دوێنێ ٤مارس/١٥خاکەلێوە، کۆبوونەوەی ڤلادیمێر پوتین سهرۆكی ڕووسیا، حهسهن ڕوحانی سهرۆك كۆماری ئیسلامیی ئێران و ڕهجهب تهیب ئهردۆغان-ی سهرۆك كۆماری توركیا لە ئەنقەرەی پایتەختی دەوڵەتی تورکیای داگیرکەر بەڕێوەچوو. بەبێ ئەوەی لەسەر چارەسەرییهكی تایبەت بۆ قەیرانی سووریا ھاودهنگ بن، کۆبوونەوەکە بەدەرکردنی بەیاننامەیەک کۆتایی ھات.
لە بەیاننامەکەدا ھاتووە: لایەنەکان کۆک بوون لەسەر وەستاندنی شەڕ لە تەواوی خاکی سووریا، بەبێ ئەوەی ئاماژە بەھیچ بڕیارێکی کرداری بكهن لەو بارەیەوە. لایەنەکان بە چەمکى «بڕیاری یەکلایی کەرەوە»، بەبێ ئەوەی لەسەر دۆسیەیەک یەکلایی ببنەوە، بڕیاریاندا کۆبوونەوەی داھاتووی ھەرسێ وەڵات، لە تارانی پایتەختی ئێران بەڕێوە بچێت.
داگیرکردن واتە پاراستنی یەکێتیی خاک؟
ئەم لوتکەیە، لە دوای داگیرکارییەکانی سوپای تورکیا دێت لە باکووری سووریا كه بە ھاوپەیمانهتیی لهگهڵ چەتەکانیان پاش کۆمەڵکوژکردنی گەلی عەفرین، شارهكهیان داگیر دەکات.
ئەردۆغان پاش تەواوبوونی کۆبوونهوهكه باس لە «یەکێتیی خاک» دەکات، باسکردنی یەکێتیی خاک له ڕوانگهی ئەردۆغانەوە ئەو ھەوڵەداگیرکارییانەی ناوەستێنێت کە لە جەرابلووس-ەوە تا عەفرین دەستی پێکردووە. ئەردۆغان دهڵێت: جەنگ لە دژی کورد بەردەوام دەبێت، لێرەوە ئەو یەکێتیی خاکەی ئەردۆغان باسی دەکات، مانایەکی بۆ نامێنێتەوە.
ڕووسیا کە یەکێکە لە ھێزە بنەڕەتییەکانی بەشدار له کۆبوونەوەکە، یارمەتیدەری سوپاکەی ئەردۆغان بووە بۆ داگیرکردنی بەشێکی خاکی سووریا كه كانتۆنی عەفرینه. ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی ڕووسیا ڕایگەیاند: ڕووسیا، تورکیا و ئێران پەیوەستن بە یەکپارچەیی خاکی سووریاوە.
ئایا ئەردۆغان توانی ھاوتا ڕووسی و ئێرانییەکەی ڕازی بكات؟
بەپێی ھەواڵی ئاژانسی سپوتینكی ڕووسیا، ئەردۆغان لە کۆبوونەوەکەدا ھەوڵی زۆری داوە پوتین و رۆحانی ڕازی بكات بۆ ئهوهی پێكهوه هێرش بكهنه سهر ڕۆژئاوای كوردستان و باكووری سوریا.
سپوتنیك بڵاوی كردۆتهوه كه دوای ئەوەی ئەردۆغان یەکینەکانی پاراستنی گەل - یهپهگهی بە تیرۆریست ناوبردووە، ڤلادیمێر پوتین گەلی کوردی وەک یهكێك لە گەلە ڕەسەنەکانی سووریا ناوبردووە کە دهبێت بەشداربن لە سیاسهتی سووریای داهاتوو.
هاوكات ڕۆحانی داوای دەرچوونی ھێزەبیانییەکانی لە خاکی سووریا كردووه و له كۆبوونهوهكهشدا به ئهردۆغانی ڕاگهیاندووه كه عەفرین رادەستی سوپای سووریا بکات.
