ڕۆژنامەوان "عەبدوڵا گۆران"ڕۆژی چوارشەممە لە میوانداریی بەرنامەی ئاژینی کەناڵی ئاریان تیڤییدا ئامادە بوو و مژارەکانی هەڵسەنگاند، نەبوونی یەکڕیزی لە هەڵبژاردنەکانی کەرکووکدا یەک لەو هۆکارانەیە، کە چارەنووسی شارەکەی خستووەتە مەترسییەوە.
دەقی چاوپێکەوتنەکە بەم جۆرەیە:
عەبدوڵا گۆران دەڵێت، پرسی کەرکووک پرسێکی فرە گرنگ و هەستیارە، هەروەها دەڵێت کۆمەڵگەی کوردی لە زۆربەی سەرهەڵدانەکاندا یەکگرتوو نەبووە و ئەمەش زۆر گرنگ و هەستیارە، بووەتە هۆی سەرنەکەوتن، نەبوونی ئەم یەکڕیزییەشی خستە ئەستۆی بنەماڵەی بارزانی و پەدەکە.
" بەردەوام پارتی هۆکارێک بووە بۆ پەرتەوازەیی نیو ماڵی کورد"
دەربارەی نەبوونی یەکڕیزی لە کەرکووک و کوردستاندا ڕۆژنامەوانەکە وتی، بەردەوام پارتی هۆکارێک بووە بۆ پەرتەوازەیی نێو ماڵی کورد و بەتایبەتییش بنەماڵەی بارزانی نایانەوێت کورد یەکدەنگ و یەکڕیز بێت، چونکە پەدەکە بووەتە ئەجێندای بێگانەی و داردەستی وڵاتانی داگیرکەری بەتایبەتییش دەوڵەتی داگیرکەری تورک.
لە درێژەی قسەکانیدا عەبدوڵڵا گۆران، وتی نەبوونی یەکڕیزی لەناو حیزبەکانی باشووری کوردستاندا بەردەوام زیانی لە بەرژەوەندییەکانی کورد داوە، لە هەڵبژاردنکانی ئەمجارەی کەرکووکیشدا باجێکی گەورە دەدەین و ئەنجامەکەشی دوای هەڵبژاردنەکان دەبینین.
" کورد تەنیا قەندیل و چیاکانی هەیە"
هەر لە بارەی حیزبەکانەوە ڕۆژنامەوانەکە دەڵێت، جگە لە پەدەکە حیزبەکانی تریش هەریەکەو بووەتە داردەستی لایەنێکی تر. ڕوونی کردەوە کە عەرەبەکان پشتوپەناگەلێکی زۆریان هەیە و دەوڵەتە عەرەبییەکانیان لەپشتە، وەلێ کۆمەڵگەی کوردی تەنیایە و کەس دۆستی نییە جگە لە قەندیل و چیاکان.
لەبارەی لەدەستدانی کەرکووکەوە لە هەڵبژاردنەکانی ئەمجارەدا، کە بڕیار وایە ڕۆژی دووشەممە بکرێن، عەبدوڵا گۆران وتی، پێشتر لە کاتێکدا کەرکوک لەژێر دەستەڵاتی کورد و بەتایبەتییش دەسەڵاتی هەردوو حیزبی دەسەڵاتدار و حکومەتی هەرێمدا بووە، نەیانتوانیوە خزمەتی خەڵکی کەرکووک بکەن ئەمەش کەرکووکییەکانی نیگەران کردووە، ئەو دەڵێت گەر ئەمجارە کورد کەرکووک نەباتەوە، حکومەتی عێراقی تا قەرەهەنجیر دێت.
" تاکە هێز کە پارێزگاریی لە شەنگالییەکان کرد، هێزی پەکەکەی بوو"
لە درێژەی قسەکانیدا باسی دروشمەکانی پەدەکەی کرد و وتی پەدەکە سیاسەتی نەتەوەیی نییە، بەڵکوو تەنیا دروشمەکانی نەتەوەیین، بەڵکوو پەدەکە سیاسەتی بنەماڵەیی دەکات و هەرکاتێک کەسێکی بوێت دەیهێنێتە سەر دەسەڵات.
ئەمە جگە لەوەی دەربارەی شەنگال گوتی، پەدەکە نایەوێت ئاوارەکانی شەنگال بگەڕێنەوە چونکە دەیەوێت لەژێر دەسەڵاتی خۆیدا بن و بە مەیلی ئەو بجوڵێنەوە، بە ڕای ئەو ڕۆژنامەوانە لە شەنگالدا هیچ هێزێک هێندەی هێزەکانی ڕۆژاوا و پەکەکە کاریگەریی نەبووە لەسەر شەنگالییەکان، چونکە وەختێک شەنگال داگیر کرا، تاکە هێزێک کە پارێزگاریی لە شەنگالییەکان کرد، هێزی پەکەکە بوو، کە فریای شەنگالییەکان کەوت.