لەبەرنامەی هێڵی سێ كە هەر پانزدە رۆژ جارێك لەتەلەفزیۆنی ئارین تیڤیدا بڵاودەكرێتەوە، زیلان ڤەژین هاوسەرۆكی پەژاك سیاسەتی گۆشەگیری توند لەسەر ڕێبەر ئاپۆ و پیلانگێڕی دەوڵەتانی داگیركەری سەر كوردستان و هەڵبژاردنی باكوری كوردستان و توركیا و شوڕشی ژن، ژیان، ئازادی نرخاند. سەبارەت بەسیاسەتی گۆشەگیری لەسەر رێبەر ئاپۆ و پیلانی هاوبەشی دەوڵەتانی داگیركەر لەسەر گەلی كورد و دەسكەوتەكانی رایگەیاند؛ لەكەسایەتی رێبەر ئاپۆدا دەوڵەتانی داگیركەری تورك و هێزە پیلانگێرەكان دەیانەوێت سیاسەتی پاكتاوكاری و تەسلیمیەت بەسەر گەلەكەماندا بسەپێنن. گەڕی دیبلۆماسی نێوان دەوڵەتانی داگیركەر لەسەر خاكی كوردستان بەئامانجی زیندووكردنەوە و ئاكتیڤكردنی پیلانگێڕی و پیلانی هاوبەش لەدژی بزوتنەوەی ئازادیخوازی گەلی كوردستان و دەسكەوتەكانی پێكدێت و دەڵێت؛ دەوڵەتانی داگیركەر بەهاوكاری هێزە هەژەمۆنپارێزە جیهانیەكان و بەپێشەنگایەتی سیستەمی مۆدیرنیتەی سەرمایەداری دەوڵەت ـ نەتەوە هەوڵدەدەن لەكەسایەتی رێبەر ئاپۆ دا كوردان بەگشتی تەسلیم و بێ ئێرادە بكەن.
بەرێوەبردنی سیاسەتی گۆشەگیری و دابڕاندن لەدنیای دەرەوە لەبەرامبەر بە رێبەر ئاپۆ بەواتای لەناوبردنی و رزاندن جەستەیی و فیزیكی دێت. سیستەمی سەرمایەداری جیهانی بەهاوكاری بەكرێگیراوانی لەناوچەكە وەكو دەوڵەتی داگیركەری تورك كە رۆڵی جەندەرمەیەك لەهەرێمەكە دەگێڕن دەیانەوێت بەردەوامی بەسیاسەتی نكۆڵی كردن و پاكتاوكردنی كوردان و تەسفیەكردنی بزوتنەوەی ئازادیخوازی گەلی كوردستان و سەرلەنوێ نوێ كردنەوەی پەیمانی لۆزان بدەن. دەوڵەتی ئێران و دەوڵەتی تورك ئێستا بەگەمارو خستنە سەر كەمپی پەنابەرانی مەخمور و گێڕاندنی پیلانگێڕی لەسەر شەنگاڵ و هێرش كردنە سەر دەسكەوتەكانی گەلەكەمان لە رۆژئاوای كوردستان و سیاسەتی پەلاماردانی هێزە كوردیەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان پیلانێكی هاوبەش بەرێوە دەبەن. ڤەژین بۆ پووچەڵكردنەوەی پیلانی نەیاران دەڵێت؛ بۆ پووچەڵ كردنەوەی ئەو پیلانانەدا، بانگەوازی بۆ پێكهێنانی بەرەیەكی یەكگرتووی نەتەوەیی و داڕشتنی ستراتیژیەتێكی نەتەوەیی دەكەین و رایدەگەیەنێت؛ بۆ ئەوەی بتوانین پیلانی هاوبەشی دەوڵەتانی داگیركەری سەر كوردستان پووچەڵ بكەینەوە، پێویستمان بەیەكگرتنی هێز و لایەنە سیاسیەكانی هەر چوار بەشی كوردستان و بەتایبەتی رۆژهەڵاتی كوردستان هەیە.
هاوسەرۆكی پەژاك زیلان ڤەژین؛ لەسەر بابەتی هەڵبژاردنەكانی باكوری كوردستان و توركیاش ئاخاوت و ووتی؛ گەلی كورد لەم هەڵبژاردنەدا وانەیەكی بەدەوڵەتی تورك و ئەردۆغان و نەیاران و داگیركەرانی سەر كوردستان دا. ئەم هەڵبژاردنە بەنیسبەت گەلی كوردەوە، وەكو ریفراندۆمێك وا بوو. گەلەكەمان لەم ریفراندۆمەدا، بەئاشكرا رایانگەیاند كە ئەوان ئەردۆغانیان ناوێت و بەروونی داواكاری خۆیان و ئەزموونی دیموكراسییان نیشانی هەموو دنیا دا. هەڵبژاردنەوەی ئەردۆغان وەكو سەرۆككۆمار لەلایەن بەشێك لەكۆمەڵگەوە بەواتا مۆدێلێكی توركی لەداگیركاری و فاشیزم و شووڤینیزم و نەتەوەپەرستی و دین پەرستی و دیكتاتۆری هاوچەرخ دەزانین و دەڵێت:"ئەردۆغان بەخەیاڵی لەسەرنانی تاجی عوسمانی نوێ و دامەزراندنی خەلافەتی عوسمانیانە بەهەزار و یەك پیلان و تەڵەكەبازی و دزینی دەنگی دەنگدەران و تاڵانچێتی كورسی سەرۆككۆماری بەدەستخست و پەرە بەدیكتاتۆری و فاشیزم و دسپۆتیزم و خوێنمژی دەدات.
زیلان ئاماژەی بەبەرێوەچوونی كۆنفرانسی دووهەمینی پرۆژەی نەتەوەی ـ دیموكراتیك كە لەپەرلەمانی ئەوروپا لە شەشی حۆزەیران و لەچوارچێوەی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی بەرێوە دەچێت كرد و هیوای خواست كە كۆنفرانس، هاوپەیمانیەكی هاوبەش و یەكگرتوو و ستراتیژی و سیاسەتێكی سەربەخۆ بكاتە پلانی هاوبەشی هەموو هێز و لایەنەكان كە ئامانجیان بۆنیادنانی نەتەوەی دیموكراتیك و كوردستانێكی ئازاد و ئێرانێكی دیموكراتیك بێت، ئەم كۆنفرانسە دەبێتە ببێتە هێزی تئۆری و رێگا چارەسەری و رێنمایی پیویست بۆ برەودان بەتێكۆشانی دیموكراتیانە پێشكەش بكات.
