بەرخودانی کۆساڵان شۆڕشی ژن ژیان ئازادی بڵێسەدارتر دەکات

" هێرش و پەلاماری رژێم بۆ سەر گەریلاکانی یەرەکە و پڕۆژە و هەڵوێستی پەژاک لەکۆنفڕانسی برۆکسل زۆر بابەتی تەم و مژاوی بۆ هەر کەس روونکردەوە کە قورسایی و کاریگەری پەژاک لەسەر پرسی چارەسەری کێشەی کورد و گەلانی ئێرانی خستەڕوو".

دوابەدوای کۆنفڕانسی “شۆڕش بە پێشەنگایەتی ژنان لەئێراندا، ئێران لەبەر دەرگای شۆڕش یان سەرکوت” کە لەرێکەوتی ٦ی حوزەیرانی ٢٠٢٣ لەلایەن پلاتفۆڕمی دیمۆکراتیکی گەلانی ئێران بە هاوکاری ئەنیستیتۆی کورد لەبرۆکسل پێکهات، شاڵاوی هێرش و پەلاماری داگیرکەری رژێمی ئێران لە ١٢ی حوزەیران (٢٢ی جۆزەردان) بۆ سەر کوردستان سەریهەڵدایەوە. داخۆ گرنگی ئەو کۆنفڕانس لەچیدایە کە رژێم بە لەشکەرکێشی و پەلامار بۆ سەر کۆساڵان و ناوچەکانی دیکەی کوردستان وەڵام دەداتەوە؟ داخۆ رژێم چ کێشە و گرفتی لەگەڵ دەستەواژەی چارەسەری دیمۆکراتیکی پرسی کورد و دیمۆکراتیزە کردنی ئێران هەیە؟! ئایا بە تۆپ باران و سووڕانەوەی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان و لەشکەرکێشی دەکرێت بەربەست لەبەردەم شۆڕشی ژن ژیان ئازادی درووست بکرێت و کۆتایی بە شۆڕشێک بهێنرێت کە جیهانی سەرسام کردووە؟! هەڵگیرساندنی شەڕ و نائارام کردنی کوردستان لەلایەن رژێم و شەڕ فرۆشتن بە گەلی کورد، چ لێکەوتەی بۆ رژێم دەبێت؟ ئایا بە شەڕ فرۆشتن بە گەلی کورد رژێم دەتوانێت لەرۆڵی پێشەنگایەتی گەلی کورد لەشۆڕشی ژن ژیان ئازادی کەم بکاتەوە؟! ئایا ئەو پەلامارانە دەرگای شۆڕش زیاتر ئاوەڵا دەکات یان دەتوانێت شۆڕشی ژن ژیان ئازادی سەرکوت بکات؟!

هیچ ئۆپراسیۆنێک بەرگەی حەماسەی قارەمانی گەریلا ناگرێت

ئەوەی جێگای سەرنج و تێڕامانە کاتێک کە پەژاک پرسی چارەسەری دیمۆکراتیانەی کێشەی کورد و دیمۆکراتیزە کردنی ئێران دەخاتە رۆژەڤ و دەیەوێت کێشەی گەلان، ژنان، گەنجان و پێکهاتەکانی دیکەی ئێران بە رێگای دیمۆکراتیانە چارەسەر بکات، رژێم بە چەک و چۆڵ وەڵامی ئەو داخوازە رەوایەی پەژاک و گەلی کورد داوەتەوەو بە هێرش و پەلامار ویستوویە، رۆژەڤی چارەسەری ئاشتیانە و دیمۆکراتیک بە لاڕێدا ببات و گەلی کورد بە گەلێکی جیاخواز و شەڕانگێز وێنا بکات. لەکاتێکدا پەژاک لەپێناو گەشەدانی دیمۆکراسی و بونیادنانی نەتەوەی دیمۆکراتیک و بەرەی دیمۆکراتیکی گەلان، ژنان، گەنجان، هونەرمەندان و وەرزشکاران و … هتد کار دەکات و تاکە هێزە کە توانیویەتی لەناو ئاڵوگۆڕە سیاسی جیهانی و ناوچەییەکان بە بنەماگرتنی خەتی سێ خاوەن پڕۆژەی دیمۆکراتیک بێت و بە پشت بەستن بە هێز و ئیرادەی نەبەزی گەل، پەرە بە بەرخودان و تێکۆشانی داوە. هاوکات هیچ پڕۆژە و زەخت و گوشارێک تا ئەمڕۆ نەیتوانیوە بەربەست لەبەردەم تێکۆشانی بێ وچانی پەژاک درووست بکات. نموونەی بەرچاوی ئەوەش حەماسەی قەندیل لە ساڵی ٢٠١١یە کە رژێم، چەک و چۆڵ و هەموو هێزی خۆی لەسەر پەژاک تاقی کردوەتەوە، بەڵام بەرگەی حەماسەی قارەمانی گەریلاکانی ئازادی کوردستانی نەگرتووە. بۆیە لەسەردەمێکدا کە رژێم لەلێواری مەرگدایە، تاقی کردنەوەی هەمان ئەزموون تەنانەت لەسەردەمی شۆڕشی ژن ژیان ئازادی و لانکەی کۆساڵان بۆ سەر گەریلاکانی یەرەکە پیلانێکی شکست خواردوو و ماوەبەسەرچووە کە دەتوانێت دەرفەتێکی زێڕین بۆ یەکڕیزی و یەکێتی نێوماڵی کوردی و تێکۆشانی هاوبەشی گەلانی ئێران زیاتر خۆش بکات.

