جارێکی تر ڕوون بووەوە کە لە بەرەکانی شەڕدا کێ توانای شەڕی هەیە و کێ ناتوانێت

پەلشین گەریلای یەژا ستار، کە بەشداری ئۆپراسیۆنی شۆڕشگێڕانەی شەهید هەڵمەت دێرەلووک بووە وتی: "سەربازانی تورک تێکشکان. جارێکی تر لە بەرەکانی شەڕدا بینرا کێ توانای شەڕی هەیە و کێ ناتوانێت".

ئۆپراسیۆنی شۆڕشگێڕیی گەریلاکانی ئازادی لەدژی هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بەردەوامە. گەریلاکان ١٢ی کانونی دووەم لە زاپ ئۆپەراسیۆنی شۆڕشگێڕیی شەهید هەڵمەت دێرەلووکیان لە دژی دوژمن ئەنجامدا. لە ئەنجامدا ٦١ داگیرکەر سزا دران، بە دەیان چەک و کەرەستەی سەربازی دەستی بەسەردا گیرا. یەکێک لە بەشداربووانی ئۆپراسیۆنی شۆڕشگێڕیی شەهید هەڵمەت دێرەلووک گریلای یەژا ستار، پەلشین باسی لە ترسی سەربازانی داگیرکەر و شەهیدان سەرخوەبوون و ڕۆژگار کرد.

گریلای یەژا ستار پەلشین سەبارەت بە ئامانج و کاتی ئەم ئۆپەراسیۆنە وتی: "ئۆپەراسیۆنی شۆڕشگێڕیی کە بە ناوی شەهید هەڵمەت دێرەلووکەوە ئەنجاممان دا، ئۆپەراسیۆنی تۆڵەسەندنەوە بوو و ئەم ئۆپەراسیۆنەمان تەرخان کرد بە ڕێبەر ئاپۆ، گەلەکەمان و هەڤاڵانی شەهیدمان . ئۆپەراسیۆنەکانمان لە وەرزی زستان لەنێو سەختی و دژواری زۆردا ئەنجامدا، بەڵام ئەو بارودۆخانە قەد نابێتە بەربەست لەبەردەمماندا. چونکە ئێمە بیر و هزری ڕێبەرایەتیمان هەڵگرتووە. بۆیە ئاستەنگیەکان ناناسین. ئەم ڕۆحەش لەم ئۆپەراسیۆنەدا خۆی نیشان دا، بەڵام لەبەرئەوەی سەربازانی تورک ئایدۆلۆژیان نییە و تەنیا عەقڵییەتیان داگیرکارییە، لەم ئۆپەراسیۆنەدا بینیمان کە چۆن دەترسان، چۆن خۆیان دەشاردەوە، چۆن گورزی قورسیان لە هێزەکانی گەریلا بەرکەوت و لەناو چوون. دەوڵەتی تورک هێزی خۆی لە ئەمریکا وەردەگرێت و خۆی فریو دەدات، ئێمەش هێزی خۆمان لە ڕێبەرایەتی و گەلەکەمان وەردەگرین و دژی داگیرکەران دەجەنگین. ئەو هەنگاوانەی دەست پێکراوە نابێت بوەستێنرێت. تا دەرگای ئیمرالی نەشکێندرێت و شوێنەواری داگیرکاری لە خاکەکەماندا پاک نەکرێتەوە، بەردەوام دەبین لە ئۆپەراسیۆنە شۆڕشگێڕییەکانمان".