دەقی چاوپێكەوتن:
* گۆشەگیریەكی توند لەبەرامبەر بەرێبەر ئاپۆ بەرێوە دەچێت و لەكەسایەتی رێبەر ئاپۆدا لەهەرچواربەشی كوردستاندا نەیاران دەیانەوێت هەمان سیاسەت بەرامبەر بەگەلەكەمان بەرێوە ببەن؛ ئێوە ئەم سیاسەتی گۆشەگیرییە چۆن شرۆڤە دەكەن؟
ـ لەبەرامبەر بە رێبەر ئاپۆ گۆشەگیریەكی توند بەرێوە دەچێت. ئەو گۆشەگیریەی لەبواری سیاسی، دەروونی و هزری و جەستەیی لەبەرامبەر بەرێبەر ئاپۆ لەزیندانی ئیمرالی بەرێوە دەچێت، لەو ئاستەشدا ئەو سیاسەتە لەبەرامبەر بەگەلەكەمان بەرێوە دەبەن. لەبنەمادا ئەو سیاسەتەی لەلایەن دەوڵەتە داگیركەرەكانی سەر كوردستان و وڵاتانی هەژەمۆنپارێزەوە لەدژی گەلەكەمان خراوەتە گەر و لەكەسایەتی ئیمرالیدا بەناوەندی كراوە. ماوەی دوو ساڵە هیچ پەیوەندیەك و ئاگاداریەك لەسەر تەندرۆستی و رەوشی رێبەر ئاپۆ لەئارادا نییە و بەهەموو شێوە سیاسەتی گۆشەگیری و دابڕان لەجیهانی دەرەوە بەسەردا دەسەپێنن. دەوڵەتی داگیركەری تورك بەهاوكاری و پشتیوانی ئەو دەوڵەتانەی دەستیان لەرفاندن و پیلانگێڕیەكەدا هەبوو ئەو سیاسەت بەرێوە دەبەن. بەشێوەیەك كە رێبەر ئاپۆ بەهەموو شێوەیەك لەدنیای دەرەوە داببڕن، ئەمەش سیاسەتێكی هاوبەشی هەموو ئەو دەوڵەتانەیە. ئەم سیاسەتە لە دەرەوەی هەموو پێوانەكانی مرۆڤی، حقوقی، یاسا و رێسا مرۆڤیەكان و تەنانەت لەدژی یاساكانی خودی دەوڵەتانیش بەرێوە دەبردرێت. لەبەرامبەر بەو گۆشەگیریە تێكۆشانێكی زۆر و زەبەند لەلایەن گەلەكەمان و دۆستان و ئازادیخوازان و دیموكراتیكخوازان بەرێوە دەچێت، بەتایبەتی لەگۆڕەپانی سیاسی، حقوقی رۆژانە ئەم تێكۆشانە بێ راوەستان بەردەوامی پێ دەدرێت. بابەتی رێبەرتی بابەتێكی كۆمەڵایەتی، نەتەوەیی، بابەتێكی مێژوویی و پەیوەستە بە چارەنووسی گەلێكەوە و بابەتێكی كەسی نییە، بۆیەش لەكەسایەتی رێبەر ئاپۆ دا گەلی كورد كراوەتە ئامانج و لەهەمانكاتدا لەكەسایەتی گەلی كورددا لەبنەمادا هێزە ئازادیخواز و دیموكراتیكخوازەكان كراونەتە ئامانج و بەربەستیان بۆ داناون. رێبەر ئاپۆ بەهزر و رامانی خۆی بووەتە هێزێكی ئاڵتەرناتیڤ لەبەرامبەر بەسیستەمی جیهانی سەرمایەداری دەوڵەت ـ نەتەوە و هەژەمۆنخوازدا، رێبەرتی بووەتە هێزێك، بۆیە ئەوانیش رێبەرتی بەمەترسی بۆ سەر بەرژەوەندیەكانی خۆیان دەزانن و ئەو مەترسیەش لەكەسایەتی گەلی كورددا كورت كراوەتەوە.
گەلی كورد رێنمایی و فەلسەفەی ژیانی و سیاسەت و ئایدئۆلۆژی خۆی لە رێبەر ئاپۆ وەردەگرێت و ئەو رێنمایی و هزرەش لەهەموو بەشەكانی ژیانی خۆی بەكار دێنێت. ئیفادەكردنی ئەوەش دەبێتە هێزێكی ئەڵتەرناتیڤ لەبەرامبەر بەهێزی سیستەمی سەرمایەداری دەوڵەت ـ نەتەوە، بۆیەش هەر لەدەستپێكەوە بەئامانج گرتنی رێبەرتی بەئامانج گرتنی گەلێكە. پەنجا ساڵ تێكۆشانی رێبەرتی لەبەرامبەر بەو زیهنیەتەی گەلەكەمانی كردۆتە ئامانج بەرێوە دەچێت. رێبەرتی لەزۆر قۆناخی مێژوویی و لەبواری سەربازی و سیاسی و كۆمەڵایەتی و ئایدئۆلۆژیدا هەنگاوی زۆری بەكۆمەڵگەی كوردی هاوێشت و گەلەكەمان گەیانە ئەم سەدەیە. زۆرێك لەو هێزانەی گەلی كوردیان لەراستای سیاسەتەكانی خۆیان بەكار دەگرت و سیاسەت و سیستەمیان بۆیان دەستنیشان دەكرد و بەدڵی خۆیان دەیاندا بە شەڕدا بێ مافیان دەیانهێشتەوە. بەدەركەوتنی رێبەرتی و بەو سیاسەتە دیموكراتیكەی رێبەرتی بۆ گەلی كورد هێنا ئاراوە ، رۆڵێكی سەرەكە بەخشیەوە بەكوردان و ئێدی كوردان لەفاكتۆر بوون دەركەوتن و بوونە ئاكتۆرێكی سەرەكە لەناوچەكە و جیهاندا. تەنانەت لە كوردستاندا بەگشتی بوونەتە ئاكتۆرێكی سەرەكە و لەسیاسەتی جیهانیدا بوونەتە خاوەن رۆڵ و سەرەنجی هەموو دنیایان بەلای خۆیاندا راكێشاوە. لەسیاسەتی جیهانیدا كوردان ئێدی رۆڵ دەگێرن و بوونەتە ئاكتۆرێكی سەرەكە. واتا سەرەنجی دەوڵەت ـ نەتەوە و دەوڵەتانی هەرێمی لەسەر كوردانە. سیاسەتی كوردان وای كرد كە ئەو هێزانە ئەوەندە لاواز ببەن. بۆ ئەوەی سیاسەتی كوردان پێش نەكەوێت بەهەر شێوازێك سیاسەتی گۆشەگیریان لەسەر رێبەرتی پەرە پێ دەدەن و بەكردەیی و بەهەموو رێ و رێبازێك سیاسەتی گۆشەگیری و دابڕاندن پیادە دەكەن و دەیانەوێت بەو شێوە گەلی كوردیش لەنێو گۆشەگیریدا رابگرن. كوردانیش ئێدی هاوشێوەی چل، پەنجا ساڵی پێش تر نین و لەم قۆناخە دا كوردان ئێدی بوونەتە خاوەن ئیرادە و ناسنامەی خۆیان و هەبوونی خۆیانیان قازانج كردوە و بە هەموو دنیایان گەیاندوە كە كوردن و خاوەن وڵات و نیشتمان و ناسنامەی خۆیانن و دەیانەوێت بەئازادانە لەسەر خاكی خۆیان بژین.
