لە لوبنان، لە هێرشێکی ئەلیکترۆنیدا لانی کەم ٩ کەس مردن و هەزاران کەس بریندار بوون

لە لوبنان بەهۆی تەقینەوە ئامێرەکانی پەیوەندی و ئاگادارکردنەوە، لانی کەم ٩ کەس مردن و زیاتر لە ٢٧٠٠ کەس بریندار بوون. حیزبوڵا ئیسرائیلی بە بەرپرسیاری هێرشەکە دایە قەڵەم و بەڵێنی دا بۆ سزادانی ئیسرائیل.

دوا نیوەڕۆی ئەمڕۆ لە لوبنان، ئامێری پەیوەندی و ئاگادارکردنەوەی هەزاران ئەندامی حیزبوڵا تەقییەوە، بەرپرسان ڕایانگەیاند لە سەرانسەری لوبنان زیاتر لە ٢٧٠٠ کەس برینداربوون و ڕەوشی ٢٠٠ کەس خراپە، وە ٩ کەس مردوون. لەنێو بریندارەکان باڵیۆز ئێران لە بەیروت موجتەبا ئەمانی هەیە.

ئاژانسی فەرمیی هەواڵیی لوبنان ڕایگەیاند بەرپرسانی لوبنان بەرپرسیارێتی هێرشەکە دەخەنە ئەستۆی ئیسرائیل، وە هێرشەکە دەبەستنەوە بە هەڕەشەیەکی ئیسرائیلەوە بۆ فراوانکردنی شەڕ لە لوبنان.

هێشتا ئیسرائیل لەبارەی هێرشەکەوە هیچ لێدوانێکی نەداوە، بەڵام بەپێی میدیاکانی ئیسرائیل، حکومەتی ئیسرائیل پاش تەقینەوەکە داوای "کۆبوونەوەی بەپەلە"ی کردووە.

حیزبوڵای لوبنان بەرپرسیارێتی هێرشەکەی خستە ئەستۆی ئیسرائیل و بەڵێنی تۆڵەسەندنەوەی دا. وەزیری ڕاگەیاندنی لوبنان زیاد مەکاری تەقینەوەکەی وەک "هێرشی ئیسرائیل" ناساند و شەرمەزاری کرد، حیزبوڵا ڕایگەیاند لەپای ئەم هێرشە ئیسرائیل "سزای شایستە" وەردەگرێت.