کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) دەربارەی ڕێککەوتنەکەی نێوان ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و حکومەتی دیمەشق، ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە.
کەنەکە دەڵێت: "لە ڕێککەوتنەکەدا، نیاز و داخوازی لایەنەکان گوزارشتی لێ کراوە، هەروەها بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە، دانوستان دەکرێت لەسەر دەستنیشانکردنی لیژنەی پسپۆڕ".
هەنگاوێکی بنەڕەتییە بۆ چارەسەرێکی درێژخایەن
هەروەها کەنەکە دەڵێت: "بێگومان گرنگترین شت ئەوەیە، بەم ڕێککەوتنە هەبوون و قبووڵکردنی گەلی کورد لە دەستووردا مسۆگەر بکرێت و بەهیواین ڕێگە بۆ چارەسەری سیاسی و قبووڵکردنی ستاتۆی فەرمی ڕۆژئاوا بکاتەوە. ئەمە سەرکەوتنێکی مێژووییە و لە بەرژەوەندیی هەموو لایەنەکاندایە. هەنگاوێکی بنەڕەتییە بۆ چارەسەری درێژخایەن، بۆ ڕێزگرتن لە ئایین و ئیتنیکەکانی هەرێمی ژێردەستی قەسەدە و تەواوی سوریا زۆر گرنگە".
کەنەکە ئەم ڕێککەوتنە بە گرنگ دەبینێت و بە هەنگاوی سەرەکی بۆ دۆزینەوەی چارەسەر بۆ کێشە سیاسی و نەتەوەییەکان لە تەواوی هەرێمەکە و بەدیهێنانی ئارامی، ئاماژە بەوەدەکات هاوکاتی ئەم ڕێککەوتنە هەوڵی هێرشی دڕندانە بۆ سەر خەڵکی سڤیلی عەلەوی و نوسەیڕی و مەسیحی هەیە، دەڵێت: "بەهیواین ئەم ڕێککەوتنە بە هەوڵی قەسەدە ببێتە زەمینە و هۆیەک بۆ ئەوەی هەموو گەلانی ڕۆژئاوا و تەواوی گەلانی سوریا لە ئاشتی و ئارامییدا بژین، ئارامی سیاسی و کۆمەڵایەتی بڕەخسێنێت.
وەک کەنەکە پشتگیری لەم پرۆسەیە دەکەین و داوا لە هەموو هێزە دیموکراتیک و ئاشتیخوازەکان دەکەین، بۆ سەرکەوتنی ئەم هەوڵە، پشتگیری دۆزینەوەی چارەسەری سیاسی بۆ هەموو کێشەکان بکەن".