* ئەم سیاسەتە لەباكوری كوردستان چی كاریگەریەكی لەسەر كوردان داناوە و بەتایبەتی كە ئێستاكە ئەردۆغان جارێكی تر بەهەموو تەڵەكەبازی و پیلانگێڕیەك لەسەر كورسی سەرۆككۆماری مایەوە، ئایا ئەم سیاسەتە بەنیسبەت كوردانەوە چۆن بەردەوامی پێ دەدرێت؟
ـ ووتەی ئەردۆغان سەركەوتنی قازانج كردوە لەجێ خۆیدا نییە. ئەساسەن ئەردۆغان سەركەوتنی بەدەست نەهێناوە. ئەردۆغان بە تەڵەكەبازی و چەواشەكاری و دزینی دەنگی گەل خۆی كردەوە سەرۆككۆماری توركیا لەخۆلی سێزدەهەمیندا. ئەردۆغان لەبەرامبەر بەهەڵوێست و ئیرادەی گەلی كورد و ئازادیخوازان شكستی هێناوە. گەلی كورد و ئازادیخوازان لەتۆڕی یەكەمدا هەڵویستی خۆیان نیشاندا. لەو بیست ساڵەی دەسەڵات سیستەمێكی دەسەڵاتداری و دیكتاتۆری و فاشیستییەیان بۆنیاد ناوە. دەسەڵاتداری و دیكتاتۆری و فاشیزمیش هەستێكە كە چەندە مرۆڤ تێدا دەژیت ئەوەندەش هەست و تۆڕەیی و چاوچنۆكی مرۆڤەكەش گەشە دەكات و لەمرۆڤبوون دەردەكەوێت و ئەوەندەش ویستی دەسەڵاتداریەتی تێیاندا گەشە دەسێنێت و دەیانەوێت زیاتر لەسەر كورسی دەسەڵاتداریەتی بەردەوام بن و زیاتر لەبواری ئابوری، سیاسی، و تەكنیك دا دەیانەوێت هەموو سەرمایەی جیهان بخەنە ژێر كۆنترۆڵی خۆیانەوە. ئەردۆغان ئێدی لەتوركیا بووەتە نوێنەر و سیمبۆلی دەولەت ـ نەتەوەی سەد ساڵی نوێ و دەیەوێت لەكەسایەتی خۆیدا سیستەمێكی دیكتاتۆری بەهەموو لایەنەكانیەوە بۆنیاد بنێت و دەیەوێت بەسەر كۆمەڵگەوە دەسەڵاتداریەتێكی رەها بەرێوە ببات. ئەردۆغان لەتۆڕی یەكەمدا نەبووە سەرۆككۆمار خۆی لەخۆیدا ئەمەش بەواتای رەتكردنەوەی بوو لەلایەن گەلەكەوە. گەل بەئاشكرا رایگەیاند كە ئێمە تۆمان ناوێت. لەم تۆڕی دووهەم و لەو پانزدە رۆژەدا بەهەموو پیلان و چەواشەكارییەكەوە خۆی كردەوە سەرۆككۆمار. ژمارەیەكی زۆر لەدەنگی گەلیان دزی و بەناوی پارتی نەتەوەپەرەست و شوونیست و فاشیستەوە تۆماریان كرد. لەتۆڕی دووەم دا پیلانەكانیان ئەوەندە بوون لەئەژمار نایەی، جارێك ئەو پیلانانەیان ئاشكرا نەكراون و بۆ رای گشتی بڵاونەكراونەتەوە.
لەباكوری كوردستان هەڵبژاردنی سەرۆككۆمار وەكو ریفراندۆمێك بوو بۆ ئەردۆغان. گەل بە ئەردۆغانیان ووت نا. بەهیچ شێوەیەك دەنگیان پێ نەدا و ووتیان ئێمە تۆمان ناوێت. ئەمە هەم لەتۆڕی یەكەم و هەم لەتۆڕی دووەمیشدا گەل هەڵویستی روون و ئاشكرایان نیشاندا. لەتۆڕی دووەمیش كە دوو كاندید هەبوون زیاتر روون بوویەوە، واتا هێڵی سیاسی گەلان زیاتر دەركەوتە پێش، بەتایبەتی سیاسەتی كوردان ئاشكرا بوو. ئێستاكەش زۆر لایەن ئەم رەوشە هەڵدەسەنگێنن. بەڵی راستە كە پلان وا بوو كە رێگە بەئەردۆغان نەدرێت ببێتەوە سەرۆككۆمار و كاندیدی دیكە ببێتە سەرۆككۆماری توركیا، كە ئەوە پێكنەهات واتای شكست نییە و لەهەمانكاتیشدا بۆ ئەردۆغانیش سەركەوتن بوو. لەبنەڕەتدا گەلی كورد لەو هەڵبژاردنانەدا سەركەوتنیان قازانج كرد. هەڵوێستی دیار و یەكگرتوو بوو. سەیر كەن لەگەڵ هێزە دیموكراتیك و چەپگەر و سۆسیالیستی تورك هاوپەیمانیەكیان بۆنیاد نا، بەو هاوپەیمانیەش پەیامی خۆیان بەدنیا راگەیاند و ئەو هێزانەی پشتیوانی ئەردۆغانیان كرد ویستیان دووبارە ئەردۆغان بكەنەوە دەسەڵاتدار. لەتوركیادا گەلان و ئازادیخواز و دیموكرتیكخوازان و ژنان و گەنجان بەشێوەیەكی دیموكراتیك پەیامی خۆیان بەدنیا راگەیاند. مانەوەی ئەردۆغان لەسەر كورسی دەسەڵات بەواتای قووڵكردنەوەی دەسەڵاتداریەتی و فاشیزم و شوونیزم و ئەتنیك پەرەستی و نەتەوەپەرستیە، ویستیان نەتەوەپەرستی بەرێگەی ئیسلامی سیاسی لەتوركیادا بكەنە دەسەڵاتدار و بەو شێوە دەنگ كۆبكەنەوە و ئەو رێبازەیان بەكارهێنا. لەسەدەی بیست و یەكەم كە ئەوەندە پێوانەكانی مافی مرۆڤ و ئازادی و مرۆڤایەتی لە ئاستێكی بەرزدایە، كەچی لەوڵاتێكی وەكو توركیا كە خۆی بە ئەندامێكی یەكێتی ئەوروپا دەبینێت دیكتاتۆریەتیەكی وەها ئەوەندە قووڵ دەبێتە سەرۆككۆمار و شووڤینیزم و فاشیزم و ئەتنیك پەرستی و دین پەرەستی پەرەی پێ دەدرێت. ئەمە نیشانی دەدات كە وڵاتانی ئەوروپاییش لەپشت ئەردۆغان و پشتیوانی لەوەها زیهنیەت و هزرێك دەكەن. پەیامی گەلان شتێكی دیكە بوو و وەكو ئەوان بیریان نەكردەوە. سەیر كەن یەكەم پەیامی ئەردۆغان پاش ئەوەی وەكو سەرۆككۆمار دەستنیشانكرا، راگەیاندنی شەڕ و هێرش لەبەرامبەر بەرۆژئاوای كوردستان بوو، ئەمە ئەو زیهنیەتەیە كە دەیەوێت ئازادی و دیموكراسی و ماف و ئازادیەكانی گەلان دەستەبەر بكات. ئەو رەوشەی لەباشوری كوردستان باڵادەستە، گرێدراوی زیهنیەتی فاشیستی و داگیركەری ئەردۆغان و دەوڵەتی توركە، هەروەها ئەو رەوشەی كە مەخموردا لەبەرامبەر بەپەنابەرانی مەخمور و گەلەكەمان بەڕیوە دەچێت، پەیوەستە بەزیهنیەتی نەتەوەپەرەستی و فاشیستی و داگیركاری دەوڵەتیـ تورك و ئەردۆغانە كە دەیەوێت بەو پیلانانەی پێشوو خەیاڵ و هیوای زیندووكردنەوەی عوسمانی نوێ و میساقی نەتەوەیی، و لەسەرنانی تاجی خەلیفەی عوسمانی نوی بەسەرۆككۆماری نوێ بكاتەوە. ئەردۆغان بەم سەرۆككۆماریەی خۆی ئەوانەی كردۆتە ئامانج و ئەوەش زیهنیەتێكی مەترسیدارە بەنیسبەت گەلی كوردەوە و پر پڕ مەترسیدارە و دەبێت گەلی كورد زۆر هۆشیار بێت. گەلەكەمان دەبێت تێكۆشانێكی هاوبەش بەرێوە ببەن. دەبێت یەكێتیەكی نەتەوەیی خۆیان بۆنیاد بنن و لەبەرامبەر بەو زیهنیەتەش دەبێت هاوپەیمانی لەگەڵ گەلانی تردا بەهێزتر بكەن؛ چونكە ئەردۆغان بەو سەرۆككۆماریەی خۆی بووەتە سەرۆككۆماری بەشێك لەزیهنیەتی فاشیست و شوڤینیزم و دیكتاتۆری و نەبووەتە سەرۆككۆماری گشتی گەلی توركیا. كوردان دەنگیان بەو نەدا و قەبووڵیان نەكرد. كوردان دەنگێكیان بە ئەردۆغان نەداوە. كوردیش دەبێت ئەو راستیە باش ببین و ئەمەش ببێتە هێزێك بۆ یەكگرتنی زیاتری كوردان.
