بە دیمەن

"گەر ئێوە جدین دەرگاکانی ئیمراڵی بکەنەوە، با ئۆجالان پەیامی ئاشتی بدات"

هاوسەرۆکی گشتی دەم پارتی تولای حاتەم ئۆغۆللاری لە گردبوونەوەی "دیموکراسی و ئازادی" قسەی کرد و گوتی: ""گەر ئێوە جدین دەرگاکانی ئیمراڵی بکەنەوە، با ئۆجالان پەیامی ئاشتی بدات".

گردبوونەوەی "دیموکراسی و ئازادی" لە ئێلح بۆ ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ و چارەسەری پرسی کورد بە پێشەنگایەتی پلاتفۆرمی ڕێکخراوە دیموکراتیکەکان بە جۆشەوە بەردەوامە. هاوسەرۆکی گشتی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) تولای حاتەم ئۆغۆللاری قسەی کرد، سەرەتا سەرۆکی شارەوانی ئێلح ئەدیب سۆڵمەزی بیرهێنایەوە کە ٤٥ پێش ئێستە کوژرا، گوتی: "ئەوانەی ئەوکات ئەدیب سۆڵمەزیان گولـلەباران کرد، هەر ئەو زیهنیەتەیە ئەمڕۆ قەیوم دادەنێت".

حاتەم ئۆغۆللاری ڕایگەیاند لەڕێگەی قەیومەوە مافی دەنگدان و هەڵبژاردن دەستی بەسەردا گیراوە و دەخوازن هەڵبژاردن نەهێڵن، ئەمە نابێتە دیموکراسی بەڵکو دەبێتە فاشیزم، تێکۆشانی هاوبەش دژی فاشیزم بەردەوام دەبێت. گوتی: "قەیومی ئێلح لە توویتێکدا دەڵێت "چارەنووس و هیوای تورک و کورد یەکە"، درۆ دەکات. گەلی ئێلح لێرەیە، هیوای گەلی ئێلح و خوشک و برایەتی لێرەیە، تۆ ناتوانی نوێنەرایەتی ئەوان بکەیت. تۆ قەیومی، تۆ دزی، تۆ بە قەڵغانی پۆلیس و بەزۆرەملێ لە شارەوانییەکان نیشتەجێ بووی".

حاتەم ئۆغۆللاری تیشکی خستەسەر چارەسەری پرسی کورد و پێشهاتەکانی ئەم دواییە، ڕایگەیاند کورد ٤٠ ساڵە بۆ ئاشتی و خوشک و برایەتی و دیموکراسی تێدەکۆشێت، کەچی ئەوان ویستیان کورد سەرکوت بکەن و نەیانتوانی، ئەمڕۆ ئەم گۆڕەپانە نیشانی دا کە ئەوان سەرنەکەوتن، گوتی: " لێرەوە بانگەواز لە ئەنقەرە دەکەین؛ ئێمە ئامادەین بۆ ئاشتییەکی شەرەفمەندانە، بۆ چارەسەر لەسەر بنەمای دیموکراتیک ئامادەین. بۆیە ئەگەر ئێوە جدین، پێش هەموو شتێک دەرگای ئیمراڵی بکەنەوە، با بەڕێز ئۆجالان بێتە دەرەوە و پەیامی خۆی بە هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوین بدات. ئەگەر هاوبەشە بچووکەکەت دڵسۆزە با سەرەتا وەزارەتەکان ڕابسپێرێت و دەرگای ئیمراڵی بکاتەوە بۆ ئەوەی بەڕێز ئۆجالان پەیامی خۆی بە گەلی کورد و گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوین بدات".

ئۆغۆللاری ڕایگەیاند هێشتا ئەردۆگان وەک سەرۆککۆمار لەم بارەیەوە قسەی نەکردووە، ڕاوێژکار و وتەبێژەکانیان دەدەوێن، گوتی: "ئەوان دەڵێن قەیوم "بەرەنگاربوونەوەی تیرۆرە"، بڕۆن بەلای کارتانەوە، گوڵستان سۆنوک ٦٥٪ ی دەنگەکانی هێنا و قەیومتان دانا، باسی خوشک و برایەتی دەکەن، ئەمە کەی خوشک و برایەتییە. لە زیهنیەتی ئەواندا نکۆڵی و لەناوبردن و تاکپەرستی هەیە".

حاتەم ئۆغۆللاری ئاماژەی بەوە کرد ئەوان دەڵێن دەم پارتی ئاشتی ناوێت، ئەمە درۆیەکی مەزنە، دەم پارتی بۆ ئاشتییەکی شکۆمەندانە ئامادەیە، ئەگەر دەسەڵات دەستی ئاشتی درێژ بکات دەستی دەگرین، ئەگەر نا بۆ تێکۆشان ئامادەین. گوتی: "گەلی کورد پەروەردە بە زمانی دایکی دەوێت، پرۆسەی گفتوگۆ و دانوستانی دەوێت لەسەر زەمینەیەکی دیموکراتیک. ئاخۆ عەقڵی دەوڵەت و دەسەڵات ئامادەن؟ گەلەکەمان چاوەڕێی ئەم وەڵامەیە".

حاتەم ئۆغۆللاری تیشکی خستەسەر ستەمی دەسەڵات لەسەر ژنان و ڕایگەیاند دەسەڵاتداران بەرگەی ئەوە ناگرن ژن لە سیاسەت و گۆڕەپانی جەماوەرییدا جێ بگرن، بۆیە دانانی قەیوم هەڵوێستێکە دژی ژنان. قبووڵ نەکردنی هاوسەرۆکایەتی و نوێنەرایەتی یەکسانە.