بۆیە ئەگەر رژێم بە هێرش بۆ سەر کۆساڵان دەیەوێت شۆڕشی ژن ژیان ئازادی دابمرکێنێت و بە زەبری چەک و چۆڵ ئەو شۆڕشە داپڵۆسێنێت و تاکە هیوای گەلی کورد و گەلانی ئێران بەو هێرشانە لەبار بەرێت، ئەوا لەهەڵەیەکی جیدی و سەپۆلانەیە. چون ئەو هێرشانە بە پێچەوانەوە دەتوانێت شەپۆڵێکی نوێ شۆڕشی ژن ژیان ئازادی بە دوای خۆی بەرپا بکات کە بە گوڕتر و بە هێزتر لەقۆناخە سەرەتاییەکانی شۆڕش دەبێت.

ئەگەر رژێمی داگیرکەری ئێران ئەنجامی دانوستان و رێکەوتنی لەگەڵ هێزە دەرەکیەکان وەک دەرفەت بۆ سەرکوت و چەوساندنەوەی شۆڕشی ژن ژیان ئازادی و هێزی پاراستنی شۆڕش بە کار بەرێت، ئەوا بەرخودان و تێکۆشانی گەلان لەپێناو یەکێتی و یەکڕیزی گەلانی ئێران و تایبەت گەلی کورد پەرە دەسێنێت و ئەوەش تێپەڕی قۆناخێکی سەردەمیانە دەبێت کە گورزێکی جەرگبڕتر لەبەرپابوونی شۆڕشی ژن ژیان ئازادی بۆ رژێم بە دواوە دەبێت.

ئەگەر رژێم بەو هێرش و پەلامارەی دەیەوێت دڵی دەوڵەتی فاشیستی تورکیا رازی بکات و بەو هێرشە ئامادەگی بۆ بەشداری لەکۆنسێپتی نکۆڵی کردن و پاکتاوکاری گەلی کورد رابگەیەنێت، تاکە بژاردەی گەل و گەریلا بەهێزترکردنی بەرخودان و تێکۆشان لەدژی فاشیزم و داگیرکەرییە کە سەرکەوتنی شۆڕشی ژن ژیان ئازادی لەئێران و ناوچەکە گەرەنتی دەکات.

بە هێرشی سەر کۆساڵان گڵۆپی ئازادی و دیمۆکراسی دانامرکێت

ئەگەر رژێم بە راگەیاندنی رەوشی نائاسایی، قەدەخەکاری و تۆپباران و میلیتاریزەکردنی هەرێمەکە، گرتن و لەسێدارەدان دەیەوێت پاشەکشە بە ئیرادەی ئازادیخوازی شۆڕشی ئازادی ژن بکات و دۆخی ناوخۆی ئێران ئارام و سەقامگیر وێنا بکات و لەبەرامبەر شۆڕشی ژن ژیان ئازادی و هێزی پاراستنی ئەو شۆڕشە هێزنوێنی بکات و درێژە بە هێرشەکانی بدات، گەلی کورد و یەکینەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لەچوارچێوەی مافی پاراستنی رەوا بەرگری لەشووناس و ئیرادەی راپەڕیوی شۆڕشی ژن ژیان ئازادی دەکەن و بەرپەرچی هەر جۆرە هێرشێکی ناڕەوا و زاڵمانە دەدەنەوە.

ئەگەر ئامانجی ئەو هێرشە داگیرکردن و جێگیرکردنی هێزی سەرکوت کار لەبەرزاییەکانی کۆساڵان بێت و بەوەش پاشەکشە بە ئیرادەی ئازادیخوازی گەلی کورد بکرێت، پیلانێکی مەترسیدارە. چون دەرگا بۆ شەڕێکی ماڵوێرانکەر خۆش دەکات. بۆیە ئەو بیرۆکە و پیلانە هەرگیز ناتوانێت پاشەکشە بە شۆڕشی ژن ژیان ئازادی و دامرکاندنی گڵۆپی ئازادی و دیمۆکراسی لەناوچەکە بکات، بەڵکوو قۆناخێکی دژواری شەڕ و ململانێ بە دوای خۆی دەنێتەوە.

