٤٠ ساڵ شەڕی چەکداری مۆدێرن

کورد ئەزمونێکی مێژوویی لەگەڵ تێکۆشانی چەکداری هەیە، بۆیەش لەلای گەلانی ناوچەکە مرۆڤی کورد بە مرۆڤێکی شەڕانی و کەلە رەق دەناسرێ، ئەمەش لە رۆحی بەرخودانی مرۆڤی کوردەوە دێت.

دوای کپ بوون و بێ دەنگیەکی زۆر لە باکوری کوردستان، تروسکایەک دەرکەوت کە بانگێشەیەکی بەهێزی هەبوو بۆ شەڕی چەکداری، بەڵام خاوەن ئەزمونێکی ئەوتۆ نەبوو، بۆیە دەوڵەتی تورکیا دەیگووت لەماوەی چەند کاتژمێرێک، دواتر گوتی لەماوەی چەند رۆژێک و دوایش گوتی ئەمساڵ نا ئەمساڵ لەناوی دەبم.

یەکەم خۆتاقیکردنەوەی شەڕی چەکداری پەکەکە لەباکور، لە هەرێمی رۆحا لە ساڵی ١٩٧٧-١٩٧٨ لە ناوچەکانی حیلوان و سیوەرەک لە بەرانبەر ئاغاو دەرەبەگە بەکرێگیراوەکان دەستی پێکرد، توانرا تا ئاستێک سەرکەوتن بەدەستبخاو بەکرێگیراون هەندێ تەمبێ بکا.

دووەم خۆتاقیکردنەوە، لە هەرێمی ماردین لە ساڵی ١٩٧٩بوو، بەتایبەت داستانی گوندی ستوونێ، لە ناوچەی دێرک باس دەکرێ، سەرەتای دەستپێکردنی تیمی پارتیزانییە، بەڵام لەبەر ئەوەی مەشق و راهێنانی باش لەسەر چۆنیەتی شەڕی پارتیزانی نەکراوە، بۆیە ناتوانێ ئەنجام بەدەستبخات و بەردەوامبێ.

سێیەم خۆتاقیکردنەوە، دوای ئەوەی گرووپەکان لە لوبنان و ناوچەی دۆڵی بیقاع پەروەردەیان دەبینی ئەوانیش لە ١٩٨١ گەڕانەوە کوردستان، تاکو لە سێ هەرێم دەست بەشەڕی چەکداری بکەن (دێرسیم، گارزان و رۆژئاوای فورات). بەڵام بە شەهیدبوونی فەرمانداری دێرسیم دەلیل دۆغان، بە دیلگیرانی کەمال پیر وەک فەرمانداری گشتی، ئەنجام ئەو قۆناغەش بەردەوامی نەکرد.

دوای ماوەیەک خۆ کۆکردنەوە، لەم ماوەیەش لەلایەک شۆڕشی گەلانی ئێران لە ١٩٧٩ و دیسان دەستپێکردنی شەڕی عێراق – ئێران لە ١٩٨٠و فراوان بوونی شەڕی چەکداری لە سنوری تورکیا و عێراق. بەر لەوەی پەکەکە دەست بەشەڕ تاقیکردنەوەیەکیتری شەڕ بکات، یەکەم هەنگاوی رێککەوتنێکی ستراتیژی بوو لەگەڵ پەدەکە لە ١٩٨٣ بە ئامادەبوونی سەرۆکی هەردوو حیزب رێککەوتنەکەی لە سوریا واژۆ کرد. ئەو رێککەوتنە وەک زەمینەسازی بوو بۆ دەستەبەرکردنی چەک و جبەخانە و ناسینی جوگرافیای بۆتان - بادینان، هەروەها دروست کردنی کەناڵی پەڕینەوە لەگەڵ رۆژئاواو سوریا.

