وتار

ناوچەی ئارام نا، بەڵکو داگیرکاری و لکاندن هەیە

نابێت باوەڕ بە درۆکانی ئاکەپە-مەهەپە و ئیدارەی عێراق و پەدەکە بکەین. دەبێت ڕاستی داگیرکاری و لکاندنی ئێستە بەباشی ببینین و بەرامبەر ئەمەش، پەیوەست بە ئازادیی کوردستانەوە هەڵوێست نیشان بدەین.

هێرشی لکاندن و داگیرکاری دەوڵەتی تورک لەژێر سایەی ئیدارەی ئاکەپە-مەهەپە بە هاوپەیمانی پەدەکە و داعش، بە پشتیوانی ئیدارەی عێراق و ئەمریکا بۆ سەر هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا بەردەوامە. ڕۆژانە دیمەنی جمووجووڵی سەربازی نوێی هەیە. هێزە داگیرکەرەکان بۆ گواستنەوەی تانک و زرێپۆشەکان بۆ چیا، هەوڵی زۆر دەدەن. لەنێو دیمەنەکاندا ئەندامی داعش و چەتە هاوشێوەکان دەردەکەون.

هەروەها بەهۆی بۆردوومانی فڕۆکە و هەلیکۆپتەر و تۆپەوە، گۆڕەپانەکانی مەتینا و زاپ و گارە ڕۆژانە دەسووتێن. لەم هەرێمانە ڕەز و باغ و گوند و دارستانەکان لەناودەچن. ئەم هەرێمانە نەوەک هەر چۆڵدەکرێن، بەڵکو وەها دەکرێت چیتر بە کەڵکی ژیان نەیەت. باس لەوە دەکرێت، تا ئێستە سەدان گوند سووتاون و گوندنشینان بەزۆرەملێ لە گوند و زێدی خۆیان دەرکراون. ڕاگەیاندنەکان ڕەوشی کارەساتباری ئەو گوندنشینانە بۆ ڕای گشتی بڵاودەکەنەوە کە تەنها دەتوانن خۆیان لە سووتان ڕزگار بکەن.

بێگومان دەزانرێت ئەم قڕکردنە لەلایەن کامە هێزانەوە ئەنجام دەدرێت. چی بڵێین، خودا بەڵایان بەسەردا ببارێنێت! ڕۆژێک دێت کە بە دڵنیاییەوە باجی ئەم کارانە دەدەن. بێگومان گەریلاکانی پەکەکە ئازایانە دژی ئەم قڕکردنە دڕندانە بەرخۆدان دەکەن. تەنها گەریلا بەرامبەر هێرشەکانی لکاندن و داگیرکاری بەرخۆدان دەکەن. چی بڵێین، خودا لێیان ڕازی بێت! بێگومان لە ئەنجامی ئەم تێکۆشانە سەردەکەون. هەروەها کەسانێک هەن کە تەنها تەماشا دەکەن، ژمارەیان کەم نییە. چی بڵێین، پێویستە شەرم بکەن!

مشتومڕ هەیە دەربارەی چۆنێتی پێناسەکردنی هێرشەکانی سەر هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا. هەندێک دەڵێن، ئامانجی هێرشەکانی دەوڵەتی تورک- پەدەکە-داعش بە پشتیوانی ئەمریکا و ناتۆ، دروستکردنی "ناوچەی ئارام"ـە. لەم بارەیەوە دەڵێن "لەسەر سنووری عێراق، ناوچەی ئارام دروست دەکرێت". بەڵام ئاخۆ بەو جۆرەیە؟ یان نا، ئەوەی لەلایەن فاشیزمی ئاکەپە و مەهەپە دەکرێت، لکاندن و داگیرکارییە؟ پێویستە ئەم ڕەوشە بەباشی ڕوون بکرێتەوە.

بێگومان لەو هەرێمانەی سەر سنوور کە شەڕ و پێکدادان هەیە، پەنادەبرێتە بەر ئەو ڕێکارانەی کە بە "ناوچەی ئارام" ناودەبرێت. بە ئامانجی وەستاندنی هێرشی دوو هێز، لە ڕووبەڕێکی دیاریکراودا هێزی سەربازیی سێیەم نیشتەجێ دەکرێت. بەم جۆرە دوو هێزە شەڕکەرەکە لە سنووربەزاندن دووردەخرێنەوە، بە ئامانجی ڕێگرتن لە هێرشی سەربازی. هێزی سێیەم بەزۆریی هێزەکانی نەتەوە یەکگرتووەکانن، یان ئەو هێزانەن کە بە ڕێککەوتنی دەوڵەتە جیاوازەکان دامەزراون و پێیان دەگوترێت "هێزی ئاشتی". بێگومان هەردوو لایەنی شەڕ، هەبوونی هێزی ناوچەی ئارام قبووڵ دەکەن و پەیوەندییان لەگەڵ ئەم هێزە هەیە.

