤ جار لە دژی دوژمن بە سابۆتاژ چالاکیان کرد و لانیکەم ٤ داگیرکەر سزادران، یەکێکیتریش بە دژواری برینداربوو. لەو شەڕەدا هاوڕێیانمان جاندا و مەزڵوم کە بە ئازایەتی زۆرەوە شەڕیان کرد و گورزی دژواریان لە دوژمن وەشاند، شەهیدبوون. هاوڕێیانمان جاندا و مەزڵوم وەک شێوەیەکی دیاری ئیرادەی ئاپۆیی لە دژی تەکنەلۆژیا و هێرشەکانی دوژمن هەنگاوێکیش لە بەرخودان پاشەکشێیان نەکرد، گورزی قورسیان لە دوژمندا و بوونە پێشەنگی بەرخودان لە باوکری کوردستان.

هەردوو هاوڕێکەمان بە وشیاری بەرزی نەتوەیی و هەستی وڵاتپارێزییەوە لە رۆژئاوا و رۆژهەڵاتی کوردستانەوە روویان کردە باکوری کوردستان. بە ئازایەتیی خۆیان و دڵسۆزیان بۆ ئامانجەکانی ئازادییان بوونە جەنگاوەری نمونەیی ئاپۆیی. سەرەتا سەرەخۆشی لە بنەماڵەی بەرێزیان دەکەین کە جەنگاوەری گیانبازی لەم جۆرەیان ناردووەتە ناو ریزەکانی تێکۆشانی ئازادیی گەلی کورد، هەروەها سەرەخۆشی لەگەلی وڵاتپارێزی کوردستان بەتایبەت خەڵکی رۆژئاوا و رۆژهەڵاتی کوردستان دەکەین.

زانیاری لەسەر ناسنامەی هاوڕێیانمان کە شەهیدبوون بەم جۆرەیە:

ناسناو: جاندا چیا

ناو و پاشناو: ژیان عەبدوڵا

شوێنی لەدایکبوون: تربەسپی

ناوی دایک- باوک: مەنیفا- محەمەد خێر

کات و شوێنی شەهیدبوون: ٢٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢/ سەرحەد

 

ناسناو: مەزڵوم رۆژهەڵات

ناو و پاشناو: سۆڵدا درەخشانی

شوێنی لەدایکبوون: ماکو

ناوی دایک- باوک: کودرەت- عەلی

کات و شوێنی شەهیدبوون: ٢٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢/ سەرحەد

هـ . ب