ڕۆژنامەوان دەنیز فورات لەسەر گۆڕەکەی یادکرایەوە

ڕۆژنامەوان دەنیز فورات کە لە هێرشی داعش بۆ سەر مەخمور شەهید بوو، لە وان لەسەر گۆڕەکەی یادکرایەوە.

ڕۆژنامەوان دەنیز فورات (لەیلا یەڵدزتان) لە ٨ ی ئابی ٢٠١٤ لەکاتی هێرشی داعش بۆ سەر کەمپی پەنابەرانی شەهید ڕۆستەم جودی (مەخمور) شەهید بوو. فورات لەسەر گۆڕەکەی لە گەڕەکی خەج خاتوون لە ناوچەی ئێباخی وان یادکرایەوە. مەراسیمی یادکردنەوەکە لەلایەن پلاتفۆرمی ڕۆژنامەوانی ژنی میزۆپۆتامیا و کۆمەڵەی ڕۆژنامەوانانی دیجلە و فورات ڕێکخرا. خزم و هاوکارانی فورات بەشداری مەراسیمەکە بوون.

مەراسیمەکە بە خولەکێک وەستان دەستی پێ کرد، پاشان پەیامنێری (JINNEWS) ڕۆژدا ئایدن قسەی کرد. ئایدن ڕایگەیاند، دەنیز فورات بووە سیمبولێک بۆ چاپەمەنی ئازاد و گوتی: "تا کاتی هێرشی داعش دەنیز دەستبەرداری پێنوسەکەی نەبوو. وەک چاپەمەنی ئازاد، ئێمە خاوەندارێتی لە مەراسیمەکەی دەکەین و درێژە بە ڕێگەکەی دەدەین".

هاوسەرۆکی کۆمەڵەی ڕۆژنامەوانانی دیجلە و فورات، سەردار ئاڵتان، ئاماژەی بەوە کرد، دەنیز فورات بەرامبەر تاریکی داعش، ڕووناکی بڵاوکردەوە و گوتی: "ئەگەر ئەمڕۆ درێژە بە تێکۆشان دەدەین ئەوە لەسایەی ئەوانە. لەو ڕۆژە ڕەشانەدا گوتی: "دەستبەرداری کامێراکەم نابم" و ڕاستی نوسیوە. کاتێک دەڕوانینە تێکۆشانی شۆڕشی جیهان، دەبینین گەلێک ڕۆژنامەوان کاتی گواستنەوەی هەواڵ کوژراون. بەڵام گواستنەوەی هەواڵ لای دەنیز فورات تەواو جودا بوو. بۆ هەموو چاپەمەنی جیهان و چاپەمەنی ئازاد بووە نموونەیەک".

برای دەنیز فورات، سیات یەڵدزتان ئاماژەی بەوە کرد، هاوپیشەکانی خوشکەکەی خاوەندارێتی لێ دەکەن و گوتی: "ئێمە بە تێکۆشانتان سەربڵندین. پاش شەهیدبوونی دەنیز، پێنوسەکەی نەکەوتە زەوی. خوشک و هەڤاڵەکانتان ڕێگەی ئێوەیان گرت. وەک ماڵبات ئێمە لە خاوەندارێتی لە بەهاکانمان و تێکۆشانی دەنیز فورات دەکەین و پشتیگیری دەکەین. دەنیز هەرگیز سەری نەچەماند، ئێمەش سەر ناچەمێنین و بەرخۆدان دەکەین".

لە کۆتایی مەراسیمەکەدا گوڵ لەسەر گۆڕی فورات دانرا.