* ئەم هەڵبژاردنە چی كاریگەریەكی لەسەر گەریلا دەبێت یا خود هاتن سەر دەسەڵات جارێكی تر بەنیسبەت گەریلاوە چی چاوەڕوانیەك هەبووە و هەڵبژاردن دەتوانێت چی بگۆڕێت لەهەڵوێست و پێگەی گەریلادا؟
ـ بێگۆمان قۆناخی هەڵبژاردن، گرنگ بوو و تێكۆشانێكی زۆر بەڕێوە چوو. لەكوردستاندا بەساڵانە شەڕ و بەرخۆدانی بەرێوە دەچێت. پێش هەڵبژاردنیش ئەم شەڕ و بەرخۆدانی بوونی هەبوو، گەریلا هیچ چاوەروانیەكی لەهەڵبژاردن نەبوو كە ئاخۆ لەپاش هەڵبژاردنەوە شتێكی ئەوتۆ بگۆڕدرێت یا خود ئەگەر سەرۆككۆماری بگۆڕدرێت شەڕ و پێكدادان لەكوردستان راوەستێت شتێكی وەها لەلای گەریلاوە هیچ بیری لێنەكراوەتەوە و نەبووە. وەكو بزوتنەوەی ئاپۆیی، بزوتنەوەیەكی تێكۆشان و بەرخۆدانین و لەبەرامبەر بەهەر هێرشێك لەهەر كوێوە پێك بێت خۆمان دەپارێزین. تێكۆشانێكی ئایدئۆلۆژی و فەلسەفی بەرێوە دەبەین و بۆ ئەوەی گەلەكەمان بگاتە ئامانجی خۆی هەموو رێ و رێبازێك بەكار بهێنین و بەكار دەهێنین.
* لەئێستا دەوڵەتە داگیركەرەكانی سەر كوردستان سەرقاڵی داڕشتنەوەی پیلانەكانی پێشوویانن و دەیانەوێت بەتێكرا پەلاماری هێزە كوردیەكان و بەتایبەتی هێزەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان و دەسكەوتەكانیان بدەن، وەكو پەژاك ئەم هەوڵدانانە چۆن دەنرخێنن و لەرۆانگەی ئێوەوە كە نوێنەرایەتی هێڵی سێیەم دەكەن چە ئامادەكاریەكتان بۆ دۆخێكی وەها هەیە؟
ـ بەدەست پێكردنی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی پەلاماری زۆر پێكهاتن. لەسەر بارەگاكانی هێزە كوردیەكان و ئۆپۆزسیۆن هێرش پێكهات لەوانە، بارەگاكانی كۆمەڵە و دیموكرات. بێگۆمان ئەو هێرشانە لەلایەن رژێمی ئێرانەوە پێكهات. لەقەبارەیەكی گەورەتر هێرش لەبەرامبەر بەپەژاكەوە هاتنە كایەوە. لەلایەك رژێمی داگیركەری ئێران و لەلایەكی ترەوە لە لایەن دەوڵەتی توركی داگیركەرەوە بەپێشكەوتووترین چەك و تەكنەلۆجیای شەڕ پەلاماری گەریلاكانمان دەدەن. لەكوێدا دەرفەتیان بینووە ویستیوویانە زەبرمان لێ بوەشێنن. بەو شێوەیە هەر دوو دەوڵەت ـ نەتەوە زیاترین هێرش و پەلامارەكان بۆ سەر گەلەكەمان بەرێوە دەبەن و دەیانەوێت جارێكی تر پەرە بەسیاسەتی پاكتاوكردن و لەناوبردنی بزوتنەوەی كوردان بدەن. لەبەرامبەر بەگەلەكەمان و هێزە كوردیەكان ئەم هێرشانە هەر بەردەوام بكات و درێژە بكێشێت. وەكو بزوتنەوەی ئاپۆیی هیچ چاوەڕوانیەكی وەهامان نییە كە دۆژمن دەستبەرداری هێرشەكانی بێت. تەنیا تێكۆشانێكی بەهێز و یەكگرتووی نەتەوەیی دەتوانێت پێش بەو هێرشانە بگرێت و لەهەمانكاتدا بەرێوەبردنی سیاسەتێكی سەربەخۆ بەرێوە بردنە ئەساسە. بێگۆمان ئەو دەوڵەتانە بەبێ پشتیوانی دەوڵەتانی تر ناتوانن پەلاماری كوردان و هێزە كوردیەكان بدەن. بەدەست پێ كردنی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی لەئێران و رۆژهەلاتی كوردستان، دەرفەتی ئەوە رەخسا كە دەسكەوتی مەزنتر و پێشكەوتنی گەورەتر پێكبێ، بەڵام كێ دەرفەتی بۆ دەوڵەتانی داگیركەری ئێران و تورك رەخساند كە ئەوەندە پەلاماری ئێمە بدەن. دەوڵەتانی داگیركەری سەر كوردستان پێیان وایە هەر تاكێكی كورد دەبێت بەگوێرەی ئەوان هەڵسوكەوت بكات و هەر كوردێك كە بەگوێرەی ئەوان نەبێت دەبێت لەناو ببردرێت. دەوڵەتی توركی داگیركەر و فاشیستی ئەردۆغان وەها زیهنیەتێكیان بۆنیاد ناوە. ئەگەر كورد بیەوێت سەركەوتن قازانج بكات، دەبێت ببێتە كوردی من. ئێران و هەموو دەوڵەت ـ نەتەوەكانی دیكەش وەها بیردەكەنەوە، ئەوەی ئەم سیاسەتە پووچەڵ بكاتەوە یەكێتی و یەكڕێزی نەتەوەیی و سیاسەت و ئیرادەیەكی سەربەخۆیانە و یەكگرتنی هێزە كوردیەكانە. بەیەكگرتنی كوردان و هێزەكانیان و داڕشتنی ستراتیژیەت و سیاسەتێكی سەربەخۆخوازانە و بە بەرێوەبردنی كاروخەباتی هاوبەش لەكوردستان و بەتایبەتی لەرۆژهەڵاتی كوردستان پێش بەهێرشێكی وەها بگیردرێت. كاتێك بێ هیوایی و لاوازی بێتە ئاراوە، ئەوا دۆژمنانیش زیاتر پیلان و پیلانگێری بەرێوە دەبەن. پارچەبوون و نەبونە هێزی پارتە كوردیەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان دەرئەنجامی سیاسەتی دەرەكییە و سیاسەتی دەوڵەت ـ نەتەوەیە، بەداخەوە زۆرێك لەهێزە كوردیەكان هەست بەو مەترسیانە ناكەن و بەهۆشیاریەوە ناجووڵنەوە. لەم دوایانە لەئەوروپا راوێژی كوردی پێكهات. لەوێدا هەڵوێستی ئەرێنی دەركەوتن، داواكاری گەل و رووناكبیران و سیاسەتمەداران هەبوو كە ئەو هێزانە ئێدی پێویست ناكات لەچوارچێوەی ناوەندی هاوكاری بێنە لای یەكتر و ئەوە وەڵامدەرەوەی ئەم قۆناخە نییە، ئەمە پێشنیارێكی بەجێ بوو كە ئێمەش وەكو پەژاك لەگەڵ ئەوەداین. هێزە كوردیەكانی رۆژهەڵات دەبێت بەمیكانیزمیكی نوێ، میكانیزمێك كە هەموو هێز و لایەنی كوردی لەگەڵ یەكدی كۆببنەوە و دان بەئیرادەی یەكتر دا بنن و لەسەر نەخشە رێگایەكی هاوبەش زۆر خاڵی هاوبەش سیاسەت و خەبات و چالاكی و ستراتیژی دابڕێژن و لەسەر پێشوەچوونی خەبات یەكگرتن بەبنەما بگرن و بەرێوەی ببەن. بۆ ئەوەش بێگۆمان هەوڵدان هەیە، بەڵام پێویستە ئەو هەوڵدانانە بەردەوامیان پێ بدرێت و لەسەر بنەمای سیاسەتێكی سەربەخۆیانە بێت و هیچ گرێدانێكی بەدەرەوە نەبێت.
