محمد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعوودیه، لە چاوپێکەوتنێکی گۆڤاری زه ئەتلانتیک-ی ئەمه‌ریکیدا ڕایگەیاند: ھیچ ڕێگرییەکی ئایینی نییە لە بەردەم بوونی دەوڵەتی نەتەوەیی جولەکەدا. شازادەی سعوودیە لە وەڵامی پرسیارێکی جێفری گولدبیر سەرنووسەری گۆڤارەکەدا ئاشکرای كرد، وەڵاتەکەی ھیچ کێشەیەکی لەگەڵ نەتەوەی جولەکەدا نییه. وتیشی: وەک چۆن فەلەستین مافی خۆیەتی خاوەن دەوڵەت بێت، بە ھەمان شێوە ئیسرائیلییەکانیش خاوەنی ئەو مافەن.
شازادە گەنجەکەی سعوودیە هێمای بۆ ئەوە کرد، دەبێت ڕێکكەوتنی ئاشتی لە نێوان ئیسرائیل و فەلەستیندا بۆ ڕێگری‌کردن لە جەنگ بێتە ئاراوە و ئەو ڕێکكەوتنە ببێتە بنەمایەک بۆ پاراستنی ئاشتیی نێوانیان.
ئەم لێدوانه وه‌ها لێكده‌درێته‌وه کە عەرەبستانی سعوودیه و ئیسرائیل لە به‌رانبه‌ر دوژمنهھاوبەشەکەیان کە كۆماری ئیسلامی ئێرانه، له یه‌كتر نزیك ده‌بنه‌وه. ئه‌مه‌ش هاوكاته له‌گه‌ڵ ته‌شه‌نه‌كردنی ئاڵۆزییەکانی نێوان تاران و ڕیاز.
محمد بن سەلمان، ھەوڵە فراوانخوازییەکانی ڕێبەری كۆماری ئیسلامیی ئێرانی بە ھەوڵە فراوانخوازییەکانی ئەدۆلف ھیتلەر-ی ڕێبه‌ری نازییەکان بەراورد کرد و وتی: ھیتلەر بەبەراورد له‌گه‌ڵ ڕێبەری باڵای ئێران، کەمتر مەترسیدارە. ھیتلەر دەیەویست ئەورووپا داگیربکات، بەڵام خامه‌نه‌یی دەیەوێت ھەموو دونیا داگیر بکات.
هه‌ر ئه‌مڕۆش بنیامین ناتانیاھۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ئاشکرای کرد، وەڵاتەکەی پێویستی بە ڕێککەوتنی نوێیە لەگەڵ چه‌ند وەڵاتێكی عەرەبیدا.
s.m