بافڵ تاڵەبانی بۆ پەدەکە: بەهۆی هاوکاریتان لەگەڵ داگیرکەران، ڕۆژ بە ڕۆژ خاکەکەمان داگیر دەکرێت

سەرۆکی یەنەکە، بافڵ تاڵەبانی لە کەرنەڤاڵی بانگەشەی حزبەکەی لە دهۆک ڕەخنەی لە پەدەکە گرت و گوتی: "٤٠٠ سەد گوندی ئێمە چۆڵ بووە، بەهۆی هاوکارییەکانی ئێوە لەگەڵ داگیرکەران، ڕۆژ بە ڕۆژ خاکەکەمان داگیر دەکرێت و دەیفرۆشن بە داگیرکەران، ئەمە کوردایەتییە؟".

سەرۆکی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان (یەنەکە)، بافڵ تاڵەبانی لە پارێزگای دهۆک و لە کەرنەڤاڵی بانگەشەی حزبەکەی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان پەیامێکی توندی ئاراستەی پەدەکە کرد، گوتی: "کەی بوو کۆتا جار باسی چوارپارچەی کوردستانتان کرد، چیتان کرد لە ئێزدییەکان ئێوە ئەوانتان فرۆشت، پێیان وتن ئێوە ڕادەکەن چەک بدەن بە ئێمە چەکیشتان پێ نەدان، ئەمەیە یەکڕیزی کوردستان هەی بێ شەرمینە، ٤٠٠ سەد گوندی ئێمە چۆڵ بووە، بەهۆی هاوکارییەکانی ئێوە لەگەڵ داگیرکەران، ڕۆژ بە ڕۆژ خاکەکەمان داگیر دەکرێت و دەیفرۆشن بە داگیرکەران، ئەمە کوردایەتییە؟".

لە درێژەی قسەکانی گوتی: "پێش چەند ساڵێک لەگەڵ مەسعود بارزانی بووم، وتم کاک مەسعود یەک داواکاری تایبەتیم هەیە، لەگەڵ هاوڕێی من مەزڵوم عەبدی دابنیشە، بەڵام ڕازی نەبوو ئامانجی من ئەوە بوو ئەو کارەساتەی کە ڕوویداوە درووست نەبێ، وتم وەرە پێکەوە پڕۆسەی ئاشتی درووست بکەین لەگەڵ برادەرانی سووریا و شاخ (قەندیل) و تورکیا، بەڵام نەیانتوانی بیکەن".

هەروەها ئاماژەی بەوە کرد پەدەکە لەم سنووری دهۆک و بادینان بە هەموو جۆرێک ئازادی ڕادەربڕین کپ دەکات، پێویستە لەڕێگەی هەڵبژاردنەوە پەدەکە بوەستێنرێت.