ئەم وتانە لەکاتێکدایە، ٢٥٠ ھەزار ئاوارەی شاری عەفرین، لە ترسی ھێرشە دڕندانەکانی سوپای تورکیا کە بەھاوکاری ڕووسیا کردوویهتییه سەر ئەو ههرێمه، ئاوارەی كانتۆنی شههبا بوون. گەلی عەفرین بە کۆچکردنیان و ئاوارەبوونیان، پەیامی ئەوەیان گەیاند كه ڕازی نابن ھیچ دەسەڵاتێکی بێگانە حوکمیان بکات.
کارکردن بە دەرەنجامەکانی کۆنگرەیەکی بێ ئهنجام
پوتین لە کۆبوونەوەکەدا ڕایگەیاندووه، هیچ ئالتهرناتیڤێكی کۆنگرەی نیشتیمانیی سووریا (سۆچی) نییە، ئەو کۆنگرەیەی سهرۆكی ڕووسیا باسی دەکات، کۆنگرەی سوچی-یه كه لە ٢٢ تشرینی دووهمی ٢٠١٧ ئەنجامدرا و هیچ ئهنجامێكی نهبوو.
دوێنێ پاش دەرچوونی بەیاننامەی کۆبوونەوەکە، نوێنەری فەڕەنسا لە ئەنجومەنی ئاسایش، فرانسوا دیلاتر ڕایگەیاند: جنێڤ دوا وێستگەی چارەسەری قەیرانی سووریایە. نوێنەرانی فیدراسیۆنی باكووری سووریا (ڕۆژئاوای كوردستان) چهندین جار ڕایانگهیاندووه كه ئەم جۆرە کۆبوونەوانە چارەسەری بنەڕەتی قەیرانی سووریا ناکهن.
ڕۆژنامەی لیبراسیۆنی فەڕەنسا: کۆبوونەوەکە دژی بەرژەوەندییەکانی ڕۆژئاوایە
ڕۆژنامەی لیبراسیۆنی فەڕەنسا بلاویکردهوه كه ڕووسیا، ئێران و تورکیا دژی بەرژەوەندییەکانی ڕۆژئاوا کۆبوونەتەوە. ههرچهنده وا دەردەکەوێت بۆ چارەسەری قەیرانی سووریا کۆبوونەتەوە، بەڵام ھەلپەرستی ھەوڵەکانیان ئەوە دەردەخات بۆ لێدانی ستراتیژی بەرژەوەندییەکانی وەڵاتانی ڕۆژئاوا دانیشتوون.
لیبراسیۆن نووسیویهتی: ھەرسێ سەرۆک وا ھەڵسوکەوت دەکەن وەک ئەوەی ڕاھێنەری یارییەکە بن، بەڵام ئەوەی ئەم ھێزانە کۆدەکاتەوە ھاوپەیمانهتییه دژی بەرژەوەندییەکانی وهڵاتانی ڕۆژئاوا.
رۆژنامەکە باس لەوە دەکات ھەریەکە لەم دەوڵەتانە خاوەن گرفتی قوڵی ڕیشەیین لەگەڵ وەڵاتانی ڕۆژئاوادا، ڕووسیا تێوەگلاوە له ژەھرخواردکردنی سیخووڕهكهی بهریتانیا، ئێستاش وەڵاتانی ڕۆژئاوا لەسەر ئەو بابەتە سزای دەدەن. ئێرانیش بە ھەوڵە فراوانخوازییه سەربازی و سیاسییەکانی بووهته مەترسی بۆ سەر ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و جیھان. تورکیاش تا دێت بەھۆی سیاسەتە ناوخۆیی و دەرەکییەکانییەوە قێزەون دەبێت لە لای وەڵاتانی ئەورووپی و ئەمهریکا. بۆیە کۆبوونەوەی ئەم سێ وەلاتە، به گوێرهی ڕۆژنامە فەڕەنسییەکە، کۆبوونەوەی سێ لایەنی بێزراوە لە لایەن وەڵاتانی ڕۆژئاواوە، بۆ لێدان لە بەرژەوەندییەکانی ڕۆژئاوا.
لوفیگارو: ڕێکەوتن نا، بەریەککەوتن
ڕۆژنامەی لۆفیگارۆی فەڕەنسی نووسیویهتی: کۆبوونەوەیەک کە بڕیاربێت ماوەکەی چوار کاتژمێربێت، بەڵام کاتژمێر و نیوێک بخایەنێت، نەک نیشانەی ڕێکكەوتن نییە، بەڵکو بەریەککەوتنە.
