لە هێرشی ئاسمانی بۆ سەر غەززە لانی کەم ١٨ کەس کوژران

کاربەدەستانی بەرگری شارستانی غەززە ڕایانگەیاند لە هێرشی ئاسمانیی ئیسرائیل بۆ خاکی فەڵەستین لانی کەم ١٨ کەس کوژران و چەندین کەسی تر بریندار بوون، لە ٧ ی تشرینی یەکەمەوە ٤١ هەزار و ٢٢٦ کەس کوژراون.

پزیشکێکی نەخۆشخانەی ئەلعەودە کە تەرمەکانی لێ دەرهێنراون، بۆ پەیامنێری ئاژانسی فرانس پرێس قسەی کرد و ڕایگەیاند کە ماڵی بنەماڵەی ئەلکەساس لە کەمپی پەنابەرانی نوسەیرات لە ناوەندی غەززە کراوەتە ئامانج و ١٢ کەس گیانیان لەدەستداوە. بەرگری شارستانی پشتڕاستی کردەوە کە ١٠ کەس گیانیان لەدەستداوە و ئاماژەی بەوەدا کە لە هێرشی ئاسمانی بۆ سەر ماڵی بنەماڵەی باسال لە گەڕەکی زەیتون لە باشووری غەززە ٦ فەلەستینی گیانیان لەدەستداوە. بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی بەرگری شارستانی، لە ئەنجامی هێرشی ئاسمانی بۆ سەر ماڵی بنەماڵەی ئەبوشار لە شاری ڕەفەح لە باشووری غەززە، ٢ کەس کوژراون. وەزارەتی تەندروستی حکومەتی حەماس ڕایگەیاند، لە سەرەتای شەڕ لەگەڵ ئیسرائیل کە ١٢ مانگە بەردەوامە، ژمارەی کوژراوانی سەر خاکی فەلەستین گەیشتووەتە ٤١ هەزار و ٢٢٦ کەس. لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا لانی کەم ٢٠ کەس گیانیان لەدەستداوە. هەروەها لە ٧ی تشرینی یەکەمەوە تا ئێستا ٩٥ هەزار و ٤١٣ کەس لە غەززە بریندار بوون.