باشە، لەمڕۆدا ئەوەی لە حەفتانین و مەتینا و زاپ و خواکورک، بەم جۆرەیە؟ بێگومان وەها نییە. هیچ هێزێک نییە لەنێوان هێزەکانی گەریلای پەکەکە و سوپای دەوڵەتی تورک، کە دژی یەک دەجەنگن. ئەم هەرێمانە بە پشتیوانی ئیدارەی پەدەکە و عێراق لەلایەن سوپای دەوڵەتی تورکەوە داگیر دەکرێن. واتە سوپای دەوڵەتی تورک هەوڵدەدات ئەو هەرێمانەی بەدەستی گەریلاکانی پەکەکەوەن بەدەست بهێنێت و بیخاتە ژێر ڕکێفی خۆیەوە. واتە ئەم هەرێمانە دەکەونە ژێر دەستی دەوڵەتی تورک. سنووری دەوڵەتی تورک لە سنوورەکانی قلەبان و چەل و گەڤەر و شەمزینان تێدەپەڕێت، دەگاتە سنوورەکانی شارەکانی وەک باتوفا و بامەڕنێ و کادیشێ و ئامێدی و دێرەلوک و شیلادزێ و دیانە. سنووری دەوڵەتی تورک ٢٥-٤٠ کیلۆمەتر بەرەو باشوور دەچێت و ئەو هەرێمانەش کە بەفەرمی وەک "خاکی عێراق" پێناسەدەکرێن دەگرێتەخۆ.

کاتێک لێی دەڕوانین، هێزێکی سەربازی سێیەم لەو هەرێمانەدا نەکەوتۆتە نێوانەوە. بەپێچەوانەوە هەوڵێک هەیە لەلایەن سوپای تورکەوە بۆ داگیرکردن و دەستبەسەرداگرتنی هەرێمی نوێ. بۆیە هەرێمێک بە ناوی "ناوچەی ئارام" نییە و هێزێک بە ناوی هێزی سێیەم نییە. ڕاستەوخۆ ڕەوشی داگیرکردن و لکاندنی هەرێمی نوێ لەلایەن سوپای تورکەوە هەیە. بۆیە هەڵەیە ئەم ڕووداوانە وەک "ناوچەی ئارام" پێناسە بکەین. ئەوەی هەیە، لکاندن و داگیرکاری ئاشکرایە. نابێت کەس هەوڵبدات ئەم ڕەوشە بشارێتەوە.

لەم ڕەوشەدا دەوڵەتی تورک دەبێتە هێزی داگیرکەری و لکێنەر، ئیدارەی پەدەکە و عێراق دەبنە ئەو هاوکار و "خاکفرۆش". هەڵبەت دەبێت هەموو لایەک باش بزانن کە ئەمە چ جۆرە خیانەت و تاوانێکە. بۆیە دەوڵەتی تورک دەڵێت "هەموو شتێک بە ڕەزامەندی عێراق و پەدەکە" ئەنجام دەدرێت. ئیدارەکانی عێراق و پەدەکە بۆ شاردنەوەی خیانەتەکەیان دەڵێن "پشتیوانی ناکەن" و ئەم ڕەوشە "دەوڵەتی تورک دروستی کردووە". هەروەها هەوڵدەدەن ڕۆژەڤ بگۆڕن و ڕۆژەڤێکی جیاواز لە جڤاکدا دروست بکەن. زۆرجار باس لە گرنگی "پرۆژەی ڕێگای گەشەپێدان" دەکەن. هەمیشە پەنا بۆ ئەو درۆیە دەبەن کە دەڵێن "هەموو شتێک بەهۆی پەکەکەوە ڕوودەدات". دیسان هەندێک لە کارە قێزەونەکانیان، بۆ نموونە "کاری بنیاتنانی شارەکان" دەخەنە ڕۆژەڤەوە و دەیانەوێت لەم بارەیەوە گفتوگۆ بکرێت.