* لەم ماوەیەدا كۆنفرانسێك لەژێر ناوی ژن، ژیان، ئازادی لەستۆكۆلم بەرێوە چوو و بڕیارە لەشەشی مانگی حۆزەیرانیشدا كۆنفرانسێكی تر لەو چوارچێوەدا لەپەرلەمانی ئەوروپا بەڕیوە بچێت ئەگەر زانیاری زیاترمان لەسەر ئەو كۆنفرانسە پێ بدەن، باش دەبێت؟ ئامانجی ئەو كۆنفرانسە چییە و چە ئامادەكاریەك بۆ ئەو كۆنفرانسە كراوە؟
ـ ئەمە دووهەمین كۆنفرانسە كە لەسەر بنەمای نەتەوەی دیموكراتیك كە پرۆژەیەكی رێبەر ئاپۆیە بۆ گەلان پێشكەش كرابوو لەپەرلەمانی ئەوروپا بەرێوە دەچێت. بێگۆمان بەڕیوەچوونی ئەو كۆنفرانسە لەم قۆناخەدا زۆر گرنگە. یەكەمین كۆنفرانس لەساڵی 2017دا بەرێوەچوو، ئەو كاتەش رەوشی ئێران ئاڵۆز بوو. سەرهەڵدان و راپەڕینی گەل دەستی پێ كردبوو، بۆیەش بەستنی كۆنفرانس لەو كاتەدا كاریگەریەكی ئەرێنی هەبوو، پاش دەركەوتنی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی بەپێویست بینرا كە ئەو كۆنفرانسە جارێكی تر و سەرلەنوێ پێكبێت. ئەو كۆنفرانسە نەتەنیا لەكاتی شۆڕشدا، پلان وابوو كە زووتر پێك بێت، بەڵام بەهۆی هەندێ كەم و كورتی تەكنیكیەوە دەرنگ كەوت و كەوتە ئەم قۆناخەوە. هەم خاوەن گرنگی خۆی هەیە و هەمیش لەچوارچێوەی فەلسەفەی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی دا بەرێوە دەچێت و سێیەمیش لەسەر بنەمای پرۆژەی نەتەوەی ـ دیموكراتیك پێكدێت. پێكهاتەی كۆنفرانسیش فرە رەنگ دەبێت، لەئۆپۆزسیۆنی كوردیەوە بگرە تا ئێرانی و كەسایەتی جیاواز، و بەتایبەتیش بەپێشەنگایەتی ژنان بەرێوە دەچێت. زۆر گرنگە، چونكە شۆڕش شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی بوو كە چەخماخەی شۆرشیان داگیرساند و گەنجانیشیان كردە پێشەنگی شۆڕشەكە بۆ ئەم كۆنفرانسە بەو ئامادەكاریانەی پیكهاتوون هیوادارین كە لەسەر ئەو بنەمایانە بەرێوە بچێت. بە دەست پێكردنی ئەم شۆڕشە زۆر هاوپەیمانی پێكهاتن، لەنێو هێزە كوردی و ئێرانیەكاندا نزیكبوونەوە پێكهات، بەڵام ئەو هاوپەیمانیانە زۆر ئەنجامگیر و درێژخایەن نەبوون، هۆكارەكان زۆر بوون و لێرەدا پێویست بەوتنەوەیان ناكات. لەگەڵ ئەوەی كە ئەو هاوپەیمانی و رێككەوتنانە بەئەنجام نەبوون، بەڵام وەكو پەژاك ئێمە لەسەر هێڵی سێیەمی خۆمان پێداگر بوون. هێڵی سێیەم، هێڵی نەتەوەی ـ دیموكراتیكە. كاتێك باس لەهێڵی نەتەوەی ـ دیموكراتیك دەكەین، ئەوا بێگۆمان باس لەبابەتێكی خەیاڵی ناكەین، شتێكە كە ئەمرؤكە ئێران و لەنێو كۆمەڵگە بەچالاكی و بەدروشمەكانیان پێكی دێنن. نەتەوەی ـ دیموكراتیك بەشۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی خۆی بۆنیاد نا و بەو دروشمە پرۆژەی نەتەوەی ـ دیموكراتیكیان خستە ناوەندی سیاسەت و هزری گەلەوە. لەچالاكی گەلانیشدا ئەوە بەئاشكرا بەدی كرا. چالاكیەكان و ئەوانەشی لەئەوروپاش پێكدێت و زۆرێك لەهێز و لایەن و كەسایەتی بەدەوری یەكتر دا كۆدەبنەوە، ئیفادەی خۆیدا لەوێدا دەبینێت و ئەو كۆنفرانسەش دەبێتە بەرهەمی ئەو دەرئەنجامانەی لەئەنجامی ئەو شۆڕشەدا هاتوونەتە كایەوە.
