حیزبوڵای عێراق هه‌ڕەشه‌ له‌ كازمی ده‌كات؛ ده‌ست به‌ هێرشه‌كانی سه‌ر ئه‌مریكا ده‌كه‌ینه‌وه‌

حیزبوڵای عێراق ده‌ستی به‌ هه‌ڕەشه‌ له‌ حكومه‌تی مسته‌فا كازمی كرده‌وه‌ و رایگه‌یاند،‌ ده‌ست به‌ هێرشه‌كانی بۆ سه‌ر ئه‌مریكا ده‌كاته‌وه.

كه‌تیبه‌كانی حیزبوڵای عێراق له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا ده‌ڵێت، چه‌ندین هه‌لیان به‌ حكومه‌تی كازمی داوه‌ له‌ گفتوگۆكانی له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا بۆ ئەوەی چاره‌نووسی ئه‌و هێزانه‌ یه‌كلایی بكاته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌نجامی هه‌ردوو گه‌ڕی گفتۆگۆکان خراپ بووه‌ و مایه‌ی نیگه‌رانییه‌.

باس له‌وه‌ش ده‌كات كه‌ لێدوانه‌كانی ئه‌مریكا بۆنی ئه‌وه‌یان لێدێت به‌م نزیكانه‌ له‌ عێراق نه‌كشێنه‌وه‌، ئه‌مه‌ش وامان لێده‌كات كه‌ بڵێین، ئه‌مریكا راستگۆ نییه‌ و حكومه‌تیش ناتوانێت ده‌ریان بكات.

له‌ به‌شێكی تری به‌یاننامه‌كه‌دا حیزبوڵای عێراق ده‌ڵێت، "ئاماده‌ین به‌ واجبی شه‌رعی و یاسایی و نیشتمانیی خۆمان هه‌ستین و له‌مه‌ودوا رێچكه‌ی مقاومه‌ هه‌ڵكشانی زیاتر به‌خۆوه‌ ده‌بینێت".

ژ.ت