نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌سه‌ر بڵاوبوونەوەی حەشدی شەعبی لە‌ به‌غدا هاته‌ ده‌نگ

نێرده‌ی‌ تایبه‌تی‌ رێكخراوی‌ گشتی‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ عێراق رایگه‌یاند كه‌ كاردانه‌وه‌كانی‌ دوێنێی‌ حه‌شدی‌ شه‌عبی‌ له‌سه‌ر ده‌ستگیركردنی‌ فه‌رمانده‌كه‌یان پایه‌ی ده‌وڵه‌تی عێراق بێهێز ده‌كات و متمانه‌ی خه‌ڵكیش لاواز ده‌كات.

جنین پلاسخارت نوێنه‌ری‌ تایبه‌تی‌ سكرتێری‌ گشتی‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ عێراق له‌ په‌یامێكدا له‌سه‌ر ئاڵۆزییه‌كانی‌ دوێنێی‌ به‌غدا رایگه‌یاند كه‌ "هه‌موو گرتنێك پێویسته‌ به‌ڕێچكه‌ی خۆی بڕوات، هه‌ر وه‌ك چۆن بۆ عێراقییه‌كان وایه‌".

جنین پلاسخارت ده‌ڵێت: "به‌ دڵنیاییه‌وه‌ نابێت هیچ كه‌سێك په‌نا بباته‌ به‌ر نمایشكردنی هێز بۆ به‌ده‌ستهێنانی داخوازییه‌كان، كرداری له‌م جۆره‌ پایه‌ی ده‌وڵه‌تی عێراق بێهێز ده‌كات و متمانه‌ی خه‌ڵكیش لاواز ده‌كات".

نوێنه‌ری‌ تایبه‌تی‌ سكرتێری‌ گشتی‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ عێراق جه‌ختی‌ له‌وه‌كرده‌وه‌ كه‌ "پێویسته‌ رێز له‌ داموده‌زگاكانی ده‌وڵه‌ت بگیرێت له‌هه‌موو ئان و ساتێكدا. كه‌س له‌ سه‌رووی یاسا نییه‌".

دوێنێ‌ چوارشه‌ممه‌ ٢٦ی ئایاری ٢٠٢١، قاسم موسڵیح فه‌رمانده‌ی‌ كه‌رتی‌ ئه‌نباری‌ حه‌شدی‌ شه‌عبی‌ له‌لایه‌ن هێزه‌ ئه‌منییه‌كانه‌وه‌ به‌ تۆمه‌تی تیرۆر ده‌ستگیر كرا.

دواتر گروپه‌ چه‌كداره‌كانی سه‌ر به‌ حه‌شدی شه‌عبی وه‌ك نواندنی فشارێك بۆ ئازادكردنی چوارده‌وری ناوچه‌ی سه‌وزیان گرت.

نیوه‌شه‌وی‌ رابردوو له‌ ژێر فشاردا مسته‌فا كازمی‌، ئه‌و فه‌رمانده‌ باڵایه‌ی‌ حه‌شدی‌ شه‌عبی‌ ئازاد كرد و راده‌ستی‌ ئه‌منی‌ حه‌شدی‌ شه‌عبی‌ كرد.

ف.ق