چارەنوسی ٤ کورد کە لەلایەن هێزەکانی ئێرانەوە رفێندراون نادیارە
تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان رایگەیاند، کە دەوڵەتی ئێران بەر لە ١٣ رۆژ ٤ کەسی رفاندووە، کە یەکیان منداڵە و تائێستاش چارەنووسیان نازانرێت.
تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان رایگەیاند، کە دەوڵەتی ئێران بەر لە ١٣ رۆژ ٤ کەسی رفاندووە، کە یەکیان منداڵە و تائێستاش چارەنووسیان نازانرێت.
بە گوێرەی هەواڵێکی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان رۆژی ٥ی تشرینی دووەم هێزێکی سەر بە ئیتلاعاتی ئێران بە بێ نیشاندانی بریاری دادگا هەڵیکوتاوەتە سەر گوندی دێوەزناوی سەر بە شاری سەوڵاوای پارێزگای سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان.
باس لەوەدەکرێت، لە هەڵکوتانە سەر ئەو گوندەدا ٤ هاووڵاتی بە ناوەکانی جەعفەر ئەردەڵانی تەمەن ٤٠ ساڵ، محەمەد کەریمی تەمەن ٣١ ساڵ، حەمید ساڵح نەژاد تەمەن ٢٧ ساڵ و سینا ئەسەد حەکیمی تەمەن ١٥ ساڵ دەستبەسەرکراون.
لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەش خراوەتەڕوو، دوای دەستبەسەرکردنیان ئەو چوار کەسە گواستراونەتەوە بۆ زیندانی ئیتلاعات لە سنە و لەو کاتەوە رێگە نادرێت بنەماڵە و پارێزەرانیان ببینن.
باس لەوەشکراوە، کە تائێستا لە بارەی دۆخی ئەو چوار دەستبەسەرکراوە هیچ زانیارییەک بەردەست نییە.