سوپاى تورکیاى داگیرکەر و چەتەکانى دوای ٥٨ ڕۆژ لە بەرخۆدانی عەفرین و ئەنجامدانى چەندین کۆمەڵکوژى چوون شارى عەفرین. ئەو سوپایە و چەتەکانى لە یەکەم کارى داگیرکارانەیاندا لە ناوەندى عەفرین، پەیکەری کاوەى ئاسنگەریان شکاند. شکاندنى ئەو پەیکەرە لە میدیا جیھانی وعەرەبیەکاندا چەندین کاردانەوەى لێکەوتووەتەوە، کە بەشێکیان بەمشێوەیەن.
عەرەبیە: دەسترێژیکردنە سەر مێژوو و کولتوری کورد
لە دواى ئەوەى سوپا و چەتە و تیرۆریستانى تورکیا ناوەندى عەفرینیان داگیرکرد، کەناڵی عەرەبیە ڕاپۆرتێکی بە ناونیشانی "تورکیا ڕەمزی کوردان دەشکێنێت" بڵاوکردەوە.
لە ڕپۆرتەکەی عەرەبیەدا ھاتووە، تورکیا لە عەفرین جگە لە تێکدان و شکاندنی ڕەمزی کورد، تۆمەتبارە بە دزین وتاڵانکردنی ماڵ وحاڵی ھاوڵاتیان.
لەبارەى شکاندنى پەیکەرى کاوەى ئاسنگەر و تاوانەکانى سوپا و چەتەکانى تورکیا ئەوەشى بڵاوکردووەتەوە، سوپای تورکیا دەستدرێژی دەکاتە سەر مێژوو کەلتوری کوردی لەو شارەدا.
بی بی سی: وێرانکردنی یادەوەریی کوردان
کەناڵی بی بی سی، لە ڕاپۆرتێکیدا پێشێلکارییەکانی سوپای تورکیا و چەتە ھاوپەیمانەکانی خستووەتەڕوو. بی بی سى ڕاپۆرتەکەی بە ناونیشانی "پرۆسەی دزیکردنی چەکدارە ھاوپەیمانەکانی سوپای تورکیا لەعەفرین" بڵاوکردووەتەوە.
جگە لە باسکردنی پرۆسەی بەتاڵانبردنی موڵک و ماڵی ھاوڵاتیانی شاری عەفرین، شکاندنی پەیکەری کاوەی ئاسنگەر لەلایەن چەتەکانی تورکیاوە بە "وێران کردنی یادەوەریی کوردان" ناو دەبات.
سکای نیوزعەرەبی: تێکشکاندی پاڵەوانی بەھاری کوردی
کەناڵی سکای نیوز لە ئینفۆگرافیکێکدا بە ناونیشانی "کاوەی ئاسنگەر.. ئەفسانەی بەھاری کوردان"، لەبارەی مێژووی جەژنی نەورۆز و باکگراوەندی ئەو جەژنە و ژیاننی کاوەی ئاسنگەرەوە بڵاوکردەوە.
ئینفۆگرافییەکە بە گرنگییەوە باسی جەژنی نەورۆز لەلای گەلی کورد دەکات و تیشک دەخاتە سەر یەکەمین کاری سوپای تورکیای داگیرکەر و چەتەکانی پاش ڕۆیشتنیان بۆ نێو شاری عەفرین.
لەو ئینفۆگرافییەدا ئاماژە بەوەشکراوە "یەکەمین کاری سوپای تورکیا پاش گەیشتنی بە شاری عەفرین، تێکشکاندنی پاڵەوانی بەھاری کوردی بوو".
ئیندیپێندێت: داعشهكان ئەفسانەکەیان تێکشکاند
ڕۆژنامەی ئیندیپێندێتی بەریتانی، لەگەڵ بڵاوکردنەوەی گرتە ڤیدیۆی چەتەکانی سوپای تورکیا، کە سەرقاڵی ڕاو ڕوت و تاڵانین لە شارى عەفریندا، ئاماژەی بەوەکردووە، چەتە پاشماوەکانی گروپى تێرۆریستیی قاعیدە و داعش و بەرەى نوسرە، گەلی کورد بە مسوڵمان نازانن و پاش چوونە نێو شاری عەفرین یەکەمین کاریان تێکشکاندنی پەیکەری ئەفسانەی کوردەکان بوو.
ئیندیپێندێت لە درێژەی ڕاپۆرتەکەدا ئاماژەی بەوەشداوە، جگە لە دزی و تاڵانی، وا دەرناکەوێت ئەو پاشماوانەی داعش و قاعیدە بتوانن بە سەقامگیری لەناو شارەکەدا بمێننەوە.
ئورشەلیم پۆست: پیاوێک بە شمشێرێکەوە ھاوار دەکات!
ماڵپەڕی ئورشەلیم پۆستی ئیسرائیلی، لە ھەواڵێکدا، باس لە داگیرکردنی ناوەندی عەفرین لەلایەن چەتەکان و سوپای تورکیاوە دەکات و بڵاویکردووەتەوە "پیاوێک بە شمشێرەوە ھاوار دەکات، ئەمە زەقترین دەرکەوتنی چەکدارانی بەکرێگیراوی تورکیایە لەناوەندی عەفرین".
ماڵپەڕەکە باسیشی لە تاڵانکاری و دڕندەیی شمشێر بەدەستەکان دەکات و دەڵێت، سوپایەک خەریکی تاڵانکارییە و یەکەمین کاریشی شێواندن وتێکدانی ڕەمزی میللەتێکە.
ک.ئ
ر-م