لە ماوەی یەک مانگدا ٢٧٦ کەس بوونەتە قوربانی پاشماوەکانی جەنگ
لەسوریا لە سەرەتای ئەمساڵەوە، ٢٧٦ کەس کە ٩٧ کەسیان ژن و منداڵن، بە هۆی پاشماوەکانی جەنگەوە گیانیان لەدەستداوە و بریندار بوون.
لەسوریا لە سەرەتای ئەمساڵەوە، ٢٧٦ کەس کە ٩٧ کەسیان ژن و منداڵن، بە هۆی پاشماوەکانی جەنگەوە گیانیان لەدەستداوە و بریندار بوون.
لە سوریا مەترسی پاشماوەکانی جەنگ بۆ سەر ژیانی مرۆڤەکان بەردەوامە. لە تەقینەوەکانی ٣٠ی کانوونی دووەم لە ناوچە جیاوازەکاندا ٢ کەس گیانیان لەدەستدا و ٩ کەس برینداربوون.
بەهۆی تەقینەوەی مینی چێندراو لە لادێ و ناوچە جیاوازەکان لە ڕۆژهەڵاتی حەلەب، ٢هاوڵاتی مەدەنی گیانیان لەدەستدا و ٤ کەسی دیکەش برینداربوون.
هەروەها بەهۆی تەقینەوەی مینێکەوە لە نزیک قوتابخانەیەک لە تل حاسڵی ڕۆژهەڵاتی حەڵەب، ٢منداڵ بە سەختی برینداربوون.
لە شارۆچکەی عەین دەقنەی هەرێمی شەهبا، گەنجێک کە سەرقاڵی کارباری کێڵگە بوو، لە ئەنجامی تەقینەوەی مینیدا بریندار بوو.
هەروەها لە ناوچەی جەبەل ئەکرادی لازقیە، گەنجێک کە سەرقاڵی کۆکردنەوەی دار بوو، بەهۆی تەقینەوەی مینەوە بریندار بوو.
لە شاری ئەلمەیادینی ڕۆژهەڵاتی دێرەزۆر منداڵێک بەهۆی تەقینەوەی بۆمبێک بە سەختی بریندار بوو.
ئاماری مانگێک
بەگوێرەی داتاکانی ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ (سۆهر) لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٥ـەوە تا ئێستا ١١٩ کەس لە سەرانسەری سوریا لە ئەنجامی تەقەمەنیەکانی پاشماوەی شەڕەوە گیانیان لەدەستداوە. لەو ژمارەیە ٢٢ کەسیان منداڵن و ٤ کەسیان ژنن. بەگشتی بەهۆی تەقینەوەکانەوە ١٥٧ کەس بریندار بوون کە ٧١ کەسیان منداڵن.