شۆڕش لەبواری كۆمەڵایەتی و چالاكی دا زۆر لایەنی خۆی بەدەرخست، بۆیەش لەئێستادا پێویستی بەلایەنی تئۆری و دارشتنەوە هەیە. ئەو هێزانەی دێنە ئەو كۆنفرانسە ئەرك و بەرپرسیاریەتیەكی وەهایان لەسەر شانە، شۆڕش راست هەڵسەنگێنن و رێنماییەكی راست دەرخەن و بەراستی لەسەر چارەسەریەكی راست بۆ كێشە و قەیرانەكانی گەلانی ئێران گفتوگۆی تێروتەسەل بكەن، بۆ ئەو كێشانەی كە ئەمڕۆكە ژنان و گەنجانی ئێرانی تێدا دەژین و بۆ ئەوانە رێنمایی پێویست دەرخەن كۆدەبنەوە، ئەوە پلاتفۆرمێكی ئازادە و هەركەس دەتوانیت خاوەن دەربڕینی بیرورا بێت، زۆر هێز و لایەنیش هەیە كە رەنگە خاوەن پرۆژە و پێشنیار بن، پرۆژەی سەرەكیش پرۆژەی نەتەوەی دیموكراتیكە. وەكو پەژاك ماوەی بیست ساڵە لەرۆژهەڵاتی كوردستان كاروخەباتی بۆ بەرێوە دەبەین. تێكۆشانی سیاسی، سەربازی ـ پاراستنی، هزری و بەرێكخستنی و چاندی، ژنان و گەنجان لەرۆژهەلاتی كوردستان خەبات هەرە زێدە لە رووەوە بەرێوە دەچێت و ئەمڕۆ گەیشتووینەتە ئاستی سیستەمی كۆنفدرالیزمی دیموكراتیك كە سیستەمی كۆدارە. واتا سیستەمی كۆدار ، ئەو هیزەی كە هەموو گەلانی ئێران تێدا خۆیان ئیفادە بكەن و خۆیان بەرێكخستن بكەن. ئەم كۆنفرانسە لەسەر بەو بنەمایە بەرێوە دەچێت و دەبێت تەنیا لەسەر كێشەكان گفتوگۆ نەكەن، كێشەكان ئاشكرا و روونن و دەبێت ببنە هێزی چارەسەری و رێگا و رێبازی چارەسەری گفتوگۆ بكەن. چارەسەری نە لەسەر بنەمای دەسەڵاتداری، ناوەندگەرایی و دەوڵەتگەرایی، و نە رێگا و رێبازی كۆنەپەرستی پێشكەش بكات، دەبێت بەزیهنیەتێكی دیموكراتیك و ئازادیخوازی، بەفەلسەفەی ژن، ژیان، ئازادی كە هەموو گەلانی بەچواردەوری خۆیدا كۆكردۆتەوە و ژنیان كردۆتە هێز و ماتەوزەیەكی هەرە مەزن و پێشەنگایەتی و قۆربانی ئەوەیان دا. دەبێت ئەوانە گفتوگۆ بكات و ئەو نرخ و بەهایانەی لە ئەنجامی ئەم شۆڕشەدا دەركەوتوون بپارێزرێت. ئەوانە نرخ و بەهای هاوبەشن، گرتن و شەهادەت و بریندار و توندوتیژی لەبەرامبەر گەلان بەكاربرا، كۆچبەری پێكهات، زۆر كەس هێزی ماددی و مەعنەوی خۆشی لەدەستدا. ئەوانە نرخی هاوبەشن. گەلی بەلووچ، عەرەب و فارس و كورد و ئازەری و گیلەك و مازندەرانی و هەموویان قۆربانیان داوە و ئەو قۆربانیانە نرخی هاوبەشن. ئەم كۆنفرانسەش دەبێت خاوەنداری لەو نرخە هاوبەشانە بكات.
* ئەوەی کە دەولەتی داگیرکەری ئێران ئێستا لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، گەلێک سیاسەتی وەک؛ سێدارە، ئەشکەنجە، ژەهر خوارد کردنی کچانی گەنج و هەروەها حیجابی زۆرە ملی، بەڕێوە دەبا، را و بۆچوونی ئێوە لەسەر ئەم سیاسەتانە چییە و هەڵوێستی گەلان چۆن دەنرخێنن؟
ـ لەم دواییانەدا سیاسەتی سێدارەیان زۆرتر کردووە، ئەویش لە سیاسەتە سەرەکیەکانی دەوڵەتی ئێرانە و وەک دەڵێن کە حیجاب سیمبۆلی رژێمی داگیركەری ئێرانە، سێدارەش بووەتە سیمبۆلی ئەم دەسەڵاتە و بەوەش خۆی دەردەخا و دەناسرێ. بۆ ئەوەی کە شۆڕشی "ژن ژیان ئازادی" سەرکوت بکات، گەلێک رێبازی بۆ هێرش بردنە سەر کۆمەڵگا خستە بواری کردەییەوە. وێڕای ئەوەی شەهادەت بابەتی حاشا هەڵنەگری شۆڕشە، گەلێک برینداریش هاتە ئاراوە کە ئەوانەی لە چاوەوە بریندار بوون، بژاردەی تایبەت بوون کە بە ئامانج گیران. دوای ماوەیەک هێرشی ژەهراوی کردنی کچان بە ئامانج گیرا، چونکە هێزی دینامیکی ئەو شۆڕشە ژن و جەوان بوون و ئەو ماتەوزەیەی کۆمەڵگا لە هەموو مەکتەب و زانکۆکانەوە دەستی پێکرد و تاوەکو ئێستایش بەردەوامە. ئەگەرچی لەم دواییانەوە تا رادەیەک ئاستی سەرهەڵدانەکان كزبوونەتەوە، بەڵام لە دەسپێکی بەهارەوە کە دەتوانین بڵێین مانگی تێکۆشین بوو کە بە پێشوازی کردنی ٨ی ئادارەوە دەستی پێکرد، ئەو هێرشانەی دەولەتیش بە تایبەت ژەهرخوارد کردنی کچان، وەک پەیامێک لە دژی ئەو هەڵوێستەی کۆمەڵگا، وەک سیاسەتی قڕکردن و سەرکوتکاری بوو. بابەتی دووەمین کە سێدارەیە، ئەگەر چی پێشتریش بەڕێوە دەبردرا، بەڵام ئێستا بووەتە سیاسەتێک کە بە پیلانی رۆژانە لەسەر ئەو جەوانانەی کە لە شۆڕشی "ژن ژیان ئازادی"دا رۆڵیان گێڕا، پێکدێت. بەو سیاسەتە دەیەوێ کۆمەڵگا چاوترسێن و هاوکات قڕکردن لەسەر کۆمەلگا پەیڕەو بکات. هەروەها ئەم سیاسەتەی دەوڵەت بە هۆی ترسێکەوەیە کە لە رۆڵگێڕانی ئەو جەوانانەوە هەیەتی و پێشەنگایەتی ئەم شۆڕشەیان دەکرد. باش دەزانێ کە تاوانێکی ئەو گەنجانە نییە و ئەگەر ئەوانە سەربەست بەردا، بۆ دەوڵەت مەترسییەکی گەورەترە، بۆچی؟ چونکە دەبینین کە هەر ژن و جەوانێک کە لە زیندان ئازاد دەكرێ، ناترسێ و بە ئاوایەکی بەهێزتر هاواری خۆی بڵندتر دەكاتەوە. ترسی دەوڵەتیش لەبەر ئەم هۆکارەیە کە ئەگەر ئازادیان بكات، بۆ دەوڵەت مەترسییەکی گەورەتر دێتە ئاراوە و باشترە کە لە زیندان رایانگرن، ئەگەریش لە زیندانیش بمێننەوە کە زیندانیان لێوانلێو لە مرۆڤ کردووە، بۆیە پەنا دەباتە بەر سیاسەتی سێدارە و وەکو شێوازێکی بە کار دێنی.
لە بەرامبەر وەها سیاسەتێکیش دا، گرنگە کە سیاسەتی دەوڵەتانی ئەوروپا لە دژی رژێمی ئێران دەرکەون، بەڵام لە کاتێکدا کە نێوان ئێران و وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکا، باش دەبێ، ئەو سیاسەتی سێدارەیە، دەچێتە بواری پراكتیكەوە، چونكە رژێم وەكو دەرفەتێک هەڵیدەسەنگێنێت و ئەو وڵاتانەیش چاوی خۆیانیان لێ دەگرن. بۆیە کەسێک کە دەبێ هەڵوێست دەرببڕێ، کۆمەڵگا و گەلانی ئێرانە. خاوەنداری کردن لە شۆڕشی"ژن ژیان ئازادی" هاوشانە لەگەڵ خاوەنداریەتی لەو کەسانەی کە لە لایەن دەوڵەتەوە دەستەسەر کراون. بۆیە پێویستە بە ئاوایەکی هەمەرنگە، خاوەنداریەتی بە چالاکی کردن بێتە ئاراوە. پێویستە بنەماڵەكان رۆژانە لەبەر درگای زیندانەکان چالاکی مانگرتن بەڕێوە ببەن و هەروەها بە چالاکی کردن لە بەردەم دادگاکان بە ئاوایەکی یەکگرتوو، دەتوانن هاواری خۆیان بەرز بكەنەوە.