لەبارەی ئەوەی ئەم بابەتە چەندێک کاریگەرە، هەڵبەت ناتوانین شتێکی یەکلاکەرەوە دەستنیشان بکەن. بەڵام کاتێک دەڕوانینە کەمی ناڕەزایەتییەکانی جڤاک، دەتوانین بڵێین هەندێک کاریگەرن. بەڵام کەمیی ناڕەزایەتییەکان چەندێک دەگەڕێتەوە بۆ ئەم هۆکارە و چەندێک پەیوەستە بە فشاری ستەمکارانە و تیرۆرەوە؟ هەروەها باش دەزانین لە سەرانسەری جیهان هێزێکی وەک ئیدارەی بارزانییەکان ستەمکار و فشارکەر نادۆزرێتەوە. هاوڵاتیان لەبەر ترس ناتوانن لەبارەی ئیدارەی بارزانییەکانەوە بدوێن، قسەبکەن و چالاکی ئەنجام بدەن.

ئەوجار بێینە سەر باسی درۆکانی ئیدارەی عێراق و پەدەکە، کە دەیانەوێت ئەم ڕەوشە وەک چارەسەر نیشان بدەن! چونکە ئەم هێزانە زۆرجار پەنا بۆ درۆ دەبەن و بانگەشە دەکەن گوایە بەم کارانە عێراق و باشووری کوردستان "سەرکەوتن بەدەست دەهێنن". واتە لەم ڕێگەیەوە شەڕی نێوان دەوڵەتی تورک و پەکەکە کۆتایی دێت. بەڵام بەڕوونی ناڵێن ئەمە چۆن دێتەدی. چونکە ئەوەی بە چارەسەری ناودەبەن، چارەسەر نییە، تەنها درۆیە. هەموو کەسێک، وە ئەوانیش، ئەم ڕاستییە دەزانن.

هەروەها فراوانبوونی سنووری دەوڵەتی تورک بە ٢٥-٤٠ کیلۆمەتر بەرەو باشوور کۆتایی بە شەڕی نێوان دەوڵەتی تورک و پەکەکە ناهێنێت. واتە کاتێک خاکی قلەبان و چەل و گەڤەر و شەمزینان لە سنووربوون تێدەپەڕن و خاکی باتوفا و کادیشێ و ئامێدی و دێرەلوک و شیلادزێ و دیانە دەبنە سنوور، شەڕ کۆتایی نایەت. ئەگەر بڵێین شەڕ لەسەر سنوورە، لەم ڕەوشەدا هەردوو هێزەکە لەبەرئەوەی سنوورە بە ئاسانی شەڕ دەکەن. ئەگەر لەسەر سنوور نا، بەڵکو لەنێو گۆڕەپانی ناوخۆدا ئەم شەڕە هەڵبسەنگێنین، ئەوکات بەرفراوانکردنی سنوور هیچ کاریگەرییەکی نابێت.

کاتێک دەڕوانین، ئەم شەڕە بە داگیرکردن و لکاندنی ئەم هەرێمانە لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە کۆتایی نایەت، ئەو هەرێمانە ئارامی بەدەست ناهێنن. ئەو ڕۆڵەی ئێستە سنوورەکانی قلەبان و چەل و گەڤەر و شەمزینان دەیگێڕێت، دەپەڕێتەوە بۆ سنوورەکانی باتوفا و کادیشێ و ئامێدی و دێرەلوک و شیلادزێ و دیانە. شەڕ لەسەر ئەم هێڵە بەردەوام دەبێت. چونکە سەنگەرگرتنی گەریلاکانی پەکەکە بەرامبەر سوپای تورک و چەتەکانی بەردەوام دەبێت.

بۆیە پێویستە ڕووداوەکانی هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا بەڕاستی تێبگەین. باوەڕ بە درۆکانی ئاکەپە-مەهەپە و ئیدارەی عێراق و پەدەکە نەکەین. هەروەها ڕاستی داگیرکاری و لکاندن باش ببینین و بەرامبەر ئەمەش، پەیوەست بە ئازادی کوردستان هەڵوێست نیشان بدەین. پێویستە کارێک بکەین، لکاندن و داگیرکاری نەیەتەدی و خیانەتی بارزانی و تەسلیمبوونی عێراق سەرنەکەوێت.

سەرچاوە: یەنی ئۆزگور پۆڵەتیکا