دەوڵەتی تورکی داگیرکەر و چەتەکانی لە سەرەتای مانگی کانونی یەکەمی ٢٠٢٤ەوە هێرشی دڕندانە دەکەنە سەر ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی قەسەدە، یەپەگە و یەپەژە، شەڕڤانانی ئازادییش بە بەرخودانێکی بێهاوتا هێرشەکان تێکدەشکێنن.
یەک لەو بەرخودانانە لە بەنداوی تشرین بە هەموو شکۆمەندییەوە بەردەوامە و لە ٨ی کانونی دووەمیشەوە گەل بۆ پشتیوانی لە شەڕڤانانی قەسەدە و یەپەژە بەرەو بەنداوەکە دەخرۆشێن، هاوپشتی خۆیان بۆ شەڕڤانان بە هەموو جیهان نیشان دەدەن.
کەمئەندامانی سەنگەر لە هەرێمی شەداد بۆ تاوتێکردنی دۆخی ئەم دواییەی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا دوێنێ کۆبوونەوە. دوای خولەکێک بێدەنگی بۆ رێزلێنان لە یادی شەهیدان، لە وتەکانیاندا کەمئەندامانی شەڕ و سەنگەر جەختیان لەوەکردەوە، کە تا کۆتایی درێژە بە بەرخودانیان دەدەن و وتیان، "ئێمەش وەک کەمئەندامانی سەنگەر لەپێناو پاراستنی شۆڕش وەک چۆنە چەندین ساڵە، لە ناو تێکۆشانداین، لەئێستاش بەدواوە زیاتر لە هەموو کات لە ناو ریزەکانی بەرخوداندا دەبین".
کەمئەندامان سڵاویان ئاراستەی بەرخودانی گەل و شەڕڤانان کرد و جەختیان کردەوە کە لەم قۆناغەی ئەم دواییەدا کە هێرشەکان بە چڕی بەردەوامن کەمئەندامان و بریندارانی شەر لە باکور و رۆژهەڵاتی سوریا لە هەموو گۆڕەپانەکانی شەڕدابوون و وتیان، "ئێمە وەک کەمئەندامانی شەڕ لە پێکهاتە جیاجیاکانی ئەم وڵاتەین و بڕوامان شۆڕش لە سەر پاڕادایمی ئیکۆلۆژیک دیموکراتیک و ئازادیپارێزی ژنان هەیە کە لەلایەن رێبەر ئاپۆوە خراوەڕوو. لەپێناو ئەو شۆڕشە پیرۆزەدا بەشێک لە جەستەی خۆمان بەخشیوە. ئەوە بۆئێمە مایەی شانازی و سەربەرزییە. وەک فیدراسیۆنی کەمئەندامانی شەڕ و سەنگەر لە باکور و رۆژهەڵاتی سوریا سڵاو لە بەرخودانی شکۆداری شەڕڤانان و گەلەکەمان دەکەین. بەشداریمان لە ریزەکانی پێشەوە و شان بە شانی شەڕڤانان بۆ ئێمە ئەوپەڕی شانازییە".
کەمئەندامانی شەڕ هەروەها هێرشەکان لە بەرامبەر کاروانی گەلیان شەرمەزار کرد کە بەهۆیەوە ژمارەیەکی زۆر هاووڵاتی مەدەنی شەهید و برینداربوو و ئەوەیان خستەڕوو کە تۆڵەی شەهیدان دەکەنەوە و داگیرکەران لە وڵات دەردەپەڕێنن.