پشتگیریییە نێونەتەوەییەکان لە پرۆسەی 'ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک' درێژەی هەیە و لە ١ و ٢ـی تەممووز شاندێکی ئەورووپی لە چوارچێوەی کەمپینی 'دەمەوێت دیدار لەگەڵ ئۆجالان بکەم'دا سەردانی تورکییان کرد و ڕیزە کۆبوونەوە و دیدارییان ئەنجام دا. سیاسەتەمەداری سویسری و سەرۆک شارەوانی پێشووی جنێڤ ڕیمی پاگانی یەکێک بوو لە ئەندامانی شاندەکە. پانگانی کە پێشتر لە نزیکەوە چاودرێری کۆبوونەوەکانی نێوان حکومەتی کۆڵۆمبیا و هێزە چەکدارە شۆڕشگێرەکانی کۆڵۆمبیا (فارک) کردبوو، پەیوەست بە سەردانەکەی بۆ تورکیا و هەوڵەکان بۆ چارەسەری پرسی کورد بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) قسەیکرد و بۆچوونی خۆی دەربڕی.
پاگانی سەرەنجی خستەسەر سەردانییەکەیان بۆ تورکیا و جەختی لەوەکردەوە ئامانجی بنەڕەتییان ئەنجامدانی دیدار بووە لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆدا و تا لەوڕێگەیەوە ڕۆڵییان هەبێت لە چارەسەری پرسی کورد. هەروەها جەختی لەوەکردەوە خواستیان بووە لە ڕێگەی دەم پارتییەوە لەگەڵ نوێنەرانی پارتەکانی تورکیا کۆببنەوە. هەروەها ئەوەی خستەڕوو لە ڕێگەی پارێزەرەکانی ڕێبەر ئاپۆوە ویستوویانە دیداری لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ ئەنجام بدەن.
پاگانی سەرنجی خستەسەر نامەکەی ڕێبەر ئاپۆ کە بۆ شاندەکەی ناردبووە، جەختی لەوەکردەوە نامەیەکی مانادار بووە و تێیدا ڕێبەر ئاپۆ جەختی لە بەردەوام بوونی پرۆسەکە کردووەتەوە.
پاگانی مەراسیمی چەک سوتاندنی گرووپی 'ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک'ـێ بە هەنگاوێکی گرنگی دانا و پەیوەست بە ئەو ئەزموونەی لە پرۆسەی نێوان حکومەتی کۆڵۆمبیا و فارکەوە ئاماژەی بەوەدا هەمیشە نیگەرانی و ترسی لە هەڵوێستی حکومەت هەبووە، پانگانی ئاشکرای کرد نزیکەی ٤٠٠ چەکداری فارک دوای چەکدانیان و گەڕانەوە بۆ نێو ژیانی مەدەنی کوژران و ئەمەی گوت: "چالاکییەکە بەشێوەی پەیامێکی سیمبوڵی دەبین، پیویستە لەم بابەتە مرۆڤ زۆر ئاگاداربێت. چونکە شەڕ هێشتا کۆتای پێنەهاتووە. ڕقێکی گەورە بوونی هەیە، ئەم ڕقەیش زۆر بەئاسانی دەتوانێت بگۆڕێت بۆ شەڕ و توندووتیژی."
هەروەها پاگانی مەراسیمی سوتاندنی چەکی بە ئەرێنی لێدایەوە و گوتی: "هەرخۆی بەڕێز ئۆجالان بە کۆتایپێهێنان بە کار و چالاکییەکان لەژێر ناوی پەکەکە و کۆتایهێنان بە تێکۆشانی چەکداری لە زیندانەوە کارێکی گرنگ و ماناداری کرد. بەڵێ ئەمە بانگەوازییەکە بۆ درێژکردنی دەستی ئاشتی بۆ دەوڵەت. بەڵام دیسانەوە دەیڵێمەوە پێویستە مرۆڤ لەم بابەتەدا زۆر وریا و ئاگادار بێت؛ بۆئەوەی لایەنی بەرانبەبەریش وەڵام بداتەوە دەبێت هەندێک هەلومەج برەخسێندرێن.
