چەقۆی تورک-پەرستی و زمانی کوردی

ڕقی تورک-پەرستی تەنها بە کوشت و بڕی جەستەی کوردەوە ناوەستێتەوە، بەڵکو لە "بوون خستنی" کورد کرۆکی ئەو عەقڵێتەیە کە بنەڕەتی خواستی دەوڵەتی تورکە، دواجار تێگەشتن لەوەی تەنها لە ڕێگەی سڕینەوەی زمانەوە دەتوانرێت کورد لە 'بوون' بخرێت.

زمان و چاند دوانەیەکی تەواوکەری یەکترن، وە بنەمان بۆ شێوەگیربوونی کەسێتی مرۆڤ، بەو مانایەی ئەوەی مرۆڤ لە دۆخی "گیانلەبەر بوون"ەوە دەپەڕێنێتەوە بۆ مرۆڤ بوون زمان و چاندە. لەم خاڵەوە مرۆڤ پێدەنێتە ناو جڤاکی بوونەوە و شوناسی خۆی وەردەگرێت، کەواتا شوناس دەرنجام و دەرهاویشتەی زمان و چاندە، وە دەبێتە کرۆکی نەتەوە. نەتەوەیش شانازی مرۆڤەکانە.

'چی دەمێنێتەوە جگە لە زمانی دایک'

هانا ئاڕنێت ژنە فەیلەسوفی ئەڵمانی بە نەتەوە جو، باس لە دو مۆدێلی ژیانی جووەکان دەکات لەسەدەی نۆزدەدا؛

"پارڤینۆ" جۆرە ژیانێکە کە هەموو هەڵێکی بۆئەوەیە لە ئەوی تری خانەخوێ بچێت و هەوڵبدات شوناسی ئەوانی تری غەیرە  جو وەربگرێت، وە "پاریا" ئەو جۆرە ژیانەیە کە هەموو هەوڵێکی ئەوەیە لەدەرەوەی هەموو هەوڵێکی تواندنەوەی چاندی بمێنێتەوە، واتا بڕوابونی لەوەوە دێت کە لەوانی دی ناچێت و دەست بە شوناسی خۆیەوە بگرێت.

لە ڕاستیدا سیاسەتی ئەسیمیلاسیون و تواندنەوەی کلتوری لەسەر بنەمای دژە فەرهەنگی (زمان، چاند، شوناس...) کاردەکات، ئەوەی گەلی کوردی لە سڕینەوەوە ڕزگارکردووە زمانە، بەڵام شتەکە هێندەش ئاسان نیە بەوەی زمان بە قودرەتێکی ئیلاهی خۆی بپارێزێت.

بەڵکو پێویستی بە تێکۆشان و بەرەنگارییە هەروەک ئەوەی هانا ئاڕنێت باسی کردووە; پێویستە بڕوابوون بەخۆی هەبێت، پاراستنی هەبوون هەبێت، پاراستن وەک ڕەوایەتی بۆخۆی ببینێت.

لە دوایی مۆرکردنی پەیمانی لۆزان لە ٢٤ی تەمموزی ١٩٢٣دا کە لە ڕاستیدا یەکەم پیلانگێڕی نێو نەتەوەییە لە دژی گەلی کورد. ئەم ڕێککەوتننامەیە لە کەسێتی پیلانگێڕی نێونەتەوەی سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالاندا دوای ٧٦ ساڵ لە ساڵی ١٩٩٩دا دووبارە کرایەوە. لە ڕێککەوتننامەی لۆزاندا خاکی کوردستان دابەشکرا و بە "لکاندن" خرایە سەر چوار دەوڵەت. دیارە دەوڵەتی کۆماری تورک وێڕایی بەشداربوونی لە ڕیککەوتننامەکەدا هەموو هەوڵی بۆ سڕینەوە کورد داوە لە بەند و مادەکانی ڕێککەوتننامەکەدا، لە هەندێک مادەکانییدا هەموو دانیشتوانی تورکیا بە تورک ناوهێنراون. لە دوایی ڕێککەوتننامەی لۆزانەوە هەموو شت داگیر کرا، هەموو شت بەشکرا بەڵام نەتوانرا زمانی کوردی 'زمانی دایک' لە دڵ و ڕۆحی کورداندا بسڕێنرێتەوە.

