کۆرۆنا لە ئێران بڵاودەبێتەوە: ١٢٤ کەس گیانیان لەدەستداوە

ژمارەی ئەو کەسانەی لە ئێران بە ڤایرۆسی کۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە گەیشتە ١٢٤ کەس و ٤٧٤٧ کەسیش تووشی ڤایرۆسەکە بوون.

ڕۆژ بە ڕۆژ ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئێران زیاتر بڵاودەبێتەوە و دەبێتە هۆی گیانلەدەستدانی هاوڵاتیان.

کیانووش جیهانپوور وتەبێژی وەزارەتی توندروستی ئێران رایگەیاند، ژمارەی ئەو کەسانەی بە ڤایرۆسی کۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە گەیشتە ١٢٤ کەس و ٤٧٤٧ کەسیش تووشی ڤایرۆسەکە بوون.

جیهانپوور وتیشی، لە ماوەی ٢٤ کاتژمێردا ١٢٣٤ کەس تووشی ڤایرۆسەکە بوون و تا ئێستا ٩١٣ کەسیش چاک بوونەتەوە و ڕەوانەی ماڵەوە کراون.

بە پێی ئامارە فەرمیەکانی ئاژانسی ئیرنا، لە کۆی ٣١ پارێزگای ئێران لە ٣٠ پارێزگا ڤایرۆسەکە تۆمارکراوە و بە تەنها لە قۆم کە ناوەندی ئایدۆلۆژی ڕژێمی ئێرانە ٥٢٣ کەس تووشی ڤایرۆسەکە بوون.

لە شارەکانی تر ژمارەی ئەو کەسانەی تووشی ڤایرۆسەکە بوون بەم شێوەیەیە" گیلان ٤٢٤ کەس، ئەسفەهان ٣٨٨، ئەلبۆرز ٣٠٢، مازەندەران ٣٠١، مەرکەزی ٢٢٨، قەزوین ١٧٢، گۆلیستان ١٠٤، خۆراسان رەزەوی ٨٩، فارس ٨١، لۆڕستان ٨٠، تەبریز ٧٥، خۆزستان ٦٣، یەز ٥٧، زەنجان ٥٠، سنە ٤٢، ئەردەبیل ٤٠، کەرمانشان ٢٧، کرمان ٢٥، هەمەدان ٢٣، سیستان بەلوجستان ٢١، هۆرمۆزگان ١٩، باشووری خۆراسان ١٨، باکووری خۆراسان ١٥، چارمەهال و بەختیاری ١٤، ئیلام ١٣، ئورمیە ١١، کۆهگیلویێ و بۆیەرئەحمەد ٦ و بوشەهر ٥ کەس.

ف.ق