لە شاری سلێمانی چلەی هونەرمەند ئەحمەد دەروێش بەڕێوەچوو

لە مەراسیمێکی شایستەدا، لە شاری سلێمانی، چلەی هونەرمەند و پێشمەرگەی دێرین، ئەحمەد دەروێش بەڕێوەچوو.

هونەرمەند و پێشمەرگەی دێرینی کوردستان، ئەحمەد محمد فەرەج، ناسراو بە ئەحمەد دەروێش، لە 1_7_1965 چاوی بەدنیا هەڵهێناوە و لە 4_6_2024 بەهۆی نەخۆشییەوە کۆچی دوای کردووە.

دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ کاتژمێر 4:30 دوای نیوەڕۆ، لە هۆڵی تەوار، لە شاری سلێمانی، بە ئامادەبوونی چەندین پێشمەرگەی دێرین و هونەرمەند و وڵاتپارێزان و میدیاکارانی کوردستان، چلەی ماتەمینی ئەم هونەرمەند  و پێشمەرگە دێرینەی کوردستان بەڕێوەچوو.

سەرەتای مەراسیمەکە بە بەخێرهاتنی میوانەکان و خولەکێک وەستان بۆ گیانی شەهیدانی ڕێی ئازادی دەستی پێکرد.

پاشان ئایەتی قورعانی پیرۆز خوێندرایەوە، لەدوای ئەوە، وتاری کۆمەڵەی میللی هونەرمەندانی کوردستان پێشکەشکرا و تێیدا ئاماژەیان بە خۆشەویستی و وەفاداری ئەم هونەرمەندە بۆ خاک و نیشتیمان کرد و وەفاداری خۆیان بۆ ئەم وڵاتپارێزە دووپات کردەوە.

پاشان چوار مۆم لەلایەن مناڵەکانیی و پەنجاو نۆ مۆم لەلایەن هاوڕێکانییەوە داگیرسێندرا.

دوای ئەمانە، لەلایەن هەر یەک لە هونەرمەندان و شاعیران، جەمال نەوڕۆڵی و کاروانی نەی و ڕەوەز نابینا، چەند شیعر و ئاواز و گۆرانی، لەلایەن هاوڕێیانی ئەم پێشمەرگەیە پێشکەش بە یادی هونەرمەندەکە کرا.

هەر لە مەراسیمەکەدا، سینفزیۆنێک سەبارەت بە قۆناغەکانی ژیانی ئەم پێشمەرگە و هونەرمەندە، پێشکەشی ئامادەبووان کرا و تێیدا باس لە هەموو ڕەوت و ساتە گرنگەکانی ژیانی کرابوو.

لە کۆتایدا وتاری بنەماڵە پێشکەشی ئامادەبووان کرا و کۆتایی بە مەراسیمەکە هات.