٤٠ ساڵ لەمەوبەر، لە ١٥-٨-١٩٨٤ پەکەکە بەفەرمی شەڕی چەکداری، لە دژی سوپای داگیرکەری تورکیا راگەیاند. بۆ پەکەکەش بڕیارێکی سەختبوو کە پێی گەیشتبوو، بۆ ئەمەش یەکەم چالاکی بەسەرکەوتووی بە فەرمانداریەتی مەعسوم کۆرکماز(عەگید) ئەنجامدابوو. هەنگاوێک کە هەرکەس و لایەنێک لە بەرانبەری سەرسام ببوو، ئەویش لە دوای بەرخودان و کۆمەڵکوژی دێرسیم، لە ساڵی ١٩٣٨ هیچ کەسێک زاتی ئەوەی نەبوو لەماڵی خۆی بەخراپە باسی دەوڵەت بکا، جا کێ دەیتوانی سەنگەر لەو دەوڵەتە بگرێ!! حیزب و لایەنەکانی تری باکوریش، نەک تەنها باوەڕیان بەخۆیان نەبوو لە دژی دەوڵەتی تورکیا شەڕ بکەن، بەڵکو بیریشیان لێ نەکردبوەوە. مەلا بەختیار نوسەری پەرتووکی لە بری بیرەوەری دەڵێت، حیزبەکانی تری باکور خەریکی گفتوگۆ و مشتومڕی بێزارکەر بوون، بەڵام پەکەکە شەڕی چەکداری دەستپێکرد، بۆیە پەکەکە گرەوەکەی بردەوە.

 لەناو هێزەکانی باشوور، یەکەم حیزب لەدژی شەڕی چەکداری پەکەکە وەستایەوە پەدەکە بووە، جەمیل بایک هاوسەرۆکی (کەجەکە) لە مێژووی پەکەکەدا دەڵێت، پەدەکە بەڵێنی دابووە میت کە بەو رێککەوتنەی لە نێوانمان ئەنجامدرابوو، رێگە نەدەن لەدەرەوەی ئەوان جموجۆڵێکی زیاتر بکرێ. بۆیە دەڵێت، ئیدریس بارزانی بەئاشکرا پێی گووتین بۆ بەبێ ئاگاداری ئێمە شەڕی چەکداریتان لە دژی تورکیا دەستپێکردوە، پێویستە یەکسەر ئەم شەڕە بووەستێنن، ئەگەرنا رێککەوتنی نێوانمان هەڵدەوشێتەوە. بۆیە هەر ئەو ساڵە ١٩٨٥ پەدەکە ئابلۆقەی لۆجستیکی و چەک و جبەخانە دەخاتە سەر پەکەکە لە خواکوڕک، زستانێک پەکەکە بە خواردنی ئاردی بەڕووی بەسەر بردووە، بەڵام ملی بۆ داواکاری پەدەکە و تورکیا کەچ نەکردووە.

لە دەوڵەتانی هەرێمی، عێراق یەکەم کاردانەوەی لە ١٩٨٣ نیشاندەدات ئەویش بە دەرفەتدان بۆ لەشکرکێشی و دەربازبوونی سوپای تورکیا لە سنور بۆ ٧٢ کاتژمێر. وایان مەزندە کردبوو کە لە ماوەی ٧٢ کاتژمێردا گەریلای پەکەکە لەناو دەبن.

کاردانەوە جیهانیەکان، سەرەتا ئەڵمانیا کاردانەوەی پیشاندا، لە ١٩٨٧ پەکەکەی خستە لیستی تیرۆر و کادیرە پێشەنگەکانی وەک دوران کەڵکان و عەلی حەیدەر قەیتان گرتن و ماوەی پێنج ساڵ لە زیندانی هێشتنەوە. دوای راپەڕینی باشوریش رێککەوتنی نێودەوڵەتی بە پێشەنگایەتی ئەمریکا لە دژی پەکەکە پێکهات و بە فەرمی لە ٤-١٠-١٩٩٢ چەکدارانی بەرەی کوردستانی پەلاماری گەریلای پەکەکەیان دا لە خواکوڕک و زاپ و حەفتانین.

