دەربارەی "بزاڤی هونەریی شێوەکاریی کەرکوک" کۆڕێک بەڕێوەچوو

لە شاری کەرکوک لەژێر ناونیشانی "بزاڤی هونەریی شێوەکاریی کەرکوک" کۆڕێک بۆ سەڵاح حەمە ئەمین هونەرمەندی شێوەکار ڕێکخرا.

ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە لە هۆڵی شەقامی جمهوری لە شاری کەرکوکی باشوری کوردستان، بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی بەرچاو لە کەسایەتیی هونەری و هونەردۆستان، ڕۆشنبیران، نووسەر و ئەدیب، لەژێر ناونیشانی "بزاڤی هونەریی شێوەکاریی کەرکوک" کۆڕێک بۆ سەڵاح حەمە ئەمین هونەرمەندی شێوەکار ڕێکخرا.

جێگای باسە، سەرەتای کۆڕەکە بە ناساندنی ژیاننامەی سەڵاح حەمە ئەمین هونەرمەندی شێوەکار دەستی پێکرد، پاشان هونەرمەندی شێوەکار باسی لە سەرەتای میژووی بزاڤی شێوەکاری کرد لە شاری کەرکوک، هەروەها شێوەکارانی بۆ دوو بەش پۆڵێن کرد و ووتی، کە بەشێكیان زیاتر سیفەتی وێنەکەش هەڵدەگرن نەک هونەرمەندی شێوەکار.

سەبارەت بە کۆرەکەی سەڵاح حەمە ئەمین هونەرمەندی شێوەکار، بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) گوتی: "لەم کۆڕەدا باسی بزاڤی هونەریی شێوەکاریم لە کەرکوک کرد، ئەتوانم بڵێم کە من تەنها کەسم بەشێوەیەکی چڕ لێکۆڵینەوە و کارم لەسەر مێژوو و ئیستای هونەری شێوەکاری لە شارەکە دەکەم، چەندەها بەڵگەی بە دۆکیۆمێنتکراوم هەیە لەسەر بواری هونەری لە شارەکەدا، لە ساڵی ٢٠٠٨دا کتێبێکم دەربارەی مێژووی هونەریی شێوەکاری چاپکردووە، هەروەها پێشتریش چەند بابەتم سەبارەت بە مێژووی هونەری شێوەکاری پێشکەش کردووە ، لەم کۆڕەدا دیسانەوە هەوڵمدا تیشک بخەمەوە سەر ئەو جۆرە هونەرە".

هەروەها هونەرمەند سەڵاح حەمە ئەمین، لە درێژەی قسەکانیدا بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) وتیشی: "هونەرمەندانی شێوەکاری لە شاری کەرکوک بەسەر دووبەش دابەش دەبن، بەشێکیان کە وەکو وێنەکێش کار دەکەن، بەشێکی دیکەیان کە بەڕاستی پێناسەی هونەرمەندی شێوەکار وەردەگرن ژمارەیان کەمە لە کوردستان زۆربەیان لە دەرەوەی ووڵات دەژین و توانیویانە کاری جوان پێشکەش بکەن".