ڕیفۆرمی شەرقی و دەستپێکی تواندنەوە 'ئەسیمیلاسیۆن'

دوای جێگرکردنی پیلانگێڕی لۆزان بەسەر خاک و خەڵکی کوردستاندا، دەوڵەتی تورک بە وەکالەتی دەوڵەتانی نێونەتەوەیی درکی بەوەکرد؛ بەتەنها دابەشکردنی خاک بەس نیە بۆ سڕینەوە و سەرکوتی نەتەوەی کورد. هەر بۆیە بە دەستپێکردنی پرۆژەی ڕیفۆرمی ڕۆژهەڵات (ئیسلاح شەرقی) لە دوای ساڵی ١٩٢٥ەوە بەفەرمی لە لایەن دەوڵەتی تورکەوە خرایە ڕۆژەڤی دەسەڵاتدارییەوە. لە جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژەیەدا وێڕایی ئەوەی زمانی کوردی قەدەغەکرا، لەگەڵیشدا لە ڕێگەی کردنەوەی بەرنامەی "پەروەردەی"ەوە کە خۆی لە کردنەوەی ناوەند و ماڵە تورکییەکانەوە دەبینییەوە. دەستکرا بە بەژداریپێکردنی ژنانی کورد لەو بەرنامانەدا کە لە بنەڕەتدا بۆ تواندنەوە زهننێت و زمانی ژنانی کورد، چونکە دەسەڵاتی تورک لەوە تێگەشتبوو کاتێک زهنێتی ژن توێندرایەوە بەمانای دەستبەسەرداگرتنی کۆمەڵگەی کوردی دێت. دەوڵەتی تورک لە ڕێگەی ماڵی تورکی و بە پرۆژەی "کاردەلەنلەری"ی تورکان سایلانەوە بە سەدان ژن لە کوردستاندا  خرانە بەر پەروەردە و ئاسمیلەکران و هەوڵیاندا بیانکەن بە تورک. دەوڵەتی تورک ئەوەی نەیتوانی بە پرۆژەی  کاردەلەنلەرییەوە پێیبگات، ئەمجارە بە کامپینی 'هایدی کزلار ئۆکولا'دا دەستیپێکرد. دەوڵەتی تورک لە ڕێگەی ئەم کامپینەوە بە تایبەت لەکورستاندا ئەو بیرۆکە و پڕوپاگەندەییەی بڵاوکردەوە کە ئەو ژنانەی پەرەوردەییان وەرنەگرتووە و بە 'نەزانی' ماونەتەوە، لەناو کۆمەڵگەدا بڵاوکردەوە و بەم کامپینەوە لەسەر ژنانی کورد کارەکانی ئاسمیلەکردنی بەڕێوەبرد.

لە دادگایکردنی موسا عەنتەرەوە بۆ  کوشتنی حەکیم لوقمان

لە ڕاستییدا دەسەڵاتداری تورک بۆ قڕکردنی کورد هەموو شتێکی وەک پاساو وەرگرتووە، هەر بۆیە ترسی لە هەموو شتێکی 'کوردانە' هەیە و هەبووە.