ئەمڕۆش ڕۆژنامەی ئیلاف، به ناونیشانی «ململانێکانی لوتکەی ئەنقەرە»، ڕاپۆرتێکی شیکاری بڵاوکردەوە. لە ڕاپۆرتەکەدا ھاتووە: گەرچی لایەنەکان، وانیشان دەدەن کە کۆکن لەسەر چارەسەری قەیرانی سووریا، بەڵام ناکۆکی دیوی زەقی کۆبوونەوەکەی ئەنقەرەیە. ڕۆژنامەکە ئاشکرای دەکات: ئەو یەکێتیی خاکەی لە کۆبوونەوەکەدا باس کرا، ھەر لایەکیان بە ھەڵوێستێک کاری بۆ پێچەوانەکەی کردووە. ڕۆژنامەکە دەپرسێت: کوا داگیرکردنی عەفرین و پاراستنی یەکێتیی خاکی سووریا یەک دەگرێتەوە؟ کوا ئەو بونیادنانی ژێرخانەی كه ڕووسیا باسی دەکات، لەگەڵ وێرانکردنی غووتهی ڕۆژھەڵات و عەفرین یەک دەگرێتەوە؟
ھەرسێ وەڵات ھۆکارن بۆ قوڵبوونەوەی قەیرانی سووریا
ڕۆژنامەی فرانکفۆرتەی ئەڵمانیا له نووسینێكدا ئاماژهی بۆ ئهوه كردووه ھەرسێ وەڵات ڕۆڵیان ھەیە لە قوڵکردنەوە و ئاڵۆزکردنی قەیرانی سووریا. ڕۆژنامەکە نووسیویهتی: ڕۆحانی لەسەر حەقە کە دەڵێت چارەسەری سەربازیی، كۆتایی به قەیرانی سووریا ناھێنێت. بەڵام ئەو سێ وەڵاتە ھۆکارن، بۆ ئەوەی جەنگی سووریا بەردەوام بێت و سەربازەکان ئاراستەی ڕووداوەکان بکەن.
ڕۆژنامەکە ھێمای بۆ ئەوە کردووە، ڤلادیمێر پوتین-ی سەرۆکی ڕووسیا، بهربهستی لە بەردەم بڕیار و چارەسەرەکانی نەتەوەیەکگرتووەکاندا بۆ قەیرانی سووریا دروست کردووە. کۆنگرەی ئەستانە و سوچی دەرخەری ئەو ڕاستییەن کە ڕووسیا نایەوێت ئۆپۆزسیۆنی سووریا و ڕژێم دانیشن و بگەنە چارەسەر.
لێدوانە دژبەیەکەکان، بەرژەوەندیی ھاوبەشییان تێدا ناخوێندرێتەوە
بە سەرنجدان لە لێدوانە دژبەیەکەکان، وا دەرناکەوێت بەرژەوەندیی ھاوبەش کە بنەمای ھەر ڕێکەوتنێکە، لەم کۆبوونەوەیەی ئهنقهرهدا ھەبێت.
تورکیا بە ئومێدی ڕێكکەوتنێکی نوێ لەگەڵ ڕووسیا، باس لە بەردەوامی ئۆپەراسیۆنەکانی لە ڕۆژئاوای کوردستان و باکووری سووریا دەکات. بەڵام ئێران داوای ڕادەستکردنەوەی خاکی عەفرین بە سوپای حكوومهتی سووریا دەکات. ڕووسیاش لای وایە تا ڕێكکەوتنێکی سهرتاسهری، ناتوانین بڕیاری کۆتایی لەسەر ھیچ لایەنێکی کوردی بدەین.
ڕۆژنامەی شتوتگارت-ی ئهڵمانیا نووسیویهتی: ھیچ کام لەم لایەنانە نەگەیشتنە ڕێكکەوتن، ھۆکاری ھەرە سەرەکیش ئەوەیە تا ئێستا بە ڕێکاری سەربازی ھەوڵی چەسپاندنی بەرژەوەندییەکانی خۆیان دەدەن.
s.m