بیرۆکەکانی عەبدوڵا ئۆجالان رێگەیەکی نوێن بۆ سۆسیالیزم

پائۆلۆ زامۆری رایگەیاند، کە بیرۆکەی کۆنفیدڕاڵیزمی دیموکراتیکی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان رێگەیەکی نوێیە بۆ سۆسیالیزم و وتی، ئەو ئەندێشە و بیرکردنەوەیە کاریگەری دەکاتە سەر چەپ لە جیهانی رۆژئاوا.

سەرۆکی پێشووی شارەوانی فیلاتیەریای ئیتاڵیا کە هاووڵاتیبوونی فەخری بە رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بەخشیبوو، دوای ئەوەی ساڵی ١٩٩٩ لە رۆما دوو کاتژمێر دیداری لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجالان ئەنجامدا، بۆ ماوەی چەندین ساڵی دوور و درێژ لەسەر پرسی کورد و بیرۆکەی کۆنفیدڕاڵیزمی دیموکراتیک کاری کرد و هێشتاش لەسەر ئەوە بەردەوامە.

زامۆری لە سەردانەکەیدا بۆ شەنگال قسەی بۆ ئاژنسی هەواڵی فورات (ANF) کرد.

زامۆری باسی لەوەکرد کە یەکەم جار لە رۆما لە دیدار لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجالاندا ئاشنا بووە بە ئەندێشەی کۆنفیدڕاڵیزمی دیموکراتیک و راشیگەیاند، رێبەری گەلی کورد دواتر لە زیندان ئەو بیرۆکەیەی خۆی بەهێزتر کردووە.

زامۆری ئەوەشی خستەڕوو کە ئەم بیرۆکەیەی عەبدوڵا ئۆجالان کاریگەری لە چەپی جیهانی رۆژئاوا کردووە و وتی، کە کۆنفیدڕاڵیزمی دیموکراتیک رێگەیەکی نوێیە بۆ سۆسیالیزم و دادپەروەری کۆمەڵایەتی.

زامۆری رایگەیاند، کە عەبدوڵا ئۆجالان بیرمەند و تیۆریسیانێکی گەورەیە و ئاماژەی بەوەکرد کە ئەو خۆیشی هەوڵ دەدات ئەندێشەکانی عەبدوڵا ئۆجالان لە ئیتالیا بڵاوبکاتەوە.

زامۆری هەروەها باسی لەوەشکرد کە دۆخی شەنگال مایەی نیگەرانیە، لەو رۆژەوەی هاتووە بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرش ئەنجام دەدرێت، خاڵەکانی پشکنین لە دەوروبەری شەنگال زیادیان کردووە و وتی، لە بەرامبەر ئەمە شەنگالیەکان لە بواری ئایدۆلۆژی کۆنفیدڕاڵیزمی دیموکراتیک زیاتر قایل بوون.

زامۆری ناڕەزایەتی بەرامبەر بە پەدەکە و حکومەتی تورک دەربڕی و وتیشی، "پەکەکە و عەبدوڵا ئۆجالان فێریان کردین کە دەبێت خۆمان بپارێزین، ناکرێت ئێمە داوا لە کەسانی دیکە بکەین کە بمانپارێزن".

زامۆری ئەوەشی خستەڕوو کە ئەو شتانەی لێرە لە شەنگال بینیویەتی لە کاتی گەڕانەوەیدا بۆ ئیتاڵیا بۆ گەل و کاربەدەستانی دەگێڕێتەوە.

هـ . ب