دەوڵەتانی داگیرکەری کورد هەمیشە لە ترس و دژ زمانی کورددا بوون، زمانیان وەک جەوهەری هەبوونی مرۆڤی کورد بینیوە. لەم چوارچێوەدا دوای زیاتر لە ٥٠ ساڵ لە قەدەغکردنی زمانی کوردی، نوسەر و ئەدیبی کوردی باکووری کوردستان موسا عەنتەر بۆ بەرەنگاربوونەوەی ستەمی قەدەغەکردنی زمانی کوردی هەڵبەستێک بە زمانی کوردی بڵاودەکاتەوە و عەقڵێتی تورک-پەرستی دەهەژێنێت، هەر بۆیە لە ساڵی ١٩٥٩دا دەستگیر دەکرێت، لە پرۆسێکدا کە لە مێژووی تورکیادا بە "پرۆسیسی ٤٩" ناسراوە دادگای دەکرێت.

لە دادگایکردنەکەدا عەنتەر بەوە تاوانبار دەکرێت کە جوداخوازە. لە داگایکردنەکەدا دادوەرە بە عەنتەر دەڵێت; تۆ باس لەزمانێک دەکەیت کە بوونی نییە، شتێک نییە ناوی زمانی کوردی بێت، ئەوەی هەیە تەنیا چەند دەنگێکە، ڕەنگە زمانەکەتان پێکڕا لەچەند دەنگێک تێپەڕنەکات. وەڵامەکەی موسا عەنتەر کە زۆر بە ناوبانگە دەڵێت; "جەنابی دادوەر، من کۆمەڵێک مریشکم لەماڵەوە هەیە، بەیانیان کە دێمە دەرێ و دەبینم برسیانە، دانیان بۆ ڕۆدەکەم، ئەو کاتەی دان دەدەمە مریشکەکانم دەیکەنە دەنگەدەنگ و گارە گار، ئەو دەنگانەی مریشکەکانی من دەریدەکەن لەو چەند دەنگە زۆرترە کە ئێوە باسی دەکەن. ئێمە میللەتێکین هەزاران ساڵە هەین، ئەی چۆنە هێشتا بە ئەندازەی ئەو مریشکانە دەنگمان نییە."

پەیامی دادگایکردنەکەی تورک ڕوونە، چونکە ڕقی تورک-پەرستی تەنها بە کوشت و بڕی جەستەی کوردەوە ناوەستێتەوە، بەڵکو لە "بوون خستنی" کورد کرۆکی خواستی دەوڵەتی تورکە، تێگەشتن لەوەی لە ڕێگەی سڕینەوەی زمانەوە دەتوانرێت کورد لە بوون بخرێت.

لە بەردەوامی قڕکرنە سیاسیەکانی دەوڵەتی تورکدا ڕۆژی ٢٠ ئەیلوولی ١٩٩٢ لە تەمەنی ٧٢ ساڵیدا عەنتەر لە ئامەد لەسەر دەستی چەند کەسێکی نەناسراوی نەژادپەرستی تورکی کوژرا. تاوانی کوشتنی عەنتەر یەکێکە لەو هەزاران تاوانانەی کە لە ساڵانی نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوودا لەلایەن هێزە پارامیلیتارەکانی دەوڵەتی تورکەوە لە دژی ڕۆشنبیران و سیاسەتمەداران و کەسایەتییە کۆمەڵاتییەکانی باکووری کوردستان ئەنجام درا. زۆرن ئەو کوردانەی بە پاساوی ڕستەیەکی کوردی، یاخود ناونانی مندڵەکانیان بە کوردی یان گوێگرتن لە گۆرانی کوردی دەکوژرێن وەک ئەوەی لە ساڵی ٢٠٢٠دا گەنجێکی کورد بە ناوی بارش چاكان تەمەن 20 ساڵان خەڵکی ناوچەی پاتنۆسی ئاگری لە باکووری کوردستانە و لە ئەنقەرە دەژیا، بەهۆی ئەوەی لە یەكێك لە پاركەكانی ئەو شارە گوێی لە گۆرانی و میوزیكی كوردی گرتووە، لەلایەن چەند رەگەزپەرستێکی تورکەوە دەدرێتە بەر چەقۆ و دەکوژرێت.