بە دەیان هەزار کۆچبەر لە کانتۆنەکانی عەفرین، شەهبا و شاری حەڵەب و گوندەکانی ناچاربوون بەهۆی هێرشەکانی چەتەکانی تەحریر شام کۆچبەری هەرێمەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بن. هەتا گەیشتنە هەرێمی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری، ڕووبەڕووی ئازار و دژوارییەکی زۆر بوونەتەوە. پاش گەیشتنی ژمارەیەکی زۆر لە کۆچبەران، ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری و هەموو گەلانی ناوچەکە بۆ پێشوازیکردنیان دەستیان بە سەفەربەری کرد. یەکێک لەو بنەماڵانە کە لە ڕێگای دەرچوونیان لە شەهبا ڕووبەڕووی چەتەکان دەبنەوە، بنەماڵەی لەیلا لەیلایە.
لەیلا لەیلا کە منداڵەکانی لە کاتی کۆچکردندا دەکەونە دەستی چەتەکان و بەزەحمەت لەگەڵ کچە دووگیانەکەی ئاڵمازا ئیدریس هەڵاتوون، لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی فورات قسەی کرد وتی: "ئێمە لە عەفرین لە ئاسایشدا ژیانی خۆمان دەکرد. دەتوانم بڵێم عەفرین بۆ ئێمە ڕۆحێک بوو. لە یەک شەودا چەتەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک هێرشیان کردە سەرمان و بە ئەشکەنجە و گوشار ئێمەیان لە عەفرین کۆچبەر کرد. کۆچمان کرد و هاتین بۆ شەهبا، لەوێش سەختی زۆرمان کێشا. ٧ساڵ لەوێ ماینەوە، تازە بە ژیانی شەهبا ڕاهاتبووین، بەڵام جارێکی دیکە چەتەکانی تەحریر شام هێرشیان کردە سەرمان و ناچار کراین لەوێش کۆچبەر بین."
لەیلا لە درێژەی قسەکانیدا وتی: "بە هیوای گەڕانەوە بۆ عەفرین بە بەرخۆدان ئازارەکانمان سارێژ دەکەنەوە، با دوژمن بزانێت ئێمە شکست ناهێنین و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ عەشق و دڵسۆزیمان بۆ ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری زیاتر دەبێت. هیوای ئێمە ئەوەیە کە دەست لە دەستی یەکتر خۆمان ئازاد بکەین."
هەروەها ئاڵمازا ئیدریس کچە دووگیانەکەی لەیلا، باسی دڕندەیی چەتەکان و چۆنیەتی دەستگیرکردنیان کرد و وتی: "دوای هێرشی چەتەکاندا، هەوڵماندا شەهبا بەجێبهێڵین و بچینە ناو هەرێمە خۆبەڕێوەبەرییەکانەوە. لە ڕێگادا ئۆتۆمبێلی چەتەکان ڕێگەیان لێ گرتین و ئێمەیان سواری ئۆتۆمبێلەکانیان کرد. ئەوان دەیانویست من و خوشکەکانم بدزن، بەڵام هەرچەندە دووگیان بووم، لە ئۆتۆمبێلەکە خۆم فڕێدا خوارەوە. هەروەها بنەماڵەکەم، منداڵان و بەساڵاچووەکانمان خۆیان لە ئۆتۆمبێلەکە فڕێدایە خوارەوە. ئێمە بەو شێوەیە لە دەستیان هەڵاتین، هەر ئەندامێکی بنەماڵەکەم بەرەو شوێنێک ڕۆیشتن و خۆیان گەیاندە هەرێمی هێزەکانی قەسەدە و دواتر ئێمەیان گواستەوە بۆ ناوچە ئارامەکانی خۆیان."