دیارە رژێم بەو پیلانە دەیەوێت شۆڕشی ژن ژیان ئازادی تێکهەڵکێشی شەڕی چەکداری بکات و دەرفەت بۆ کۆمەڵکوژکردنی کۆمەڵگا خۆش بکات. واتا بە دوای ناڕەوا لەقەڵەم دان و تیرۆریزە کردنی شۆڕشی ژن ژیان ئازادییە. چون ئەوەش دوا گەمەی رژێمە کە لەکایەی سیاسی تەمەنی دەسەڵاتداری بە دەستیەوە ماوە، ئەنجامی دەدات. هەرچەند کوردستان لانکەی فەلسەفە و رامانی ئازادەو فەلسەفەی ژن ژیان ئازادی تێدا بڵێسەدار بووە، بەو هەراوهورایە، چەکدارانی رژێم ناتوانن لەگەورەیی ئەو شۆڕش کەم بکەنەوە. چون شۆڕشێک کە لە گەوهەری پارادیگمای کۆمەڵگای دیمۆکراتیک، ژینگەپارێز و ئازادی ژن لەدایک بووبێت و بە رامان و فەلسەفەیەک تاجدار کرابێت و بووبێتە فەلسەفەی ژیان و تێکۆشانی گەلان، هەرگیز بە هێرش، بوختان هەڵبەستن و قسەو قسەلۆک لاواز و بێ کاریگەر نابێت.

رژێم دەرگا بۆ شەڕێکی ماڵوێرانکەر دەکاتەوە

ئەگەر رژێم بە داگرساندنی شەڕ و فرۆشتنی شەڕ بە گەلی کورد دەیەوێت تۆی فاشیزم و نەتەوەپەرەستی لەئێران پەرە پێ بدات و بەو شێوەیە دەیەوێت لەقەیرانی ئایدئۆلۆژی، رێوەبەری، سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابووری خۆی رزگار بکات و گەلی کورد و گەلانی ئازادیخواز بە سەرچاوەی کێشە و گرفتەکانی ئێران لەقەڵەم بدات و خۆی بە هێزی رزگارکەر و خۆشەویستی گەل وێنا بکات، جیا لەفریودان و چەواشەکاری شتی دیکەی تێدا نییە. چون هەڵگرساندنی شەڕ لەلایەن رژێم دەتوانێت دەرگا لەبەردەم شەڕێکی ماڵوێرانکەر بکاتەوە کە رژێم بۆ خۆی لێ بەرپرسیارە.

چون ئەو هێرش و پەلامارانە لەکاتێکدایە کە پەژاک پڕۆژەی دیمۆکراتیانەی خۆی لەکۆنفڕانسی برۆکسل بۆ رای گشتی بە راشکاوانە راگەیاند کە ئەو پڕۆژەش بە تاکە پڕۆژەی چارەسەری کێشە هەنووکەیی و مێژوویەکانی ئێرانە کە گەرەنتی ئاشتەوایی، دیمۆکراسی و ئازادی گەلان دەکات. بەڵام ئەوەی کە بیندرا جارێکی دیکە رژێم بەرپرسی بەرپا کردنی شەڕەو وەڵامی ئاشتی و دیمۆکراسی بە زەبری چەک، تۆپباران و داگیرکەری دەداتەوە. ئەوەش لەکاتێکدایە کە یەکینەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لەقۆناخی بێ چالاکیدان، ئەو هێرشانەش بڕیاری بێ چالاکی بێ واتا دەکات، بۆیە یەرەکە لەسەر بنەمای مافی پاراستنی رەوا بە هەموو هێزیەوە وەڵامی هەر جۆرە هێرش و پەلاماری داوەتەوە و دەیداتەوە.

بە بەرخودان و تێکۆشانی دیمۆکراتیک شۆڕشی ژن ژیان ئازادی بڵێسەدارتر دەبێت

هێرش و پەلاماری رژێم بۆ سەر گەریلاکانی یەرەکە و پڕۆژە و هەڵوێستی پەژاک لەکۆنفڕانسی برۆکسل زۆر پرس و بابەتی تەم و مژاوی بۆ هەر کەس روونکردەوە کە قورسایی و کاریگەری پەژاک لەسەر پرسی چارەسەری کێشەی کورد و گەلانی ئێرانی خستەڕوو. هاوکات روانگەی زۆر هێز و لایەنی رووبەڕووی دووڕێیانێک کردوەتەوە کە هێزەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان – یەرەکە لەچوارچێوەی پاراستنی رەوا بەرپەرچی هێرش و پەلامارەکانی رژێم دەدەنەوە، کە دەبێ چاوی هەندێک هێز و لایەنیش بە تێکۆشانی رەوای پەژاک هەڵنەیەت و تۆپە هزری و تایبەتەکانیان هاوشانی تۆببارانەکانی رژێم بخەنەگەڕ. بۆیە کاتی ئەوە هاتووە کە تێکڕا گەلی کورد و گەلانی ئێران بە شێوەیەکی یەکگرتوانەتر بەڕەنگاری هێرشەکانی رژێم ببنەوە و بۆ تێکشکاندنی هەژمۆنی رژێم هەر قوژبنێکی ئێران بکەنە گۆڕەپانی بەرخودان و تێکۆشانی دیمۆکراتیک، تا شۆڕشی ژن ژیان ئازادی بڵێسەدارتر ببێتەوە.

هـ . ب