'باوکی تەیار پایەی شانۆی کوردییە'

شانۆکار و دەرهێنەر دلجان ئۆسۆ ئاماژەی بەوەکرد کە بە هەزاران شانۆکار میراتی باوکی تەیار دەگەیەنن بە نەوەی نوێ و گوتی: "باوکی تەیار پایەی بنەڕەتی شانۆی کوردییە".

باوکی تەیار

شانۆکار و دەرهێنەر دلجان عوسمان ئۆسۆ، لە منداڵییدا باوکی تەیاری ناسیووە و لە دوای گەورە بوون بە یەکێک لە ئەندامانی گروپی باوکی تەیار و پێکەوە چەندین سکێچیان ئامادەکردوە. شانۆکار و دەرهێنەر بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) قسەی کرد و ئاماژەی بەوەکرد کە باوکی تەیار کەسێتیەکی هەبوو کە دەیویست گەلی کورد بەهێز بکات و نەهێڵێت دووژمن کەلتوور، زمانی کوردان لە ناوببات.

باوکی تەیار یەکەمین کەس بوو کە فیلمی بە کوردی بڵاوکردەوە

دلجان عوسمان ئاماژەی بەوەکرد کە باوکی تەیار بۆ زمانی کوردی تێکۆشانێکی بەرفراوانی بەڕێوەبرد و گوتی: "لەبەر ڕژێم نەماندەتوانی بە زمانی خۆمان بخوێنین و بنوسین، بەڵام باوکی تەیار بۆ ئێمە بوو بە قارەمان. لە دۆخێکدا کەس نەیدەتوانی بە کوردی قسە بکات، باوکی تەیار بە زمانی کوردی قسەی دەکرد و بەبێ ئەوەی لە ڕژێمی بەعس بترسێت، سەرەڕای دەرفەتی کەم هونەرەکەی پێشکەش دەکرد".

وتیشی: "بە تایبەت منداڵان باوکی تەیاریان خۆشدەویست. باوکی تەیار بە شێوەیەکی جیاواز دەکەوتە دڵەوە. باوکی تەیار ئێش و شادی گەلی دەبینی و لەسەر ئەو بنەمایە بەرهەمەکانی پێشکەش دەکرد. باوکی تەیار ئێش و ئازاری گەلی کوردی دەهێنایە سەر زمان.

باوکی تەیار نەک تەنها لەسەر ئاستی ڕۆژئاوای کوردستان ناسرابوو، بەڵکو لە هەر چوارپارچەی کوردستان ناسرابوو. لەبەر ئەمە دەوڵەتی نەتەوەپەرەست نەیدەهێشت بە زمانی کوردی قسە بکات و هەمیشە لە نێو ئەشکەنجەدانی دەوڵەتدابوو، باوکی تەیار دەیویست لەسەر ئەمە سیناریۆیەک بە زمانی کوردی لە تەواوی جیهان بڵاو بکاتەوە. هەمیشە دەڵێم کە باوکی تەیار ستوونی بنەڕەتی شانۆی کوردییە و شانۆکاری زۆر ناوداری کوردستانە".

'ئاست بەرزی شانۆمان لە سایەیی باوکی تەیارەوەیە'

لە درێژەی قسەکانییدا دلجان عوسمان ئاماژەی بەوەکرد کە لە سایەیی باوکی شەهیدییەوە باوکی تەیاری ناسیوە و گوتی: "باوکم و باوکی تەیار پێکەوە شانۆکار بوون و چەندین بەرهەمیان پێکەوە بەرهەمهێنا. ئەوکاتە لەبەر ستەمکاری ڕژێمی بەعس گروپەکەی باوکی تەیار ناتوانێت لە شوێنێکی فەرمی پرۆڤە بکەن. لەبەر ئەوە لە ماڵان پڕۆژەیان دەکرد. هەمیشە دەهات ماڵی ئێمە بۆ پڕۆڤەکردن. لە منداڵیەوە باوکی تەیارم ناسی. ئەوەی سەرنجی ڕاکێشام لە گروپەکەی باوکی تەیار، هاوڕێتی گروپەکە بوو. هەمیشە ئەو گروپە شادبوون پێکەوە و کاریان دەکرد. لە نێو هەلومەرجی ئەو ساڵانەی فشاری دەوڵەتدا تێکۆشانێکی بەهێزی ڕابەری دەکرد. لە نەورۆزدا بۆ ئەوەی شانۆ پێشکەش بکەن، خۆیان دەخستەمەترسییەوە کە ڕژێمی بەعس بیانگرێت و سزایان بدات، بەڵام ئەمەیان بۆ خۆیان نەدەکرد و شانۆکەیان بە سەربەرزییەوە پێشکەش دەکرد. ئەمە باوکی تەیاری لە دڵی هەموو هاووڵاتییەکی کوردستانییدا خۆشەویست کرد. دەتوانم بڵێم کە لە سایەیی باوکی تەیار گەشتینە ئەم ئاستە بەرزەی شانۆی کوردی".

'مەڕاسیمی باوکی تەیار کۆتا ئەڵقەی فیلمەکانی 'باوکی تەیار' بوو'