ڕێبەر ئاپۆ سەرەتا لە ساڵی ٢٠١٥ دوای باسکردنی ئەرمەنییەکان لە دیدارێکدا لەگەڵ شاندی ئیمرالی، بە سڕی سوورەیا ئۆندەری وتووە: “تۆ لە ئادیامانەوە دەزانیت. لە ڕاستییدا دەبێت زیاتر چڕبوونەوە لەسەر مێژووی تورکمانەکان بکەن. ڕاپەڕینەکانی باباییەکان زۆر گرنگن. ئەمە دابەشبوونێکی سەلجوقییە. کورمانجەکان و تورکمانەکانیش لە ڕووی چینایەتییەوە لە نزمترین ئاستدان. چەپەکان مێژوویان بۆ نەتەوەپەرستەکان بەجێهێشت”. سڕی سوورەیا ئۆندەریش وەڵامی داوەتەوە: “ڕاپەڕینەکانی باباییەکان لە مێژووی فەرمی ئەم وڵاتەدا کەمترین لێکۆڵینەوەی لەسەر کراوە. وەک دەزانن بابا ئیسحاق خەڵکی ئادیامانە. تەنها ئەحمەد یاشار ئۆجاق یەک توێژینەوەی لەسەر باباییەکان هەیە”.
ڕێبەر ئاپۆ دوای نزیکەی ١٠ ساڵ جارێکی تر لە ئیمرالی لە پەیامێکدا کە لە ڕێگەی پەروین بولدان، ئەندامی شاندی ئیمرالی و هاوکات ئەندامی پەڕلەمانی دەم پارتی لە وان و فایەق ئۆزگور ئەرۆل، یەکێک لە پارێزەرانی نووسینگەی یاسایی ئەسرین بۆ سڕی سوورەیا ئۆندەر، ئەندامی شاندی ئیمرالی کە لە نەخۆشخانەی فلۆرێنس نایتینگەیل لە بەشی چاودێری چڕدایە، نارد، جەختی لەسەر نەریتی بابا ئیسحاق و کەلتووری تورکمان کردەوە.
بەشێک لە پەیامەکەی ڕێبەر ئاپۆ بۆ سری سوورەیا ئۆندەر
ڕێبەر ئاپۆ لە پەیامەکەیدا دەڵێت: “هیوای زوو چاکبوونەوە بۆ سری سوورەیا ئۆندەر دەخوازم لە نەخۆشییەکەی، هەروەها هیوای سەرساغی بۆ هاوڕێ و خێزان و دۆستە نزیکەکانی دەخوازم، من و سری سوورەیا ١٢ ساڵ پێکەوە خەباتمان کرد، گرنگی گەورەی ئەو ئەمەیە: وەک مرۆڤێک لە سەمسوور لە پێکهاتەی تورکمان، کە مرۆڤێکی خاوەن ئایدیاڵە و نوێنەرایەتی مێژوو نەریتی بابا ئیسحاق دەکات، مرۆڤێکە کە هەوڵدانێکی گەورە بۆ ئاشتی لە کۆمەڵگادا نیشان دەدات، ئەو لە کەسێتی خۆیدا لە کۆمەڵگا و پەرلەمان و شەقامدا ڕەچەشکێنی کرد.”
بابا ئیسحاق و ئەو کەلتوور بەرخۆدانییەی کە ئافراندی، جارێکی تر بە پەیامی ڕێبەر ئاپۆ بۆ سڕی سوورەیا ئۆندەر بووەتە بابەتی گفتوگۆ و یەکێکە لەو بابەتانەی زۆرترین سەرنجی ڕاکێشاوە. لەم دۆسییەدا ڕۆژنیوز بابا ئیسحاق و کەلتوورە بەرخۆدانییەکەی بۆ خوێنەرانی دەخاتەڕوو.
ڕاپەڕینی بابا ئیسحاق و ئەو کەلتوورەی کە بەرهەمی هێنا
ئەو زەوییانەی کە پێش دەسەڵاتی عەلائەدین کەیقوبادی یەکەم، فەرمانڕەوای سەلجوقی، موڵکی هاوبەش بوون، دوای ساڵی ١٢٣٠ وردە وردە دەستبەسەرداگرتنی ماڵ و زەوی دەستی پێکرد. ئەوەش ناڕەزایی لە کۆمەڵگادا زیاد دەکات و پەیوەندییەکان تێک دەدات. بەهۆی ئەم تێکچوونەوە لە گوندەکاندا ئاغایەتی و دەسەڵاتدارێتی موڵکدارێتی دەست پێدەکات. ئاغاکان نەک تەنها دانیشتوانی گوندییەکانیان وەک کرێکار بەکار دەهێنا، بەڵکو لە نێوان گوندنشینان و دەوڵەتیشدا وەک چینێکی ناوەند کاریان دەکرد. ئەمەش بە شێوەیەکی سرووشتی کاریگەریی لەسەر ژیانی ڕۆژانەی تورکمانەکان و گەلانی تر دەکرد و دەبووە هۆی کێشەی ئابووری.