گەریلا پەلشین باسی لە ساتەکانی ئۆپەراسیۆنەکە و بارودۆخی سەربازە داگیرکەرەکان کرد و وتی: "کاتێک گەیشتینە سەر لووتکەکە، ساتێکی پڕ لە موراڵ بوو بۆ ئێمە، چونکە چووینە ناو سەنگەرەکانی داگیرکەران و هێرشمان کردە سەریان بەبێ ئەوەی ئەوان هەست بە بوونی ئێمە بکەن. کاتێک بە سەر لوتکەدا تێدەپەڕین، هەڤاڵە شەهیدەکانمان بیر دەهاتەوە. دیارە دەوڵەتی تورک بانگەشە بۆ سەربازەکانی دەکات و ستایشی یان دەکات بۆ ڕای گشتی و جیهان، بەڵام بە چاوی خۆمان بینیمان کە سەربازەکان لە کاتی ئۆپەراسیۆنەکەدا توانای شەڕکردنیان نەبوو. شڵەژا بوون و نەیاندەزانی لە کوێ خۆیان بشارنەوە. هەموو ئەم ڕووداوانە ڕاستەوخۆ بە چاوی خۆمان  بینیمان و ئێمەش بەم دۆخە پێدەکەنین. وڵاتێک کە ٢٤ کاتژمێر ستایشی سەربازەکانی دەکات و دووەم سوپای بەهێزی ناتۆیە، سەربازێکی وای هەیە کە تەنانەت توانای پاراستنی شوێنەکەیان نەبوو. لە شەڕی مەیدانیدا دەردەکەوێت کێ دەتوانێت شەڕ بکات و کێ ناتوانێت. هەر بۆیەش ئەوەندە ئاسان نییە بێنە ناو ئەم خاکەوە و لێ بمێننەوە".

لە کۆتایی قسەکانیدا گریلا پەلشین باسی لە قارەمانانی ئۆپەراسیۆنی شۆڕشگێڕی و هەڤاڵان ڕۆژگار و سەرخۆەبوون کرد و وتی: "سەرەتا زۆر دڵخۆشم کە هاوڕێیەتی هەڤاڵانی وەک شەهید سەرخۆەبوون و شەهید ڕزگار بووم. ئێمە زۆر سەربەرزین کە لەم ئۆپەراسیۆنەدا هەڤاڵانی لەو جۆرەمان هەیە. هەڤاڵ سەرخۆەبوونم لە ماوەیەکی کورتدا ناسی، کەسایەتییەکی ڕوونی هەبوو. ئاواتی مەزنی ئەوە بوو کە لە گەڵ ڕێبەرایەتی ئازاد لە خاکی کوردستانی ئازاد دا بژیت، زۆر گرێدروای هەڤاڵانی بوو، بەردەوام لەگەڵ هەڤاڵانی بوو، هەموو ساتێکی ژیانی تێکۆشان بوو بە دڵ و ڕۆحەوە فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆی لە خۆی وەرگرتبوو. بەشەهید بوونی میراتێکی گەورەی بۆ بەجێهێشتین.

هەروەها هەڤاڵ ڕۆژگاریش بەهەمان ڕۆحی بەرخۆدانەوە ڕۆڵ و ئەرکێکی بەرچاوی لە تێکۆشاندا لە ئەستۆ گرتبوو. هەڤاڵ ڕۆژگار لە بەرەکانی شەڕدا بە ورە و موراڵ بوو. لە سەنگەردا، کاتێک هەڤاڵ ڕۆژگار لەگەڵ مرۆڤدا بوو، مرۆڤ هەستی بەوە دەکرد کە لەشکرێک لەگەڵیدایە و نەک هەر شاخێک بەڵکو  ورەی ئەوەت هەبوو دە شاخ بگرێت. ئەم هەڵوێستە بۆ ئێمە هێز و مۆڕاڵ بوو بەڕاستی. لە هەڤاڵیەتی دا پێگەیەکی زۆر جیاوازی هەبوو، وزەی گەنجی خۆی گواستەوە بۆ هاوڕێکانی و پێشکەشی تەڤگەرەکەی کرد.

ئێستا ئەم دوو هەڤاڵەمان بوونە نەخشەی ڕێگامان. لەمەودوا بە ڕۆحی ئەوان بەشداری تێکۆشان دەکەین. "تا قارەمانی وەک سەرخوەبوون و ڕۆژگار لەم خاکەدا هەبن، بە دڵنیاییەوە ئێمە قەد دەستبەرداری تێکۆشان و ئازادی نابین".