لە وڵاتێکی داگیرکراوی وەک کوردستان، لەگەڵ ئەوەی کە هیچ دەرفەت بۆ پیادەکردنی داواکاریە سیاسیەکان نییە، هەمانکات زمان و کەلتور و هونەرەکەشی بە سیاسەتی ئاسیملاسیۆن لەناو دەبردرێ، بۆیە مرۆڤی کورد ناچارە بەرگری لە هەبوونی خۆی بکا وەک نەتەوە، پاشان وەک زمان و کەلتور و دابونەریت، هەروەها کەسایەتی خۆی سیاسی و ئەخلاقی بپارێزێ. کوردێک ئەگەر ئامادەنەبێ بەرگری لەو نرخانە بکات، ئەوکات دەبێتە پاروێکی ئاسان بۆ داگیرکەر، داگیرکەریش بە ئارەزووی خۆی یاری بە هەبوون و چارەنووسی دەکات و وەک بەکرێگیراو و نۆکەر و خۆفرۆش هەڵسوکەوتی لەگەڵ دەکات.

پەکەکە لەگەڵ ئەوەی لە بەهاری ١٩٧٣ وەک جوڵانەوەیەکی هزری ئایدیۆلۆژی دەرکەوتۆتە گۆڕەپانی سیاسی، لەبواری چەکداریش توانی مۆدێلێکی نوێ لە شەڕی چەکداری دابێنێ، واتا مۆدێلی پێشمەرگایەتی تێپەڕێنێ و مۆدێلی گەریلایەتی لە شەڕی چەکداری دژی داگیرکەران دابێنێ. کاتێک باسی شەڕی گەریلای دەکرێ، تەنها مەبەست شەڕی پارتیزانی نییە، بەڵکو چەکدارێکی کورد لەگەڵ ئەوەی شەڕ دەکا بۆ ئازادی وڵاتەکەی، هەمانکات خاوەن هزر و ئیدیۆلۆژیا و سیاسەتیشە، واتا فەرماندەیەکی گەریلا هەمانکات بەرپرسیاری رێکخستنی جەماوەریشە، لەلایەکیتر دیپلۆماتە و راگەیاندنکارە و لە هەموو بوارەکانی تێکۆشان کارامە و لێهاتووە، بۆ ئەمە لە ئەدەبیاتی پەکەکە ناوی لێنراوە کادیری پرۆفیشیۆناڵ.

دوای رووخانی یەکێتی سۆڤیەت و پاشەکەشەی بزووتنەوەی رزگاری گەلان و چەپ و سۆسیالیستەکان و سەرکەوتنی لیبرالیست و مۆدێرنیستەکان. لە جیهان بەگشتی و بەتایبەتیش لە باشوور زۆر باسی ئەوە دەکرا کە باوی شەڕی چەکداری نەماوە، گەریلای پەکەکە با چەک دابنێ، ئەو گوتارە دوای پیلانگێڕی نێودەوڵەتی لەسەر رێبەر ئاپۆ لە ١٥-٢-١٩٩٩ چڕتر بووەوە. دیسان لەگەڵ کەوتنی رژێمی بەعس و شەڕی بەناو تیرۆری ئەمریکا لە ئەفغانستان و عێراق زیاتر دەبووە مژاری گفتوگۆی نوسەران و سیاسەتمەداران.

لەپێناو ئەوەی کە پرسی کورد لە تورکیا و تەواوی کوردستان بە رێبازی ئاشتی و سیاسیانە چارەسەر ببێ، لە ساڵی ٢٠٠٠بەدواوە پەکەکە پرۆژە و پلانی بەرفرەوانی پێشکەش کردووە، چوار کۆنگرەی خۆی بۆ ئەو مەبەستە تەرخان کردوە، دوو جار هێزەکانی خۆی لە باکور کشاندۆتەوە، دووجار گرووپی نیازپاکی ئاشتی رەوانەی تورکیا کردووە. دیسان لە ٢٠١٢ لەسەر دەستی چەند دەوڵەتێک لە ئۆسلۆ قۆناخێکی دانوسانی دەستپێکرد، بەردەوامی ئەو قۆناخە لە ئیمرالی لە ٢٠١٣ لە نێوان رێبەر ئاپۆ و نوێنەرانی پارتی دیموکراتی گەلان و حکومەتی تورکیا بە راوێژ لەگەڵ قەندیل بەڕێوەچوون.