کاتێک عەلائەدین لە ساڵی ١٢٣٧ کۆچی دوایی کرد، چاوەڕوان دەکرا کوڕەکەی کلچ ئارسەلان ببێتە فەرمانڕەوا، بەڵام لەژێر فشاری ژمارەیەک فەرماندە بەتایبەتی سەعدەدین کۆپەک، لە هەمان ساڵدا گیاسەدین کەیخوسرەوی دووەم دەچێتە سەر تەختی سەلجوقی. لە سەردەمی گیاسەدیندا، ئێرانییەکان و تورکە شارنشینەکان پلە و پۆستی بەڕێوەبردنیان پێ دەدرێت و تورکمانەکان پەراوێز دەخەن و بە چاوێکی کەمەوە تەماشایان دەکەن. فشارەکان لەسەر تورکمانەکان زیاتر دەبێت. شێوازی بەڕێوەبردن و کەلتووری ژیانی دەوڵەتی سەلجوقی کە بەندە بە زۆرداری، چەوساندنەوە و تاڵانکردن، کە لە دنیای واتایی کەلتووری کۆمیناڵ و ئازادییدا جێ ناگرێت، دەبێتە هۆی ناڕەزایی جددی لای تورکمانەکان. لە لایەکەوە هەڵسوکەوتی سووکایەتی ئامێزی تورکە شارنشینەکان بەرامبەریان، لە لایەکی ترەوە بەڕێوەبردنی خراپی دەوڵەت و هەڵوێستی زاڵی دەسەڵاتداتان، وا لە تورکمانەکان دەکات ڕابپەڕن.
بابا ئیلیاس، ڕێبەری تەریقەتی بابایی، دوای داگیرکاری مەغۆل لە خوراسانەوە کۆچی کردووە بۆ ئەنادۆل و لە ئاماسیا نیشتەجێ بووە. بابا ئیسحاق، کە لە ڕاپەڕینەکەدا دەرکەوت و تەنانەت ڕاپەڕینەکە بە ناوی ئەوەوە ناسرا، سەرەتا وەک دەروێشێک بووە یەکێک لە موریدەکانی بابا ئیلیاس. دواتر بە تێگەیشتن و لێگەڕین، لە لایەن چواردەورەکەیەوە ڕێزی زۆری لێ گیرا و شارەزاییەکەی زۆر بەدەست دەهێنێت، بە جۆڕێک تورکمانەکان لە زیکرە ئایینییەکانیاندا ناوی دەهێنن.
باباییەکان لە بانگەشەکانیاندا بۆ خەڵک، باسی ئەو ناعەدالەتییانە دەکەن کە بەرامبەریان کراوە، باسی خراپی دەوڵەمەندی و بێڕەوشتی دەسەڵاتدارانی سەلجوقی دەکەن، باس لەوە دەکەن کە ئەوان باوەڕیان وایە خەڵک لە ڕاستیدا مافی یەکسانیان هەیە بەڵام ئەم مافانەیان لەلایەن کەمینەی دەوڵەمەندەوە لێ زەوت کراوە. بابا ئیسحاق بەڵێن دەدات کە دەوڵەتی سەلجوقی بڕووخێنێت و لە جێگایەوە سیستەمێک دادەمەزرێت کە ئەم ناعەدالەتییە چارەسەر بکات. بۆ ئەمەش، پێی وایە پێویستە ژێر و ژوورکردنێکی کۆمەڵایەتی ڕوو بدات.
