شەهید ئاڤێستا خابوور لە ٢٧ی کانوونی دووەمی ٢٠١٨دا لە دژی داگیرکەریی دەوڵەتى تورک لە عەفرین چالاکیی گیانبازیی ئەنجامدا. شەڕڤانانی یەپەژ هاوکات بۆ ساڵیادی شەهادەتی ئاڤێستا خابوور و ٦هەمین ساڵیادی سەرکەوتن و ئازاکردنی کۆبانێ مەراسیمێک و یادکردنەوەیەکیان رێکخست.
مەراسیمەکە لە گۆڕستانی شەهید دژوار لە حەسەکە بەڕێوەچوو و سۆسن بیرهات یەکێک لە فەرماندەکانی یەپەژە وتەیەکی پێشکەشکرد و رایگەیاند، "لە هەر شەڕێکی قورس دا ژنانی شۆڕشگێڕ بە رۆح و ورەی خۆیانەوە بۆ ئازادی بەرەنگاری و بەرخودانیان کردووە. بە رۆحی فیداییانەى شەهید ئاڤێستا خابوور، کە رێگای تێکۆشانمان رووناک دەکاتەوە، ئێمە لە کەسایەتیی هاوڕێ ئاڤێستادا یادی هەموو شەهیدانی شۆڕش دەکەینەوە و سەرمان لە بەرامبەر تێکۆشانەکەیاندا دادەنەوێنین. لە قۆناغی بەرخودانی سەردەم دا، هاوڕێمان ئاڤێستا بە جەستەى خۆی لە بەرامبەر داگیرکەران وەستایەوە و ئێمەش وەک شەڕڤانانی یەپەژە و گەلی ئەم وڵاتە، هێز و بڕوایەکی گەورەمان لەو چالاکییە وەرگرت. مێژووی ژنانی بەرەنگار و بەرخودێر ئەمڕۆ بە رۆحی هەڤاڵ ئاڤێستا جارێکیتر لە کەسایەتیی یەپەژەدا زیندبوو بووەتەوە".
فەرماندە بیرهات لە مەراسیمەکەدا و لە بەردەوامیی وتەکانیدا وتی، "ئەمڕۆ دەوڵەتى تورکی داگیرکەر لە شەهبا، کۆبانێ، تل تەمر، عەین هیسا و هاوکات هەڕەشە لە شاری دێرک و شەنگال دەکات. دەوڵەتی تورک بە دڕندانەترین شێوە هێرش دەکاتە سەر ژنان، منداڵان و بە تەمەنەکان و سروشت و ژینگەى ناوچەکەمان، دەیەوێت لەسەر خاک و وڵاتەکەماندا هیچ بەها و نرخێک نەهێڵێت و هەمووی لەناو ببات و دەیسڕێتەوە، بەڵام ئێمەى شوێنکەوتوی شەهیدان لەم سەردەمە نوێیەدا ئەرکی سەرەکیمان بۆ رزگارکردنی وڵات و پاراستنی شۆڕشە. لەبەر ئەوەش ئێمە بە تێکۆشانی خۆمان هێرشەکانی دەوڵەتی تورکی فاشیست تێکدەشکێنین. ئێمە وەک یەپەژە بەرگری و پاراستن لە هەموو ژنان و خاکی ناوچەکە دەکەین".
فەرماندە سۆسن بیرهات لە کۆتایی وتەکانیدا باسی ئەوەیکرد، "هەر چۆن یەپەژە لە کۆبانێ بە پێشەنگایەتیی ژنان تێکۆشا و کۆبانێی ئەمڕۆ بووە رەمز و سیمبولی ئازادی، ئێمەش بەهەمان ئیرادە و ورە و رۆح بەرخودانی ئازادی سەردەخەین. ئێمە بە رۆحی تێکۆشانی ئاڤێستا پێشوازی لە ئاهەنگ و شادیی رزگاریی کۆبانێ دەکەین. کۆبانێ بە رەنگی رێڤان و ئارینەکان ئازاد بوو و هیوای ئازادیی جیهانی ئافراند. وەک شوێنکەوتوانی ئاڤێستا، ئارین، رێڤانەکان، ئێمە عەفرین، سەرێکانی و گرێ سپی لە داگیرکەران رزگار دەکەین و ئێمە بە ئازادی و دڵسۆزیی خۆمان هاوڕێیەتیمان بۆ شەهیدان دیاری دەکەین".
مەراسیمەکە بە وتنەوەى دروشمەکانی "بژی سەرۆک ئاپۆ، بژی بەرخودانی سەردەم، شەهید نامرێ، ژن، ژیان ئازادی" کۆتایی پێهات.
ژ.ت