لە لەندەن یادی دووەم ساڵیادی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی بەرزڕاگیرا

لە دووەم ساڵیادی سەرهەڵدانی "ژن، ژیان، ئازادی" لە لەندەنی پایتەختی بەریتانیا لە بەردەم باڵیۆزخانەی ئێران گردبوونەوەیەک سازکرا و تیایدا جەخت لە سەرباری هەموو گوشارەکان ناتوانرێت پاشەکشێ بە ژنان بکرێت.

بە دەستپێشخەری کۆمیتەی پژاک لە بەریتانیا دوای نیوەرۆی دووشەممە ۱٦ ئەیلوول لەبەردەم باڵیۆزخانەی  ئیران بە چالاکیەک یادی دووەم ساڵوەگەری شەهیدبوونی ژینا ئەمینی و سەرهەڵدانی شۆڕشی “ژن ژیان ئازادی” لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بەرزڕاگیرا.

دەستپێکی چالاکیەکە ۱ خولەک بێدەنگی بۆ رێزلێنان لە شەهیدانی ڕێگای ئازادی کوردستان بوو و دواتر میهری رەزایی ئەندامی مەجلیسی پژاک لە ئەوروپا وێرای پرسە و سەرەخۆشی بۆ بنەماڵەی ژینا ئەمینی وتی: "ئەمرۆ شۆرشی ژن ژیان ئازادی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران و تەنانەت لەسەرتاسەری جیهان بۆتە لۆژیکی ئازادیی ژنان، هەروەها کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ ترساندنی گەلی ئێمە و پاشەکشێ بە ژنان ژمارەیەکی زۆر لە چالاکوانانی خستە ناو زیندانەکانی ئێران و بە سەپاندنی سزای قورس و سزای لەسێدارەدان بە سەر ژنانی پێشەنگی ئازادیخوازی ئێمە هەوڵ دەدات کۆتایی بەو شۆڕشەی ژنان بهێنێت، بەڵام هەڤاڵانی ئێمە بە بەرخۆدان ترسیان خستۆتە ناو سیستەمی کۆماری ئیسلامی ئێران لەزیندانە تاریکەکانی ئێران ژنانی سەرجەم گەلانی ئێرانیشیان ئازاد کردوە."

لای خۆیەوە هاوسەرۆکی جڤاکی ئازاد لە بەریتانیا، تورکان ئۆزجان لە پەیامێکیدا بۆ بنەماڵەی ژینا ئەمینی سڵاو و ڕێزی ئاراستە کردن و هەروەها ئاماژەی بەوەکرد "دەوڵەتی ئێران دەوڵەتێکی دیکتاتۆر و فاشیستە و ساڵانێکی درێژە لە ئێراندا ئازادی بوونی نییە، بەتایبەت بە هەموو رەنگێک دژایەتی ژنان دەکات و ژنانی ئازادیخواز بە ئامانج دەگرێت، بەکوشتنی ژینا سەرجەم دەنگە ئازادیخوازەکانی گەلانی ئێران و جیهانی زیاتر بۆ ئازادی ژنان بەگورتر کرد.  بەتایبەت دروشمی ژن ژیان ئازادی کە دروشمی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بوو، لەلایەن ژنانی کورد و شۆڕشگێرانی ئازادیی کوردستان دەوترایەوە، ئەمرۆ ئەم دروشمە بۆتە فەلسەفەی ژنانی جیهان"

لەبەردەوامی چالاکیەکەدا ئامادەبووان بەبڵاوکراوەی ئینگلیزی و بە 'دروشمی ژن ژیان ئازادی' و 'بژی بەرخۆدانی ژنان'، 'بژی بەرخۆدانی زیندانەکان'، 'بژی ڕێبەر ئاپۆ' و 'شەهید نامرن' دوای دوو کاتژمێر چالاکیەکە بە کۆتا هات