بابا ئیسحاق، لە ١ـی ئابی١٢٤٠ـدا، بە بیانووی نادادییەکی کارمەندێکی باجی سوڵتان کە بەرامبەری کردووە، بە سوپایەک کە لە تورکمان، کورد، ئەرمەنی، ڕۆم و گەلانی تری ناوچەکە پێکهاتووە، سەرەتا کەفەرسود (ناوچەی سامساتی کۆنە کە لەگەڵ دروستکردنی بەنداوی ئەتاتورک لەژێر ئاوی ڕووباری فوراتدا ماوەتەوە) داگیر دەکات. لە سوپاکەی بابا ئیسحاقدا ژن و پیاو، بەساڵاچوو و گەنج، هەر کەسێک بتوانێت چەک هەڵبگرێت، بەشداری دەکات. دوای کەفەرسود، بە دوای یەکدا حسن-ی مەنسور (ئادیامان)، بەسنی، گەرگەر و کاختا داگیر دەکات و بەرەو مەلاتیا پێشڕەوی دەکات. مزەفەرەدین عەلیشیر، والی مەلاتیا، کە ویستی بەو هێزانەی کە لە سەربازانی سەلجوقی و بەشێک لە خەڵکی مەسیحی کۆیکردبووەوە بەرهەڵستی بابا ئیسحاق بکات، هەردوو جەنگی دۆڕاند. دوای جەنگەکەی دەوروبەری ئەلبیستان، بابا ئیسحاق سوپاکەی گەورەتر دەکات و درێژە بە ڕێگاکەی دەدات. تایبەتمەندییەکانی سوپای بابایی ئەوەیە کە بەشداربووانی جەنگەکە جلی ڕەش، کڵاوی سوور و پێڵاوی سەندەلییان لەپێ بووە.
بابا ئیسحاق، کە بە بێ وەستان بەرەو ئاماسیا پێشڕەوی دەکرد، سیواس داگیر دەکات. تورکمانەکانی کارامان و جانیک کە لە دەوروبەری سیواس دەژیان و تورکمانەکانی چێپنی کە لە دەوروبەری سینۆپ دەژیان، بەشداری ڕاپەڕینەکە دەکەن. باباییەکان بە داگیرکردنی تۆکاتیشیان و دەچنە ناوچەی ئاماسیا.
باباییەکان وەک سوپایەک کە لە ژن، پیاو و منداڵ پێکهاتبوو، بەردەوام دەبن لە پێشڕەوی بەرەو ئاماسیا. لەو شار و ناوچانەی پێیدا تێدەپەڕن، ئاڵقەکانی زنجیری دەسەڵاتی سەلجوقی یەک بە یەک دەشکێنن، خەڵکانێکی زۆر کە لە فشاری دەوڵەت دەترسن و خۆیان دەشارنەوە، پۆل پۆل بەشداری ڕاپەڕینەکە دەکەن. هێزێکی گەورە دەنێردرێت بۆ سیواس. ئەوان، سەرەڕای هەموو بەرگرییەکانی گارنیزۆنی شاری سەلجوقی، سەرکەوتوو دەبن لە داگیرکردنی ئەوێش. هەموو بەڕێوەبەرانی دەوڵەت کە بە زیندوویی ماونەتەوە، دەکوژن.
کەیخوسرەو، ئەمجارەیان هەموو هێزەکانی کۆ دەکاتەوە و خۆی ئامادە دەکات بۆ جەنگێکی کۆتایی. نەجمەدین بەهراماشاه وەک بەرپرسی سوپایەکی ٦٠ هەزار کەسی کە هەزار سەربازی کرێگرتەی تایبەت ڕێکخراوی فرانکیشی تێدایە، دادەنێت. باباییەکان لە دوازدەهەمین جەنگدا بە پێشەنگایەتی سەربازە کرێگرتەکانی فرانک، دوای شەڕێکی سەخت و توند، پەرتەوازە دەکرێن و هەزار کەس، بێ گوێدانە ژن، پیاو و منداڵ، لەو شوێنە دەکوژرێن. بابا ئیلیاس کە لە قەڵای ئاماسیا لە دۆخی بەرگریدا بوو، بە فێڵ هێڵی بەرگرییەکەی دەشکێت و قەڵاکە دەکەوێتە ژێر گەمارۆ. لەم گەمارۆیەدا شەڕی زۆر خوێناوی ڕوودەدات. لەوێ بابا ئیلیاس دەستگیر دەکرێت و لە شوورای قەڵاکە هەڵدەواسرێت.
گیاسەدینی دووەم کە ئەم هەواڵە دەبیستێت، پایتەختی کۆنیا جێدەهێڵێت و دەکشێتەوە بۆ کوبادابات (شوێنێکە لە سنووری گوندی گۆل کایای ئێستا لە ناوچەی بەیشەهری کۆنیا). بەڵام سوپای گەلی بابایی لەژێر فەرماندەیی بابا ئیسحاق و حاجی موباریزودین ئارماغانشاه، کاتێک دەگەنە ئاماسیا، ڕووبەڕووی لاشەی هەڵواسراوی بابا ئیلیاس دەبنەوە لە قەڵاکەدا. خەڵک و بابا ئیسحاق، کە لە تووڕەییدا شێت دەبن، سوپاکەی ئارماغانشاه پەرتەوازە دەکەن و دەیکوژن و بەرەو کۆنیا، پایتەختی دەوڵەتی سەلجوقی، دەڕۆن.