مژارێکی تر لە رۆژەڤدا، حیجابی زۆرەملێیە، بۆیە دەتوانین ناوی حیجابی حکومەتی لەسەر بنین. بۆیە سزایەك کە بۆ ژنێک کە بێ حیجاب دەگەرێ، سزای ماددییە. زۆرینەی ژنانی ئێران لە دژی حیجابی زۆرەملێین، ئایا دەتوانێ هەموو ژنان جەریمە بکات؟ ناتوانێ!. لەگوڕی ئاماری فەرمی خۆیان، تەنیا لە تاران، لە سەدا بیستی ژنان بێ حیجابن و هەر دەچێ زۆرتر دەبێ. بە گشتی ئەو کردەوانەی دەوڵەت، سیاسەت و هەڵوێستێکی ئایدئۆلۆژیكە؛ چونكە ئەو بڕیارە لە لایەن خامنەیی و دامودەزگاکانی سەرەوەی حکومەتن. پێکهاتەی ئەنجوومەنی شارەزایان و تەنیا بە پەرلەمانەوە سنووردار نامێنێ، حکومەت بۆخۆیەتی و تەنانەت رۆڵی دەوڵەت لەو بابەتەدا زۆر لاوازە. خامنەیی بڕیار دەگرێ و خۆی لە پشت پەردەدا دەشارێتەوە و کەسانێک کە ئەو بڕیارانە کردەوەیی دەکەن هەن. کوشتن بە دەستی گەشتی ئیرشادەوە پێکدێت و پولیسی ئەخلاق حوکم دەدا و بەو ئاوایە رۆژانە جیاواز جیاواز یاسایەک لەسەر کۆمەڵگە پەیڕەو دەکەن تاوەكو بەو ئاوایە پێشی لە داخوازی و تێکۆشینی ژنان و گەلان بگرن.
* هەڵوێستی گەلان، بە تایبەت ژنان و گەنجان لە بەرامبەر ئەو سیاستەتانە چی بوون و چ هەڵسوکەوتێکیان نیشان کرد؟
ـ کاتی ژەهرخوارد کردنی کچان پێویست بوو کە هەموو بنەماڵەکان، بە تایبەت دایکان بچوبانە بەر خوێندنگە و زانکۆکان و بەو ئاوایە چالاکیان بەڕێوە ببردایە و پاراستنی ئەو شوێنانەیان بکردایە و بازنەیەكیان بۆ پاراستنی ئەوان تەرخان بكردبایە. پێویستە ژن و گەنجان، چارەنووسی خۆیان نەدەنە دەستی دەوڵەتەوە؛ چونكە ئەگەر چارەنووس، ئاسایش و ناڕەزایەتی خۆت، رادەستی دەوڵەتت کرد، ئەو کاتە گیانی خۆیشت رادەستی دەوڵەت کردووە و دەوڵەتیش ئەو گیانە لە کۆمەڵگە دەستێنێتەوە. هێندێک چالاکی بەڕێوە چوو، بە تایبەت لە ئەوروپا گەل هاتننە لای یەک لەبەر دەم باڵوێزی ئێران لەو وڵاتانە، چالاکیان بەڕێوە برد، بەڵام چالاکی بەو شێوازە تێرکەر نییە و دەبێ بە ئاوایەکی رژدتر و رادیکاڵتر، چالاکی بکردرێ. ژینا یان كوشت، شۆڕشێک ساز کرا، جەوانێک کە لە سێدارە دەدرێ و بەرەو داری دەبەن، دەبێ ببێتە شەپۆلی دووەمینی شۆڕش. بەو شێوازە دەتوانرێ رێگری لەو سیاسەتانەی دەوڵەت بگیردرێ. بەو شێوازە کە چەن کەس بێنە لای یەک و چەن لێدوانێک بدرێت، ئێران دەسهەڵگری کریاری خۆی نابێ. بەو مانایە کە لە لایەن کۆمەڵگەوە دەبێ چالاکیەکان رادیکاڵتر بەڕێوە بچن و کاردانەوە و هەڵوێستی گەل رادیکاڵتر بنوێنێت؛ چونكە کۆمەڵگە دەتوانێ هەموو رێ و رێبازێك وەك کاردانەوەیەک بەکار بێنێت.
هەر چۆن بە کوشتنی ژینا، شۆڕشی"ژن ژیان ئازادی" دەستی پێکرد، هەر چون کوشتنی شلێر رەسووڵی بووە چروسکی شۆڕش، پێویست دەکات کە هەر جەوانێک، چ کور، چ کج، کاتێک لە سێدارە دەدرێن، پێویستە ببێتە بیانۆیەك و شەپۆلی بەردەوامی شۆڕش و بەو شێوازە دەتوانرێ داواكاریەكانی کۆمەڵگە، سەر بخرێت. ئەگینا لە بەرامبەر دەوڵەتێکی سێدارە و قڕکەردا کە دیکتاتورێکە(باس لە دیکتاتور بوونی ئەردۆغان دەکەین، خامنەیی کەمتر لە ئەردۆغان نییە)، جیاواز لەوەش لە کاردانەوەی رادیکالی کۆمەڵگە و گەل، سەرکەوتن مسۆگەر ناکات.
* ئەو سیاسەتەی کە رژێمی ئێران گرتوویەتیە بەر، ئێران و گەلان بەرەو کوێوە دەبا؟ بۆ نموونە؛ ئەشکەنجە، سێدارە، حیجابی زۆرە ملی کە بەو شێوازانە توندوتیژییەک بە کار دێنێ کە رۆژانە بە لایحە و یاسا نوێیەکانیان و ناوی جیاواز لەسەر گەلان توندوتیژی پەیڕەو دەکەن، ئەوە لە کاتێک دایە کە لە سیاسەتی دەرەوەی خۆیدا، لەگەڵ ئەمریکا و عەرەبستاندا نرماییەک دەنوێنێ و چاوپێکەوتن بەڕێوە دەبا، ئامانجی ئێران لەو سیاسەتانە چییە؟
ـ ئامانجێکی زۆر لە پشت ئەو سیاسەتانەوە هەیە. پشتی ئەو شۆڕشە دەوڵەتان نەرماییەکی زۆریان لە بەرامبەر ئێران نیشاندا، بۆ چی؟ چونكە ئەگەر دەوڵەتی ئێران بڕوخێ و ئێران تا رادەیەک دیموکراتیک ببێت، دەوڵەتانی تر زەرەرمەند بن، بە تایبەت دەوڵەتانی ناوچەكە. بۆ ئەوەی لاوازیش نەبن، دەوڵەت ـ نەتەوەی ئێرانیان پاراست. بۆ ئەم مەبەستەیش لەگەل سوریە، چین و روسیا چاوپێکەوتن و هاوپەیمانیان کرد و ئێستاش بە رێی وڵاتی عەممانەوە دەیانەوێ لەگەڵ میسردا ئەو هاوپەیمانییە پێش بخەن. بە گشتی هەموو وڵاتانی ئەوروپایی و ئەمریکی، هەڵوێستێکی نەرم دەنوێنن. بۆیە لە پێناو بەرژەوەندی دەوڵەتان، پاڵپشتی دەوڵەتی ئێرانیش دەكەن، بەڵام زۆر خاڵی لاوازی ئێرانیش هەیە و یەک لەوانەش ئەوەیە کە لە سنووری ئەفغانستان و ئێراندا، پێکدادان هاتە ئاراوە کە پیلانێکە بۆ سەر ئێران. بەو ئاوایە کە هەموو سنووری ئێران ژئۆپۆلیتیكە و لە هەموو ئەو سنوورانەدا ئەو گەلانە ژیان دەکەن کە هەری زۆر، رووبەرووی نادادی و زوڵم و زۆرن و لە سێدارەدا تێپەڕ دەبن و لە بواری ئابووری، سیاسی و کۆمەڵایەتیدا لە ناو قەیراندان، بۆیە هەموو ئەوانە بۆ ئێران جێی مەترسین و خاڵی لاوازی ئێرانن. بۆیە دەیەوێ بەهەر جۆرێک هەیە خۆی لەو مەترسیانە رزگار و درگایەکی نوێ بکاتەوە. ئەگەر چی هەناسەیەک بە بەر ئێراندا بكاتەوە، بەڵام خاڵی لاوازی هەرە سەرەکی ئێران، بارودۆخی ناوخویی خۆیەتی. بارودۆخی ژن، گەنج، گەلی بەلووچ، گەلی کوردستان و ... هتد. ئێران دەبێ باش بزانێ کە هەلومەرج تا سەر وا ناڕوات. ئەوە تورکیە دەیەوێ ئیمپراتوریەتی خۆی لە رۆژهەڵاتی ناویندا ئاوا بکات و بەو پێیە بارودۆخی ئێرانیش دەکەوێتە حاڵەتێکی تەنگانەوە.بەو هۆیانەوە، گریمانەیەك هەیە کە لە رەوشێکی وەهادا ئێران لە دژی کوردان بکەوێتە ناو هاوپەیمانییەک لەگەڵ تورکیادا.