لە ٢٠١٦ پاش ئەوەی بەڵگەی لێکتێگەیشتن بەدەستنوسی رێبەر ئاپۆ و بە نوێنەرایەتی پارتی دیموکراتی گەلان (سڕی سوریا ئۆندەر، پەروین بوڵدان و ئیدریس بالوکەن) لەبەردەم کامیرای تیڤیەکانی تورکیا، پێشکەشی شاندی دەوڵەت کرا. بەڵام ئەردۆغان لە پرۆسەکە کشایەوەو بە فەرمی گوتی، هیچ کێشەیەک بەناوی کورد لە تورکیا نییە و ئێمە ئەو دۆسیەمان هەڵگرت خستمانە سەر رەفە. بۆیە لە ٢٤-٧-٢٠١٦ یەکەمین ئۆپەراسۆنی ئاسمانیان بە چل فڕۆکەی ئێف ١٦ دەستپێکرد. دواتریش پرۆژەی ئەژنۆ شکاندن و پڵنگەکانی تامیلیان لێ ئاشکرا بوون کە لە ٢٠١٤ ئەنجومەنی ئاسایشی تورکیا بڕیاری لێدابوو.

هاوپەیمانی ناتۆ تا دەگاتە عێراق و پەدەکە، لەولاشەوە رووسیا و ئێران هەریەکەیان بەشێوەیەک لە شێوەکان لەو شەڕەی ئێستا هەیە، پشتیوانی تورکیا دەکەن، سەرەڕای هەبوونی ناکۆکیەکانیشیان.  بە چەک و تەکنیکی نۆژەن هاوکاری دەبن، چاویان دەگرن لە هەموو ئەو کۆمەڵکوژی و داگیرکەری و تاوانانەی سوپای تورکیا ئەنجامی دەدات. سەرەڕای ئەوەی سوپای تورکیا چەکی کیمیاوی و بۆمبی ئەتۆمی سنوردار و بە سەدان فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی بەچەک و بێ چەک بەکاردێنێ، بەڵام کەس ناڕەزایەتی پیشان نادات.

فەرمانداریەتی هەپەگەش لە بەرانبەر ئەو هێرش و پەلامارانەی سوپای تورکیا بڕیاری شەڕی گەلی شۆڕشگێڕی و گەریلایەتی مۆدێرنیدا، واتا بە مەفرەزەو گرووپی بچوک، جوگرافیا باش بەکارهێنان، بەتایبەت کۆڵینی تونێل و ئەشکەوت و بەکارهێنانی درۆن و تەکنیکی نوێ، تاکو بتوانێ بە هاوبەشی لەگەڵ خەڵک گورز لە سوپای داگیرکەر بدات. بۆیە ئەوە سێ ساڵە لە باکوور تا هەرێمەکانی زاپ، ئاڤەشین، مەتینا، حەفتانین و خواکوڕک شەڕێکی دژوار بەڕێوە دەچێ. دوای ئەوەی شەڕەکەی تورکیا گەیشتە باشووری زاپ و ناو شارۆچکەی ئامێدی، ئیدی هەموو کەسێک رۆژانە شەڕەکە بەچاوی خۆیان دەبینن. شەڕەکە لەوە دەرچووە بڵێن شەڕی پەکەکە و تورکیایە، ئیتر سوپای تورکیا بەنیازی داگیرکاری پەرە بە لەشکرکێشیەکانی دەدات. لەئێستا کە خاوەن زیاتر لە ٧٥ قەرەقۆڵە لە خاکی باشوور تەنها بە بەرخودانی گەل گەریلا دەتوانرێ تێکبشکێنرێ.