لە لایەنی دژبەرەوە هەندێک هەنگاوی سەرەتاییمان بینی. بەڵام هێشتا ئەم شتانە بەس نییە بۆ سەرکەوتنی پرۆسەکە. پێویستە هەنگاوی سیاسی و یاسای بنرێت. لەبەرئەوەی تاوەکو ئێستا هەنگاوێکی لەو شێوەیە نەنراوە، نیگەرانییەکانم جددییە."
ڕیمی پاگانی لەسەر بەرپرسیارێتی کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی، نەتەوە یەکگرتووەکان، وڵاتانی ئەورووپا لەم پڕۆسەیەدا گوتی: "بەڵێ، بەرپرسیارێتییان هەیە. سویسرا خاوەن بەرپرسیارێتییە لە بابەتەدا. خۆم پێشنیارم کرد بۆ پەیوەندییەکان لەگەڵ خاچی سووری نێونەتەوەیی، نەتەوە یەکگرتووەکان و سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ببەم بە نێوندگیر. ئامانجم ئەوە بوو پشتگیری پڕۆسەکە بکەم و بە فەرمی کردنی لە چوارچێوەیەکی یاساییدا لەگەڵ بەرپرسانی نێونەتەوەی و نەتەوە یەکگرتووەکان واژۆ بکرێت."
بۆ پرسیاری "لە نزیکەوە گەواهیدەری پرۆسەی نێوان حکومەتی کۆڵۆمبیا و فارک بوون. بە پشتبەستن بە نموونەکانی جیهان، لەم پڕۆسەیەدا ئەوشتەی دەبێت مرۆڤ ئاگاداری بێت چیە؟ پاگانی ئەم وەڵامەی دایەوە:
"ئەمە بابەتی گفتوگۆکەم بوو لەگەڵ پارێزەرانی بەڕێز ئۆجالان. بەڵێ، پرسیم ئایا لێکۆڵینەوەیان لە پرۆسەکانی ئاشتی لە وڵاتانی وەک ئەفریقای باشوور یان کۆڵۆمبیا کردوە یان نا. ئەم جۆرە شەڕانە سوودیان لە هەندێک ئامراز وەرگرتووە. پێیان وتم، بەڵێ باش دەزانین، بەڵام تورکیا جیاوازە."
بەڕای من ئەم پرۆسانە زۆر جیاواز نین. شەڕ لە هەر شوێنێک ڕووبدات هەمان شتە. ئەوەی جیاوازە ئەوەیە کە چۆن ئاشتی بەدی دێت، چۆن چەک دادەنرێت. جیاوازیی ئەمەیە. هەربۆیە لە دوای جەنگی جیهانی دووەم وڵاتان بڕیاریان دا یاسای جەنگ کۆد بکەنەوە. چونکە پێش ئەوە یاسایەکی نووسراوی لەو شێوەیە نەبوو.
ئەمڕۆ یاسای شەڕ نووسراوە و هەموو لایەنەکان پێناسەکانی وەک تاوانی لە دژی مرۆڤایەتی، تاوانی جەنگیان واژۆ کردوە. دادگای سزای نێونەتەوەیی (DCN) ئەم پێناسانە لە خۆی بار دەکات. تاوانەکانی وەک قڕکردن، تاوانەکانی جەنگ لە دژی مرۆڤایەتی، تاوانەکانی جەنگ. ئەم پێناسانە زۆر کۆن نین؛ لە کۆتایی جەنگی جیهانی دووەمدا خرایە نێو یاسا نێونەتەوەییەکانەوە.
ئەمە خاڵێکی گرنگە. هەربۆیە بەڕای من یاسای نێونەتەوەیی هەنووکەیی دەتوانێت چوارچێوەیەک بێت بۆ پرۆسەی ئاشتی لە لایەن بەڕێز ئۆجالانەوە دەستیپێکردووە. دەبێت بەڕێز ئەردۆگان ڕێگە بدات هێزە نێونەتەوەییەکان چاودێری ئەم پڕۆسەیە بکەن و ببنە نێوەندگیر. دەبێت پەسەندی بکات لەگەڵ ئۆرگانە نێونەتەوەییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان کۆببێتەوە. پێویستە نێوەندگیرێک لە لایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە دەستنیشان بکرێت. کەسانی شارەزا دەبێت چاودێری ئەم پرۆسەیە بکەن. پێویستە پەرلەمان یاسایەک ئامادە بکات بۆ جێبەجێکردنی ئەم پرۆسەیە."