بە دیمەن

لە کەلار پێشانگای "ئەندێشەی ڕەنگاڵەکان" کرایەوە

لە سەنتەری چالاکی گەنجانی کەلار، بە ناونیشانی "ئەندێشەی ڕەنگاڵەکان" پێشانگای هونەری شێوەکاریی بۆ گەنجانی دەڤەرەکە کرایەوە.

ئێوارەی ئەمڕۆ کاتژمێر ٤:٣٠ لە سەنتەری چالاکی گەنجانی کەلار کە ٢٢ ساڵە بە بەردەوامی هەستاوە بە کردنەوەی پێشانگای هونەری ئەمساڵیش بە بەشداری ٢٥ هونەرمەند پێشانگایەک کرایەوە. لە پێشانگاکەدا ٥٠ تابلۆ نمایش کران، تابلۆکان لە پۆرترەیت و ڕیالیستی و کۆمەڵێک شێوازی تر پێکهاتبوون.

"تابلۆکەم گوزارشت لە ژیانی کرێکاران دەکات"

سەبارەت بە بە پێشانگەکە ئەسرا عەدنان بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) قسەی کرد و گوتی: "فێرخوازی سەنتەری چالاکی گەنجانم، خولیایی منداڵیمە، سێ ساڵ لەمەوپێش لە سەنتەری گەنجان دەستم فێربوونی شێوەکاری کرد بە هاوکاری مامۆستا سەردار نۆڕی، بەڵام لە ئێستادا بە شێوەیەکی ئەکادیمی فێری وێنەکێشان بووم. هاوینان دێنە ئێرە بۆ وێنەکێشان و خولی فێربوون".

لە درێژەی قسەکانی گوتی: "هەموو ساڵێک لە مانگی نۆدا تابلۆکانمان لە سەنتەری گەنجن نمایش دەکەین، ساڵانی پێشوو سێ بۆ چوار تابلۆم کێشاوە، بەڵام ئەمساڵ تەنها بە یەک تابلۆ بەشداریم کردووە.تابلۆکە هی ڤینسێنت ڤانکوخی هۆڵەندییە، ناوی تابلۆکە پەتاتە خۆرەکانە گوزارشت لە ژیانی کۆمەڵێک کرێکار دەکات. لەبەر هەژاری هەموو ڕۆژێک پەتاتە دەخۆن."

"تابلۆکەم دەرباری شاژنێکی بابلییە"

پاشان سارا قاسم دەرباری فێربوون و تابلۆکەی وتی: "ماوەی شەش ساڵە لێرەم بە دوو تابلۆ بەشداری پێشانگەکە بووم. تابلۆکەم باس لە شاژنێکی بابلی دەکات، حەزمکرد بە شێوەیەکی تایبەت بۆ خۆم کار بکەم.

زۆر گرنگە گەنجان پەرە بە تواناکانی خۆیان بدەن لە هەر بوارێکی ژیان، شێوەکاری یا میوزیکی هەر شتێک بێت گرنگ دەرخستنی تواناکانی خۆیانە. ئەم ناوەندە زۆر گرنگ و شوێنێکی گونجاوە بۆ فێرخوازان کە تواناکانی خۆیانی تێدا بدۆزنەوە."