مەجلیسی گەلان شەش پێوەری بۆ دەستووری بنەڕەتی سوریا دەست نیشان کرد
مەجلیسی گەلانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ڕایگەیاند، ئامادەن لە ڕێگەی ئەزمونەکانیانەوە هاوکاری هەموو لایەنە نیشتمانییەکانی سوریا بکەن و شەش پێوەریان بۆ دەستووری بنەرەتی دەست نیشان کرد.
مەجلیسی گەلانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ڕایگەیاند، ئامادەن لە ڕێگەی ئەزمونەکانیانەوە هاوکاری هەموو لایەنە نیشتمانییەکانی سوریا بکەن و شەش پێوەریان بۆ دەستووری بنەرەتی دەست نیشان کرد.
ئەنجوومەنی دیموکراتیکی گەلانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ئەمڕۆ لە بەردەم بینای ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری شاری ڕەقە بەیاننامەیەکی خوێندەوە.
بەیاننامەکە بە زمانی کوردی لە لایەن هاوسەرۆکی کۆمیتەی ژینگەی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیک ئیبراهیم ئەسعەد و بە زمانی عەرەبی لە لایەن هاوسەرۆکی مەجلیسی دێموکراتیکی گەلان، سیهام قەریو خوێندرایەوە.
مەجلیسەکە لە بەیاننامەکەیدا کۆمەڵێک پێوەر و ڕێنمایی بۆ داهاتووی سوریا و بنیاتنانی سوریایەکی دیموکراتیک دەست نیشان کرد. لە ڕاگەیاندنەکەدا ئەم پێوەرانە خرایە ڕوو:
"١- پاراستنی سەروەری سوریا: ئەمڕۆ ئەم پێوەرە لەلایەن دەوڵەتی تورک و چەتەکانیەوە پێشێل دەکرێت. هێرش بۆ سەر بەنداوی تشرین و بەردەوامی داگیرکارییەکانی تورکیا بۆ سەر خاکی سوریا پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکانە و هێرشێکی ڕوونە بۆ سەر گەلانی سوریا. بۆیە پێویستە حکومەتی دیمەشق بەرپرسیارێتی خۆی لەو بارەیەوە لەئەستۆ بگرێت و هەڵوێستی خۆی لە بەرامبەر هێرشەکان بۆ سەر خاکی سوریا ڕوون بکاتەوە. بەمەبەستی ڕزگارکردنی ئەو ناوچانەی کە دەوڵەتی داگیرکەری تورک داگیری کردوون، دڵنیایی بدات لە گەڕانەوەی سەلامەتی دانیشتوانی ئەو ناوچانە کە لە زێدی خۆیان ئاوارەبوون و لە خێمەکاندا دەژین.
٢- ئەو تاوان و کۆمەڵکوژییانەی لە ناوچەکانی تری سوریا ئەنجام دەدرێن ترسێکی زۆر لای گەلانی سوریا دروست کردووە. بۆیە بەردەوامیی ئەم دۆخە دەبێتە هۆی شەڕی ناوخۆی و مەترسی لەسەر داهاتووی سوریا دەبێت. بۆیە دەستەبەرکردنی ئاسایش و پاراستنی هاووڵاتیان ئەرکی حکومەتی دیمەشقە و پێویستە لە زووترین کاتدا ڕێوشوێنی پێویست بگیرێتەبەر.
٣- کۆنگرەی دیالۆگی نیشتمانی کە لە ئایندەیەکی نزیکدا دەبەسترێت، دەبێت ڕەنگدانەوەی ئیرادەی هەموو گەلانی سوریا بێت و هیچ پێکهاتەیەکی کۆمەڵگای سوریا پشت گوێ نەخرێت. بەو پێیەی نوێنەرایەتی دادپەروەرانەی ڕێکخراوە سیاسی، کۆمەڵایەتی، نەتەوەیی، ئایینی و کولتوورییەکان پێویستە بۆ بەدیهێنانی پەیماننامەیەکی کۆمەڵایەتی هاوبەش بێت.
٤- ژنانی سوریا پێشەنگایەتی شۆڕشیان کرد، قوربانییەکی زۆریان دا، بۆ بەرگریکردن لە وڵاتەکەیان شەڕیان کرد، ئاوارە بوون و لە قۆناغەکانی کۆتاییدا ڕووبەڕووی کارەسات بوونەوە. بۆیە بەشداری ژنان لە کۆنگرەی دیالۆگی نیشتمانیدا، پێویستە دادپەروەرانە و یەکسان بێت لەگەڵ پیاوان، کە نوێنەرایەتی لەسەدا ٥٠ی دانیشتوانی سوریا دەکات بۆیە بە ڕێژەی لەسەدا ٥٠ دەبێت بەشداری کۆبوونەوەی نیشتمانی بێت.
٥- گەنجان وەک بنەڕەتی وڵاتەکەمانن. ئەم چینەی کۆمەڵگا لەم ساڵانەی دواییدا زۆرترین بەدیلی داوە. بۆیە ئەوان دەبێت لە داهاتووی سوریادا قسەی کۆتاییان هەبێت. بۆیە بەشداری بزووتنەوەکانی گەنجان و پێکهاتنی نوێنەرایەتییەکی دادپەروەرانە بۆ گەنجان بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانی گەنجان لە سوریای داهاتوودا زۆر گرنگە.
٦- لەسەر ئەم بنەمایە پێمان وایە پێویستە لیژنەیەکی ئامادەکاری بۆ کۆنگرەی دیالۆگی نیشتمانی دابمەزرێت کە نوێنەرایەتی هەموو ئەو هێزانە بکات کە لە سەرەوە ئاماژەیان پێکراوە. بۆ ئەوەی لەسەر ئامادەکردنی بابەتەکانی کۆنگرە و نەخشە ڕێگە داڕێژنەوە.
ئێمە وەک مەجلیسی دیمۆکراتیکی گەلانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، ئامادەین، بە پشتبەستن بە ئەزموونی خۆمان، بۆ هاوکاری لەگەڵ هەموو لانە نیشتمانیەکانی سوریا و بەشداری لە وتووێژ و بنیاتنانەوەدا. چونکە ئەزموونی خۆبەڕێوەبەری سەرەڕای هەموو کەموکوڕی و هەڵەکانی، پێشەنگایەتی هەموو لایەنەکان دەکات و ئەزموونێکی زۆر سەرکەوتووە.
لەسەر ئەم بنەمایە بە گەلەکەمان ڕادەگەیەنین کە ئەو بەرپرسیارێتیانەی لە پێناو بەدیهێنانی سەقامگیری، ئاشتی، ئازادی، دادپەروەری و دیموکراسی بۆ گەیشتن بە دەستورێکی دیموکراتیکی نیشتمانی دەکەوێتە سەر شانی ئێمە، بەبێ جیاوازی لە پێناو هەموو گەلانی سوریا بە ئەنجامی دەگەیەنین.
هەروەها داوا لە هەموو لایەنەکانی سوریا دەکەین هاوکاری و هەماهەنگیان هەبێت بۆ ئەوەی بتوانین وڵاتەکەمان بەرەو ئاسایش و ئارامی ببەین.
لە کۆتاییدا ئێمە قارەمانێتیی هێزەکانی (قەسەدە) و یەپەژە لەبیر ناکەین و سڵاو لە بەرخۆدانی مێژووییان لە پاراستنی خاکی سوریا دەکەین بەرامبەر هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک و چەتەکانی.