رژێمی ئێران لەنێوخۆدا لەگەندەڵیدا چەقیووە. شەمخانییان کە بەرپرسێكی نێوخۆی دەسەڵات بوو، ئەرکیان لێ سەندەوە. ئەوە لە حاڵێکدایە کە خاوەن گرنگییەکی مەزن بوو لە رۆڵگێڕاندا لە پێناو دەوڵەتدا، بەڵام بە هۆی گەندەڵییەک کە دەیگێڕا لە ئەرک گیرا. ئایا تەنیا شەمخانی خەریکی گەندەڵییە؟ نا، هەموو سیستەم لە ناو گەندەڵیدایە. بۆیە فەسادی(رزین) لە ناو حکومەت، سیاسەت، ئابوری، حقوق، دادگە و تەواوی سیستەمی بەڕێوەبەری ئێراندا بوونی هەیە.
* ئەی بۆ تەنیا شەمخانییان لەسەر کار لادا؟
ـ ئەوە وەک دیمەنێکە بۆ پەردەپۆش کردن، رەنگە لەناو خۆی ئێراندا، هێندێک ناکۆکی هەبێت. پێشتر بەو شێوەیە هەڵماندەسەنگاند کە دەوڵەت یەکدەست کراوە و هەموو خراوەتە دەست بۆنیادگەراكانەوە. بەو واتایە کە لە خامنەییەوە بگرە تاوەكو پەرلەمان، سوپا و سەرۆککۆمار، رەوتێکی بۆنیادگەرانە بەڕێوە دەبەن، بەڵام زەمینێک کە هێزێکی بەو رادەیە كۆنەپارێز بێنێتە لای یەکتر، ناتوانن لەنێو خۆیشدا یەکگرتووییەک ئاوا بکەن. بەرەی چاکسازیش ئەرک و رۆڵی ئەوان نەماوە و تەنانەت هیچ رۆڵێکیشیان نەگێڕا و رۆڵێکی لیبڕاڵ کە نەیانتوانی وڵامدەر بن، نیشاندا. هێزی بۆنیادگەراكانیش هەموو هاتنە لای یەک کە بەدوای خویدا کێشە و ناکۆکیان نایەوە؛ چونكە ئەگەر یەكتر نەپەژرێنن بە ئاوایەکی یاسایی و گەندەڵکارانە، ناوی دەزڕێنن و ئاوەها لە ئەرک دووری دەخەنەوە. شەمخانی یەکێکی وەها بوو. دەتوانین بڵێین کە تاک بە تاکیان وەكو کارتێکن کە تاوەكو کاتیان بەسەر دەچێ، بە کاریان دێنن و پاشان دووریان دەخەنەوە. ئەوەیش سیاسەتێکی دەوڵەتە و هزری دەوڵەت، هزراندنێکی دەسەڵاتدارییە و زانن لە کوێ زەرەر دەبینن، لەناویان دەبەن.
* ئەگەر لە کۆتاییدا پەیامێکتان نەگۆتراوتان هەبێت و بتانەوێ ئاماژەی پێبکەن؟
ـ لە قۆناخێکی گرنگ دا تێپەڕ دەبین، رۆڵ و ئەرکی کوردیش بە هەموو شێوازێک هەیە. هەر چەندە هێرشیش هەبێت، بەرخودانی و خۆپاراستن و سەرخستنی خەباتیش هەیە. بە تایبەت وەكو رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران کە لە قۆناخی شۆڕشێکدا کە تێدا تێپەڕ دەبن و دەژین، زەختێکی رژد لەسەر کۆمەڵگا هەیە. بەتایبەت مژاری حیجابی ئیجباری و سێدارەی سەر ژنان و گەلان کە بووەتە رۆژەڤێکی سەرەکی، پێویستە کە لە دووەمین کنفرانسی گەلانی ئێران کە لە پەرلەمانی ئەوروپا بەڕێوە دەچێ، ئەرکی سەر شانی تاک بە تاکی بەشداربووانە كە بە هەر ناوێکەوە، لە کەسایەتی حیزبیەوە بگرە تاوەكو کەسایەتی رووناکبیر، هونەرمەند، سیاسەتمەدار و ئەکادمیسیەن و ژن و جەوان بە تایبەتی، کە خاوەنداری لە نرخی هاوبەشی ئەم شۆڕشە دەرکەون. بتوانن کە چارەسەرییەکی دیموکراتیک لە گۆڕی هەموو کێشەکانی گەلانی ئێران وەكو رێنمایی دەست نیشان بکردرێ. رۆحی یەکبوونێک کە لەناو هەموو گەلانی"ئازەری، عەرەب، بەلوچ، فارس و کورد" ئاوا بوو، پێویستە رەنگدانەوەی ئەو رۆحە لە بواری سیاسەت و دیاركردنی چارەسەریدا، ئیرادەی ئەو گەلانە لەو کونفڕانسەدا زەق ببێتەوە و پێشبکەوێ. بۆیە کە پێویستە ئەم پلاتفۆڕمە تەنیا بەم کونفڕانسەوە قەتیس نەمێنێ و لەپاش ئەویشەوە بەردەوام بکات. کورد یەکێک لە ئەکتەرە سەرەکیەکانە و وەكو کورد دەزانین کە لە هەرێمدا هێرش و داگیرکەری هەیە و ئێمە لە بەرامبەریدا شەڕی خۆ، پاراستنی خۆ و سیاسەتی خۆ بکەین، بەڵام ئێمەی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستاندا لەگەل گەلانی؛ بەلوچ، عەرەب، فارس، ئازەری و هەموو نەتەوەیەک کە لە جوغرافیای ئێراندا ژیان دەکەن، بە یەکەوە سەردەکەوین. لە ئێستایشەوە هەموو بەشدار بووانی ئەو کونفڕانسە سڵاو دەکەم و سەرکەوتنیان بۆ دەخوازم.
هـ . ب